ڕابوونی کورد
(ڕێنێسانسی کورد)
فارین ئەفەیرز/هێنری جەی بارکی
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
بەشی دووهەم و کۆتایی
کوردەکان لە ماوەی سەدەی بیستەمدا بۆ وەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەریی کولتووری و سەربەخۆیی ڕێژەیی بەرامبەر بە دەوڵەتە ناوەندییەکان جووڵانەوەیان وەڕێخست. نزیکەی ١٠٠ ساڵ، سەرهەڵدان و بەرخۆدان بەشێک لە ژیانی ئاسایی کوردان بووە. ئێستا، لەگەڵ ئەوەی کە کوردەکان ئەزموونی دەوڵەتدارییان وەدەست هێناوە، ئەوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە؛ نەتەنیا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڵکوو لە زۆربەی شارەوانییەکانی سووریە و تورکیە. ئەوە، بە نۆبەی خۆی، بۆتە هۆی تەشەنەسەندنی یەکگرتوویی کورد بۆ ئەودیوی سنوورەکان.
تا ئێستا، ئەزموونی دەسەڵاتی کوردی پڕ بووە لە گیروگرفت. بۆ وێنە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خەریکە ببێتە دەوڵەتی نەوت کە بەستراوەتەوە بە فرۆشی نەوت و گیرۆدەی کۆمەڵێک دیاردەی ناسروشتیی سیاسی و ئیداری بووە. باڵی سیاسیی یەپەگە، پارتی یەکیەتیی دێموکراتیک [پەیەدە]، توانیویەتی بە شێوەیەکی کاریگەر خزمەتگوزاریی پێشکەشی ئەو ناوچانەی سووریە بکا کە لە کۆنتڕۆڵی دان، بەڵام ئەویش حکوومەتی تاک حیزبیی دروست کردوە.
لە تورکیە ئەگەرچی نوێنەرانی حیزبی ژێر کونتڕۆڵی کوردان، پارتی دێموکراتیکی گەل (هەدەپە) توانی لە هەڵبژاردنی ناوچەیی مانگی مارسی ٢٠١٤دا شارەوانیی ١٠٢ شار بباتەوە، بەڵام ئەردۆغان تا ئێستا ٩٤ لەوانی لەسەر کار لابردوون. ئەو بەڵێنی داوە کە لە هەڵبژاردنی داهاتووی شارەوانییەکان لە مانگی مارسی ئەمساڵدا بەهەمان شێوە ڕەفتار بکا. سەرکەوتنی زیاتری هەدەپە لەوانەیە ئەردۆغان هان بدا کە لە ڕێگای دادگای یاسای بنەڕەتییەوە ئەو حیزبە هەڵوەشێنێ، وەک چۆن ژێنڕاڵەکانی تورک ئەو کارەیان لەگەڵ حیزبەکانی پێش هەدەپە کرد.
ئەگەرچی حوکمڕانیی کورد نەبۆتە سەرکەوتنێکی تۆخ، بەڵام یارمەتیدەری زمان و کولتووری کوردی لە سەرانسەری ناوچەکە بووە. ئەوە بەتایبەتی لە کوردستانی عێراق بەرچاوە، کە دامەزراوە کوردییەکانی خۆی بووژاندۆتەوە، لە نێویاندا قوتابخانە و ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندن. سەرەڕای ئالنگاری وەک دوو زاراوەی کوردیی بەتەواو لێک جیاواز، کە تەقریبەن لەگەڵ هێڵی جیاکەرەوەی سیاسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەکە، کرمانجی لەو شوێنانە قسەی پێ دەکرێ کە لەژێر دەسەڵاتی پارتی دێموکراتی کوردستانە، لە کاتێکدا کە سۆرانی لەو ناوچانە قسەی پێ دەکرێ کە لەژێر دەسەڵاتی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژینگەیەکی دەوڵەمەندی کولتووری کوردی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیی دامەزراندووە. ئێستا سەدان کاناڵی تەلەفزیۆنیی کوردی، ماڵپەڕ، ئاژانسی هەواڵنێری و بەرهەمی کولتووریی دیکە وەک ڕۆمان و فیلم هەیە و، لە سووریە شوێنێک کە دیمەشق دەیان ساڵ بوو تەنانەت خوێندن بە زمانی کوردیی یاساغ کردبوو، پەیەدە بەفەرمی پەروەردە و فێرکردن بە کوردیی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا دەست پێکردووە. دوای نیزیکەی سەدەیەک هەوڵی بێوچان بۆ تواندنەوەی زمان و کولتووری کوردی، ئێستا دەوڵەتە ناوەندییەکان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە شەڕەکەیان دۆڕاندووە.
بەرخۆدانی زمانی کوردی لە عێراق بە نۆبەی خۆی بۆتە هۆی هەست بەخۆکردن لە سۆسیال مێدیای ئەوبەری سنوورەکان و هەروەها لە کۆمەڵگەکانی تاراوگەدا. کوردی تاراوگە بەتایبەتی لە ئورووپا بەهێزن، کە لە ماوەی ٦٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە یەک میلیۆن کورد کۆچیان کردووە بۆ ئەوێ، لە سەرەتادا وەک کرێکاری میوان و پاشان وەک پەنابەر کە لە چنگ سەرکوت ڕایان کردووە. بەهۆی ئازادیی ڕێکخستن و هاریکاری لەگەڵ تاقمەکانی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی، کوردەکانی ئورووپا لە ڕاکێشانی وشیاریی جەماوەر لەبارەی پرسی کورد و زەخت خستنە سەر دەوڵەتەکانی ئاڵمان، فەڕانسە و هۆلەند و، هەروەها یەکیەتیی ئورووپا، بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسەتیان بەرامبەر بە ئێران، عێراق، سووریە و تورکیەدا دەوریان هەبووە. لەو بارەوە، گەشە کردنی سۆسیال مێدیای کوردی یامەتیدەریان بووە.
گەشەکردنی زمانی کوردی تەنانەت گەیشتۆتە ئێران و تورکیەش، شوێنێک کە کوردەکان دەسەڵاتیکی کەمیان هەیە. لە ماوەی کرانەوەی کەشی کولتووریی کوردان لە لایەن ئەردۆغانەوە لە ٢٠٠٩ تا ٢٠١٤، دامەزراوەی زمانی کوردی، بڵاوکراوە و قوتابخانەی تایبەتی گەشەیان کرد. ئەو خۆشییە زۆری پێ نەچوو و لە کۆتایی ٢٠١٧، نیزیکەی گشت ئەوانە لە لایەن ئانکاراوە لەنێو چوون، تەنانەت هەتا ئەو جێیە چووە پێش کە بە شێوەی سیستماتیک تابڵۆ کوردییەکان، تابڵۆی ترافیک و هەروەها تابڵۆکانی قوتابخانە و بیناکانی شارەوانی؛ هێنرانە خوار. بەڵام هەموو شتێک نەگەڕاوە سەر دۆخی ڕابردوو، هەندێک زانکۆی تورکیە ئێستاش ئیزنی خوێندنی زمانی کوردی دەدەن و دەوڵەتی تورکیە کاناڵێکی تەلەفزیۆنیی کردۆتەوە کە بەرنامەکانی بە زمانی کوردییە. لە هەمان کاتدا لە ئێران، لە ٢٠١٥ بەولاوە، ڕێگا بە قوتابخانەی خوێندنی باڵا و زانکۆکان دراوە تا کلاسی زمانی کوردی لەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن بکەنەوە.
دروستکردنی نەتەوەیەک
شلبوونەوەی سنوورە فیزیکییەکان لەنێوان کوردەکاندا، دامەزرانی بەڕێوەبەرایەتیی کوردیی وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی بەهێز لە تاراوگە (بە تایبەتی لە ئورووپا) و، گەشەکردنی سوسیال مێدیای کوردی و بەرهەمی کولتووری، بەسەر یەکەوە بوونە هۆی بەهێز بوونی پێناسەی پان_کوردی. ئەمڕۆ کوردەکانی ئێران، عێراق، سووریە، تورکیە و ئەوانی تاراوگە هەموو خەریکی گفتوگۆی هاوبەشن. ئەوان یەکگرتوو نین بەڵام ڕۆژانی توندوتیژیی سیاسیی کورد لەگەڵ کورد، کە لە نەوەدەکاندا باو بوو، تێپەڕ بووە، تا ڕادەیەکی زۆر لەبەر ئەوەی کە ویستی جەماوەری بەرگەی ئەوە ناگرێ. کوردەکان سەرجەم پێناسەکانی نەتەوەیەکیان وەدەست هێناوە، جگە لە سەربەخۆیی.
ئەو یەکگرتووییە تازەیە لە سەرهەڵدانی هێزە سەربازییە پان_کوردییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. کوردی تورکیە شانبەشانی یەپەگە لە سووریە شەڕیان کردوە، هەروەک چۆن کوردی سووریە و تورکیە لەنێو هێزە سەربازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ئاوێتە بوون. کوردەکانی تاراوگە بە هەمان شێوە خۆبەخشانە جەنگاون، بەتایبەتی لەنێو یەپەگەدا. یەکینەکانی سەربازیی پەکەکە لە عێراق، تورکیە و سووریە هەن و لە ٢٠٠٤ تاقمێکی لایەنگریان لە ئێران دروست کرد. کاڵبوونەوەی سنوورەکانی نێوان کوردان بە شێوەیەکی بەرچاو دوای سەرکەوتنەکانی داعش لە عێراق و سووریە لە هاوینی ٢٠١٤، کە کوردەکانی لە هەردوو وڵات لە مەترسی هاویشت و یارمەتی بە هاوپەیوەندیی نێوان کوردەکان کرد، پەرەی ئەستاند. کاتێک کە تووشی مەترسیی مان و نەمان بوونەوە، کوردەکان پرشوبڵاویی سیاسییان وەلا نا و؛ یەکگرتوو دەرکەوتن. هەرچی زۆرتر بەو شێوەیە دەجووڵێنەوە، زۆرتر سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناڤین دادەڕێژنەوە.
لە وڵاتانی عێراق و سووریەدا لاوازیی دەوڵەتانی ناوەندی، دەرفەتی خۆبەڕێوەبەرییەک بۆ کوردەکان دەستەبەر دەکەن کە هێشتا بۆ کوردانی ئێران و تورکیە نەهاتوونە پێش. ئەو پڕۆسەیە لە عێراق زۆرتر چۆتە پێش، کە لەوێ خۆبەڕێوەبەریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یاسای بنەڕەتیدا پارێزراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا ناسکە، هەروەک لە کاردانەوە کارەساتبارەکەی بەغدا بەرامبەر بە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە ٢٠١٧ دیتمان. لە سووریە، کوردەکان لەوانەیە دەرفەتی ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئەسەدیان هەبێ کە خۆبەڕێوەبەریی ڕێژەیی ناوچەییان بۆ دەستەبەر بکا. هێشتا ئاکامێکی ئەوتۆ هیچ گارانتییەکی نییە، بەڵام، کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لەو وڵاتە دەبێتە هۆی ئەوە کە کوردەکان بۆ بەزەیی دیمەشق و ئانکارا جێ بمێنێ. ئەگەر واش بێ، هەر هەڵمەتێکی ئانکارا یا دیمەشق بۆ لەنێو بردنی یەپەگە، هەر چەند خوێناویش بێ، دەبێتە هۆی کاردانەوەیەکی جیدی لە لایەن کوردان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هیچ شتێک بەقەد دەرهەڵبوونەوەی داوود دژی گولیات [مەبەست بەرخۆدانی لایەنێکی لاواز دژی زۆردارێکی مەزنە] نابێتە هۆی دروستکردنی هەستی نەتەوەیی.
لە تورکیە کوردەکان لە دە ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای خراپتربوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی، بەرەوپێش چوونێکی زۆریان تۆمار کردوە. هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ تەگەرە خستنەسەر ڕێگای سەرکەوتنی هەدەپە لە هەڵبژاردن، بە دەستبەسەرکردنی کاندیداکان، داخستنی میدیاکان و، ئەزیەت کردنی دەنگدەرانی کورد، پێشی بەو حیزبە نەگرتووە کە لە هەڵبژاردنە یەک لە دوای یەکەکاندا بێتە نێو پارلمانی تورکیە. (گەلێک لە سیاسەتوانانی هەدەپە، لە نێویاندا ڕێبەری حیزب، سەلاحەدین دەمیرتاش هەر ئێستا لە زیندانن). یاسای بنەڕەتیی نوێی تورکیە، کە لە ڕێفراندۆمی ئاپریلی ٢٠١٧ پەسەند کرا، تورکیەی بۆ سیستمی سەرۆک کۆماری گۆڕیوە و پارلمانی خەساندووە، کەوابوو دەسەڵاتی هەدەپە؛ سەرەڕای ڕێژەی زۆری ئەندامانی تا ڕادەیەکی زۆر سنووردارە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ڕاستییە کە ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنەکانی ژووەنی ٢٠١٨، دوای حیزبی فەرمانڕەوا و حیزبی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن سێهەم هاتەوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پرسی کورد لە سیاسەتی تورکیەدا بە دامەزراوەیی کراوە. سەرکەوتنی هەدەپە پاڵنەرێک دەبێ بۆ ورووژاندنی کۆمەڵگەی مەدەنی کورد و، وردە وردە دەبێتە هۆی گەشە کردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوانی دیکە لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیەدا و، پەرە ئەستاندنی ڕێکخراوە کوردییەکان لە ئورووپا لەوانەیە یارمەتی بکا؛ بۆوەی ئورووپا هەڵوێستی بەرامبەر بە تورکیە بۆ ئاراستەی لایەنگریی زۆرتر لە کوردان بگۆڕێ. ئەوە کوردەکانی تورکیەن کە ئەگەرچی بەسەر باڵی سەربازیی (پەکەکە) و باڵی سیاسیی (هەدەپە)دا دابەش بوون، باشترین پێگەیان بۆ ڕێبەرایەتیکردنی کوردان لە ناوچەکەدا هەیە. هۆیەکەی ئەوەیە کە ئەوان، بە پێچەوانەی کۆمەڵگەکانی کوردیی دیکە، بەشێکن لە وڵاتێک کە لە نێو دامەزراوە ڕۆژئاواییەکاندا هەڵکەوتووە. تەنانەت ئەگەر ئاکاری تورکیە
لەگەڵ نۆرمەکانی ڕۆژئاوا جیاوازە، کوردانی
تورکیە سوودیان لە کەوتنە ژێر کاریگەریی بەها و پرەنسیپە ڕۆژئاواییەکان وەرگرتووە.
دۆخی کوردەکانی ئێران، بەهۆی گرژیی پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ دونیای دەرەوە و سروشتی پڕنهێنیی خودی ڕێژیم، لە هەمووان ناڕوونترە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕووداوەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان کاریگەریی لەسەر ڕووداوەکانی ناوچە کوردییەکانی ئێران دەبێ. ئێران هەمیشە سیاسەتێکی فرەلایەنی بەرامبەر بە کوردان ڕەچاو کردووە. لەنێوخۆ، سەرکوتی کردوون، بۆ نموونە لە ڕێگای سەپاندنی حوکمی ئێعدام بە شێوەیەکی بەربڵاو بەسەر چالاکاندا. لە هەمان کاتدا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک داڕشتووە کە توانیویەتی سەرکەوتووانە لایەنە کوردە ئێرانییەکانی نیشتەجێ لەوێ کۆنتڕۆڵ بکا. لەگەڵ ئەوەشدا، هاوکات کە ئێران لە ناوچەکەدا خۆی لەژێر فشار دەبینێ، ڕێبەرانی ئێران نیگەرانی سەقامگیریی ڕێژیمەکەیان و خراپتر بوونی ئابووریی وڵاتن، دەوڵەتی ناوەندی لەوانەیە کوردەکان وەک هەڕەشەیەکی مەزنتر سەیر بکا. کوردەکانی ئێران ئەزموونێکی کەمیان لە خۆبەڕێوەبەریدا هەیە و، دەیان ساڵە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکدا دەژین کە خۆ لە هەموو کەلێن و قوژبنەکانی ژیانی ڕۆژانەیان وەردەدا. بەڵام ئێران، هەر وەک سووریە، دەوڵەتێکی لەرزۆکە. ئاڵوگۆڕ لە ناوەندەوە دەست پێدەکا. هەرچی شوناسی پان_کوردی و باوەڕبەخۆبوون بەهێزتر بێ، زۆرتر وێدەچێ کە کوردەکانی ئێران ئامادەی ناسەقامگیری لە تاران بن.
لە کۆتاییدا، وڵاتە یەکگرتووەکان تاقە گرینگترین ئەکتەرێک دەمێنێتەوە کە داهاتووی کوردان دیاری دەکا، بەتایبەتی لە عێراق و سووریە. لەوانەیە ترامپ هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ یەپەگە کۆتایی پێ بێنێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کوردەکانی سووریە سوود لە پەیوەندییەکە وەردەگرن، چونکە پێشووتر لە لایەن خاوەن هێزەکانی دەرەوە وەک ناگرینگترین حەشیمەتی کورد لە ناوچەدا سەیر دەکران. ئێستا ئەوان لەسەر نەخشەن: چەند کاتژمێر دوای ئەوەی کە ترامپ ڕایگەیاند کە وڵاتە یەکگرتووەکان لە سووریە دەکشێتەوە، وتەبێژێکی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەڕانسە ئیدیعای کرد کە فەڕانسە «ئاسایشی کوردەکانی سووریە مسۆگەر دەکا». لەگەڵ ئەوەشدا هەڵوێستی واشینگتۆن کوردەکانی سووریە ناچار دەکا کە پێشتر لە کاتی دیاریکراودا و لە دۆخێکی لاوازتردا وتووێژ لەگەڵ دیمەشق بکەن. لەوەش بەولاوە، پاشەکشەی تەوای وڵاتە یەکگرتووەکان، دەتوانێ ببێتە هۆی تێکچوونی باڵانس لە نێوان خاوەن هێزەکانی سووریەدا، کە ئاکامەکەی بۆ کوردان کارەساتبار دەبێ.
کاربەدەستانی وڵاتە یەکگرتووەکان، لە نێویاندا وەزیری کاروباری دەرەوە و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، جان بۆڵتۆن، کە نیگەرانی ئەو کاردانەوانە بوون، هەڕەشەیان لە تورکیە کردوە کە لە باکووری سووریە دژی کوردان دەستێوەردان نەکا. وڵاتە یەکگرتووەکان کە تووشی گرێپوچکەی بێکۆتایی پرسی کورد لە ڕۆهەڵاتی نێوەڕاست بووە، هەست دەکا کە خۆدەربازکردن لێی دژوارە. واشینگتۆن دەبێ گشت توانایی باوەڕپێهێنانی خۆی لەکار بکا تا دڵنیا بێ کە کوردەکان لە لایەن ئانکارا، دیمەشق و دەسەڵاتە ناوچەییەکانی دیکەوە تێک نەشکێ. ئەوە، بە نۆبەی خۆی، ئاستێک لە هاوتەریبیی بەرژەوەندی و سیاسەت دەخوازێ، کە پێشووتر لە بەڕێوەبەریی ترامپدا نەبینراوە. بەڵام لەبەر ئەوەی کە وڵاتە یەکگرتوەکان دێموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی کەمینەکانی بۆ گرینگە، دەبێ پشتیوانی لە کوردەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە چوارچێوەی دەوڵەت_نەتەوەکانی مەوجووددا بکا. تەنانەت ئەگەر ترامپ نەشیهەوێ سەرمایەی سیاسیی پێویست بۆ پشتگیریی کوردەکان تەرخان بکا، ناوەندی خاوەن هێز و نفووزی ئەوتۆ لە وڵاتە یەکگرتووەکاندا هەن، وەک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی؛ کە دەتوانن ئەو کارە بکەن.
بەڵام لە داهاتووی نیزیکدا هەر شتێک ڕوو بدا، گەڕانەوە بۆ دۆخی چەند دەیە لەوەپێش، بەر لە دەستێوەردانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەدا کە کوردەکانی بە شێوەیەکی بنەڕەتی هێنایە سەر ڕێبازێکی نوێ؛ مەحاڵە. سەرەڕای نسکۆ یەک لەدوای یەکەکان، سەرکوتی بێپسانەوە و، سەدەیەک نەبوونی کیانی سەربەخۆ، کوردەکان لە کۆتاییدا وەک گەلێکی یەکگرتوو سەریان هەڵداوە. دەوڵەتی کورد لەوانەیە زۆری مابێ، بەڵام ئەگەر دامەزرێ، خەڵکی هەیە کە ببێتە حەشیمەتی ئەوێ.