له سیسڕۆوه تا سیسته‌می وه‌لایی
(کورته‌مێژوو و نه‌خشی تێرۆریزم له ده‌سه‌ڵاته سه‌ره‌ڕۆکان)
نووسینی: ئازاد شنۆیی
ڕەحمان سەلیمی لە فارسیڕا کردوویەتییە کوردی
سیسڕۆ (وتاربێژ و سیاسه‌تمه‌داری ڕومی له سه‌ده‌ی یه‌کی پێش زایین) کوشتنی ئه‌و که‌سانه‌ی که ناوی لێنابوون هه‌یوولا به ده‌مامکی مرۆڤ، به بڕینی ئه‌ندامی له‌کارکه‌وتووی له‌شی ده‌شوبهاندن که پێش به بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و ڕزان له ته‌واوی له‌شی مرۆڤه‌کان یان کۆمه‌ڵگە ده‌گرن.
ده‌توانین ئه‌و بۆچوونه وه‌ک یه‌که‌م ده‌ربڕینی ئاشکراو لێبڕاو له‌لایه‌ن فیلسوف و وتاربێژێکهوه ببینین به مه‌به‌ستی پاساوهێنانه‌وه بۆ له‌نێو بردنی دژبه‌ران، که به‌درێژایی مێژوو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدار و ڕابه‌رانی سیاسی و ئایینی بۆ مه‌به‌ستی پته‌وکردنی بناغه‌کانی ده‌سه‌ڵات و په‌ره‌دان به ئیدئۆلۆژیی تایبه‌ت، به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه.
له سه‌رده‌می سه‌ره‌تای ئیسلامدا ژماره‌یه‌کی زۆر له دژبه‌ران و شاعیران وه‌ک “سلام ابن ابی حقیق” و “عصما بنت مروان” و “ابو عفک” و … له لایه‌ن موجاهیدانی ئیسلامه‌وه کوژران.
له زمانی ئینگلیسی‌دا ده‌سته‌واژه‌یه‌ک که بۆ ئه‌و شێوازه به‌کار هاتوه “assassin”ه که له وشه‌ی “حشاشین” وه‌رگیراوه، واته فیداییه‌کانی حه‌سه‌نی سه‌باح، ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئیسماعیلیه له ئێران، و یه‌که‌م جار له شانۆنامه‌ی “مه‌کبێس”ی شێکسپیردا به‌کار هاتوه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ناونانه به‌و هۆکاره‌ی که ئه‌و که‌سانه پێش به‌ڕێوه‌بردنی کاره‌که حه‌شیشیان پێدراوه تا ده‌ست به سه‌ر ڕوحیاندا بگرن و به‌هه‌شت و خۆشییه‌کانی بخه‌نه مێشکیانه‌وه، دووره له ڕاستی و زیاتر له ئه‌فسانه‌کانی مارکۆپۆلۆ و سهلیبییهکان وه‌رگیراوه. “خواجه نظام الملک” وه‌زیری به‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌می سه‌لجووقیه‌کان و دانه‌ری “سیاسه‌ت نامه” له به‌ناوبانگترین قوربانییه‌کانی فیدائیانی ئیسماعیلیهیه.
ده‌سته‌واژه‌یه‌ک که ئێستا باوه بریتییه له “تێرۆر”، به واتای “بڵاوکردنه‌وه‌ی ترس” دێ له زمانی فه‌ڕانسه‌ویدا و له سه‌رده‌می شۆڕشی فه‌ڕانسه له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م بۆ له‌نێو بردنی “ژیرۆندن”ه‌کان له لایه‌ن “ژاکۆبن”ه توندڕۆ‌کان هاته نێو ئه‌ده‌بیاتی سیاسییه‌وه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا به ئامانجی سیاسی و ئیدئۆلۆژیکی ژماره‌یه‌کی زۆر له که‌سایه‌تیی به‌ناوبانگ بوونه قوربانیی تیرۆریزم. بۆ وێنه ئابراهام لینکۆڵن، سیمبۆلی خه‌بات دژی هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی که یاسای ئازادیی کۆیله‌کانی ئیمزا کرد، له‌لایه‌ن سپی پێستێکی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌سته‌وه به ناوی “جان ویکلس بوس” کوژرا. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ک سه‌رۆککۆماری وه‌ک گارفیلد، مه‌ک کینلی و جان ئێف کێنێدی له ئامریکا، ئه‌نوه‌ر سادات له میسر، بینه‌زیر بۆتۆ له پاکستان، گاندی له هیند و مارتین لۆتێرکینگ له ئه‌مریکا بوونه‌ته قوربانیی تیرۆر.
له بنه‌ڕه‌تدا تیرۆر و تیرۆریزم له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و سیسته‌مه دیکتاتۆر و تۆتالیتێرانهیه که هه‌وڵ ده‌دەن ته‌نانه‌ت نزمترین ده‌نگه ناڕازییه‌کانیش بخنکێنن.
لایه‌نی جێبه‌جێکاری ئه‌و پاکسازییانه له سیسته‌مه سهرهڕۆکاندا بریتیه له ڕێکخراوگه‌لی ئه‌منیه‌تی و ئیتلاعاتی که ده‌توانین دامه‌زراوه‌ی “بایستار” (یان چکا) که له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م له لایه‌ن لێنینه‌وه دامه‌زرا به یه‌که‌مین ئه‌و دامه‌زراوانه دابنێین که له سه‌رده‌می لێنین و به تایبه‌ت له سه‌رده‌می ستالین به شێوه‌یه‌کی پلانمه‌ند که‌ڵکیان له تێرۆر وه‌رگرتووه.
هه‌ر چه‌ند ئه‌و دامه‌زراوانه ته‌نیا تایبه‌ت نه‌بوون و نین به سیسته‌مگه‌لی وه‌ک یه‌کیەتیی سۆڤییه‌ت، به هه‌مان شێوه ڕێکخراوی “سیا” له ئه‌مریکا زۆر جاران بۆ به‌ره‌و پێشبردنی ئامانجه‌کانیان په‌نایان بۆ تێرۆر بردووە.
به گشتی تیرۆریزم هه‌م له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تان و ڕێکخراوگه‌لی گه‌وره‌ی سیاسی سوودی لێ وه‌رگیراوه و هه‌م له‌لایه‌ن پارت و گرووپه ئیدئۆلۆژیکه‌کانی وه‌ک فیداییانی ئیسلام به ڕابه‌رایه‌تیی نه‌وابی سه‌فه‌وی، که ئه‌حمه‌دی که‌سره‌وی لێکۆڵه‌ری مێژوویی و ڕهزمارای سیاسه‌تمه‌داریان تیرۆر کرد و هه‌روه‌ها ئه‌نوه‌ر سادات له‌لایه‌ن خالید ئیسلامبوڵی تیرۆر کرا که ئه‌ندامی ڕێکخراوی جه‌هادی ئیسلامی بوو.
به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له مێژووی ئێران‌دا له سه‌رده‌می ڕه‌زا شا تا شۆڕشی 57، به‌رده‌وام شایه‌دی سڕینه‌وه‌ی چالاکان و ڕۆژنامه‌نووسان و شاعیرانی ناڕازی و سیاسی ده‌بین، که‌سانێکی وه‌ک ته‌قی ئه‌رانی، میرزادەی عیشقی، ته‌یمورتاش، فه‌ڕوخی یه‌زدی، ڕه‌زمارا، ته‌یمور به‌ختیار، حه‌سه‌نعه‌لی مه‌نسوور و …
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ڕوونه تا ئێستا هیچ وڵات، حیزب یان ڕێکخراوێک له مێژوودا نه‌یتوانیوه خۆ له قه‌ره‌ی کۆماری ئیسلامیی بدا له په‌نابردن بۆ تیرۆر و که‌ڵکوه‌رگرتن له تیرۆریزم. ئه‌و سیسته‌مه به‌و هۆیه‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له سه‌ر بنه‌مای درۆ و فێڵ و ته‌ڵه‌که ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرت و به کوشتار و سه‌رکوت حکومه‌تی کرد، مانه‌وه و پته‌وکردنی پایه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی له تیرۆردا دیتۆته‌وه و له‌و پێناوه‌دا ده‌ستی له خۆیی و ناخۆیی نه‌پاراستووه.
ده‌یه‌ی شه‌ست و حه‌فتا خوێناوی‌ترین و ترسناکترین ده‌ورانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته خوێنمژه‌یه. سه‌ره‌ڕای کوشتار و ئیعدامی به‌کۆمه‌ڵ، ده‌ستدرێژی و ئەشکهنجهی زیندانییان، هه‌روه‌ها که‌سایه‌تی و ڕێبه‌رانی ناسراویان له نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات تیرۆر کرد. دوکتور عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملوو، شاپووری به‌ختیار، فه‌ره‌یدونی فه‌ڕوخزاد، دوکتور سادق شه‌ڕه‌فکه‌ندی و … له قوربانییه‌کانی قه‌تڵه سیاسی و یه‌ک به دوای یه‌که‌کاندا بوون.
به‌ڵام ئه‌و جینایه‌تانه له نێوخۆش درێژه‌ی هه‌بوو. ته‌نیا له ساڵی 1377 جگه له په‌روانه ئه‌سکه‌نده‌ری و داریووش فرووهه‌ر ئه‌ندامانی حیزبی میلله‌ت، نووسه‌رانی وه‌ک محه‌ممه‌دجه‌عفه‌ر پوویه‌نده و محه‌ممه‌د موختاریش تێرۆر کران و هه‌روه‌ها مه‌عسوومه موسه‌دیق، نه‌وه‌ی دوکتور محه‌ممه‌دی موسه‌دیق که تازه گه‌ڕابۆوه ئێران، تێرۆر کرا. کاره‌ساتبارتر ئه‌وه‌یه که له هیندێک حاڵه‌تدا کۆماری ئیسلامی ته‌نیا به کوشتنی قوربانییان ناوه‌ستێ، به‌ڵکوو “ئەنجن ئەنجن”یان ده‌کا تا ترس و دڵه‌ڕاوکێ بخاته دڵی دژبه‌ره‌کانییه‌وه. (“لینچ” کردن (ئەنجن ئەنجن کردن) له نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی نۆزده له‌لایه‌ن گرووپی “کۆکلاس کلان”ه‌کانه‌وه که سپی پێستانی ڕه‌گه‌زپه‌رست بوون و به‌رامبه‌ر ڕه‌ش پێستان، به‌کاریان دێنا و ئه‌ندامانی له‌شیان ده‌بڕین و ته‌رمه‌کانیان تیکه تیکه ده‌کردن). کۆماری ئیسلامیش هەر هەمان شتی کرد له‌گه‌ڵ فه‌ره‌یدوون فه‌ڕوخزاد و لووت و گوێیان بڕیبوو. مه‌مکه‌کانی په‌روانه ئهسکهندهریشیان بڕیبوو. ته‌رمی زه‌بیحوڵڵا به‌دیعی (گۆرانیبێژ و مه‌داح) تیکه تیکه کرابوو. ئه‌و سیاسه‌ته ئێستاش له سیسته‌می ویلایه‌تی فه‌قیهی ئێران‌دا به‌رده‌وامه. دیاره له کۆتاییه‌کانی ده‌یه‌ی حه‌فتاوه ده‌سه‌ڵات تا ڕاده‌یه‌ک گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، به‌ڵام دیسانه‌وه ده‌ستی داوه‌ته‌وه هه‌مان سیاسه‌تی کوشتن و په‌ره‌دان به ترس و دڵه‌ڕاوکێ. هه‌ڵبه‌ت پێویسته سه‌رنجی ئه‌وه بده‌ین که تێرۆره‌کانی ئێستای کۆماری ئیسلامی کۆمه‌ڵێک جیاوازیی له‌گه‌ڵ ده‌یه‌ی شه‌ست و حه‌فتا هه‌یه. ئه‌وکاته ئامانجی ڕێژیم له‌و جینایه‌تانه له‌لایه‌ک سڕینه‌وه‌ی دژبه‌ران له نێوخۆ و ده‌ره‌وه بوو، له‌لایه‌کی دیکه‌ش لاوازکردنی ورەی خه‌ڵکی ناڕازی له نێوخۆ. به‌ڵام تێرۆره‌کانی ئێستای ڕێژیم سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئامانجانه، هۆکارگه‌لی دیکه‌شی له پشته.
کۆماری ئیسلامی له خراپترین دۆخی دیپلۆماسیی سیاسی له جیهان دایه و زۆرینه‌ی ڕای گشتیی جیهان دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت پشتگیریی لاوازی یه‌کیه‌تیی ئوڕووپا و موگرینیش به‌ره به‌ره ڕووی له که‌می داوه. که واته زۆر ئاساییه که ڕێژیمێک که له سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌ر کارییه‌وه ترس و تۆقانی له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه، له کاتی پێویستدا چ له نێوخۆ و چ له ده‌ره‌وه په‌نای بۆ ببا و ئه‌و په‌یامه به تایبه‌ت بگه‌یه‌نێته گوێی ئوڕووپاییه‌کان که ئه‌گه‌ر بێتوو داخوازییه‌کانی جێبه‌جێ نه‌کرێن ئه‌وا هه‌ر کاتێک بۆی بلوێ ته‌کوزی و ئه‌منیه‌تییان ده‌شێوێنێ. هه‌وڵی تێرۆری “حه‌بیب جه‌بر” له ڕێبه‌رانی عه‌ڕه‌بی دژبه‌ری کۆماری ئیسلامی له دانمارک، له‌و پێناوه دایه و هه‌ڵبه‌ت هۆکارێکی ده‌ره‌کیشی هه‌بووه.
به دوای هێرشی تێرۆریسته‌کان (به وته‌ی خۆیان) بۆ سه‌ر نمایشی سه‌ربازی له ئه‌هواز، که بوو به‌هۆی کوژرانی ژماره‌یه‌کی زۆر چه‌کداری ڕێژیم، به‌رپرسایه‌تیی ئه‌و هێرشه‌یان خسته ئه‌ستۆی عه‌ڕه‌به جیاییخوازهکانهوه. هه‌ر ئه‌وکات زۆرێک له پارت و چالاکانی سیاسی باسیان له‌وه کرد که له‌وانه‌یه ڕێژیم خۆی ده‌ستی له‌و کرده‌وه‌یه‌دا بووبێ. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، له هه‌وڵی تێرۆری یه‌کێک له ڕێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌لئه‌حوازیه ڕێژیم ده‌توانێ له‌لایه‌ک ڕای گشتیی خه‌ڵک له به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی ئاراسته بکا و وا بنوێنێ نه ته‌نیا ده‌ستی له سیناریۆی هێرشه‌که‌دا نه‌بووه به‌ڵکوو هه‌وڵی سزادانی ئه‌نجامده‌رانی ده‌دا و له‌لایه‌کی تره‌وه دژبه‌رانی خۆی له ده‌ره‌وه له‌نێو ببا.
له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی که به سه‌ر ئه‌و ڕووداوه تێپه‌ڕیوه تۆمه‌تی تێرۆر له دانماڕک له لایه‌ن به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامییه‌وه ڕه‌ت کراوه‌ته‌وه که هه‌ڵبه‌ت زۆر ئاساییه و له ماوه‌ی چوار ده‌یه ده‌سه‌ڵاتدارێتیی خۆیدا، ڕێژیم هه‌رگیز به‌رپرسایه‌تیی هیچکام له تێرۆره‌کانی وه‌ئه‌ستۆ نه‌گرتووه، هه‌ر چه‌ند ژماره‌یه‌ک له‌و تێرۆرانه وه‌ک تێرۆری میکۆنووس و ڤییه‌ن که له‌لایه‌ن دادگا و بیروڕای گشتییه‌وه سه‌لمێنراون. به هه‌ر حاڵ کۆماری ئیسلامی، پارت یان گرووپێکی وه‌ک داعیش نییه که له ئاست کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیدا وڵامده‌ر نه‌بێ و به ڕواڵه‌تیش که بووبێ پێویسته وه‌درۆیان بخاته‌وه.
خاڵێکی جێگای سه‌رنج ئه‌وه‌یه چالاکانی دژبه‌ری ڕێژیم که له‌ژێر ناوی ڕیفۆرمخواز خۆیان پێناسه ده‌که‌ن سیمای ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌رخستووه و سه‌لماندوویانه که به‌کرێگیراوی ئه‌و سیسته‌مه‌ن و له هه‌لومه‌رجی قه‌یراناویدا ئامانجیان ته‌نیا و ته‌نیا به‌رده‌وامیدان و پشتیوانی له‌و ڕێژیمه‌یه. له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی دواییدا به تایبه‌ت له کاناڵی بی بی سی که‌سانێک بانگهێشت کراون و لێدوانیان داوه که وێڕای وه‌درۆ خستنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌ته به ده‌سه‌ڵاتی ویلایه‌تی فه‌قیهـ، هه‌وڵیان داوه سیاسه‌ته‌کانی ڕێژیم به عه‌قڵانی وه‌سف بکه‌ن و دیپلۆماسیی ئێرانی له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا به سه‌رکه‌وتوو له قه‌ڵه‌م بده‌ن.
ئه‌وان ئیدیعا ده‌که‌ن که هه‌وڵی تێرۆر له خاکی ئوڕووپا هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی له دۆخێکی هه‌ستیار دایه ناعه‌قڵانییه و ده‌بێته هۆی مه‌رگی سیاسیی حاکمییه‌ت و هه‌ر بۆیه ئه‌و هه‌نگاوانه پیلانی ئیسڕائیل و ئه‌مریکایه به مه‌به‌ستی تێکدانی په‌یوه‌ندیی سالم و دۆستانه‌ی ئوڕووپا له‌گه‌ڵ ئێران.
ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه که کام سیاسه‌تی ئه‌و ڕێژیمه له‌و چوار ده‌یه‌یه‌دا عه‌قڵانی بووه، ئایا ئه‌گه‌ر عه‌قڵانی بووه بۆچی ئه‌و دۆخه قه‌یراناوییه سه‌ری هه‌ڵداوه؟ ئه‌و ڕێژیمه هه‌رگیز خاوه‌نی عه‌قڵانییه‌تی سیاسی چ له نێوخۆ و چ له ده‌ره‌وه نه‌بووه، به‌ڵکوو سه‌ره‌ڕۆیی و داخراویی سیاسی په‌ره پێداوه. هه‌ڵبه‌ت له‌وانه‌یه بۆ ئه‌و گرووپه له خه‌مخۆرانی ڕێژیم له ده‌ره‌وه ده‌سکه‌وتگه‌لێکی هه‌بووه بۆ حیسابه بانکییه‌کانیان، به‌ڵام چ کرانه‌وه‌یه‌ک له دۆخی وڵات پێکهاتووه، له کاتێکدا ئێران له هه‌موو بواره‌کاندا به‌ره‌و دواوه گه‌ڕاوه‌ته‌وه. خاڵێکی تر ئه‌وه‌ی که مه‌گه‌ر هه‌ر ئێستا هه‌مان ئه‌و سیسته‌مه عه‌قڵانییه چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر له وڵاتی فه‌ڕانسه‌ش هه‌وڵی هێرشی بۆ موجاهیدینی خه‌لقی نه‌دا که پێش جێبه‌جێکردنی تێرۆرکه ده‌سبه‌سه‌ر کران؟ یان هه‌ر له‌م ساڵدا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته عه‌قڵانییه له خاکی هه‌رێمی کوردستان چه‌ند جار هه‌وڵی تێرۆری ئه‌ندامانی حیزبی دێموکراتی داوه؟
ئه‌و ڕێژیمه هیچ چه‌شنه ڕه‌گه‌زی عه‌قڵانی تێدا نییه و ئه‌وه‌ی که ئیدیعا ده‌که‌ن که‌واته چۆنه کۆماری ئیسلامی چل ساڵه ده‌وامی هێناوه. ده‌کرێ بڵێین هه‌ر له‌و سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌دا تا ئێستا زۆرێک له سیسته‌مه دیکتاتۆر و سه‌ره‌ڕۆکان بوون و هه‌ن که ته‌نانه‌ت زیاتر له کۆماری ئیسلامی ته‌مه‌نیان کردووه و ئه‌وه‌ش هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به عه‌قڵانییه‌ت یان سه‌رکه‌وتنی ئه‌و ڕێژیمانه له په‌یوه‌ندیی دیپلۆماسیدا نییه، به‌ڵکوو به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و سیاسیی نێونه‌ته‌وه‌یی و وڵاتانی هاوبه‌ش گرینگ‌ترین هۆکاره له‌و به‌ستێنه‌دا.
مانه‌وه‌ی ئه‌و ڕێژیمه هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به عه‌قڵانییه‌ت نییه به‌ڵام له ڕاستیدا ته‌نانه‌ت هه‌م بۆ دژبه‌ران و هه‌م بۆ دۆستان و هاوپه‌یمانانی کۆتایی پێهاتووه و به‌و هۆیه‌وه ده‌ست بۆ هه‌موو کارێک ده‌با بۆ ئه‌وه‌ی ڕووخانی وه‌دوا بخا، به‌ڵام مێژوو له هیندێک وێستگه‌دا فریای کۆمه‌ڵانی ستهملێدراو ده‌که‌وێ.