واشینگتۆن پۆست_ جێنیفەر روبین
ئێمە لەگەڵ بڕیاری ترامپ بۆ کشانەوە لە بەرجام هاوڕا نەبووین، چونکە پێمان وابوو ئەمە بژاردەیەکی کردەنی نەبوو، کە جیابوونەوە لە هاوپەیمانەکانی نێو پێنج کۆ یەک زەرەری زۆرترە لە قازانج، و ئێمە دەتوانین بێ هاتنەدەر لە بەرجام بە هێنانە بەرباسی دەسەڵاتی نا ئەتۆمیی ئێران، بە ئامانجەکانمان بگەین. ئێستا پسپۆڕێکی سەربازی، کە لەلایەن زۆر لەو کەسانەی کە لایەنگری هاتنەدەر لە بەرجام بوون زۆر ڕێزی لێ دەگیرێ، هۆشداری دەدا کە، ئەگەر بەرێوەبەرایەتیی ترامپ، وەک لە قسەکانی وەزیری کاروباری دەرەوە، مایک پۆمپێئۆ دەر دەکەوێ، کە هەوڵی گۆڕانی بنەڕەتیی ڕێژیم دەدا، ستراتێژیی دروستی بۆ ئەم مەبەستە نییە.
فرێدریک دەبلیو کەیگان لە ئەنستیتۆی ئینتەرپرایزی ئامریکا دەنووسێ، بە پێچەوانەی یەکیەتیی سۆڤیەت، ئێران بەهۆی زەختی ئابووریی ڕۆژئاوا ناڕووخێ و دەست لە ئایدیۆلۆژییەکەی هەڵ ناگرێ:
«هەموو بەڵگەکان ئەمە ئاشکرا دەکەن کە ڕێبەری مەزن، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، مل نادا. ئەو کە ئەزموونی شەڕی خوێناویی ئێران_ عێراقی هەیە، لە چەندین بڕگەدا ئەمری بە هیزە چهکدارهکانی کردووە کە خەڵکی بکوژن، یەکێک لەو بڕگانە دوای ناڕەزایەتییەکانی پاش فێڵکردن لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ بوو…»
بەربڵاویی ئاسەوارەکانی سیاسەتەکانی خودی ڕێژیم، لە ناویاندا بڕیاری گەشەپێدانی جبەخانەی چەکی ئەتۆمی، بۆتە هۆی تەریککەوتنەوەی ئابووری کە هێندە زەرەری هەیە بۆیان کە لەوانەیە بۆ هەندێک ئێرانی نوێ بێ، بەڵام نیشانەکانی ئەو ڕاستییە ڕەنگبی شاراوە نەبن. تەنانەت ئەگەر چارەسەرکردنی گیروگرفتە ئابوورییەکانی ڕێژیم پێویست بە کەمکردنەوەی سەرکوتی هاووڵاتیان بکا، و لەوانەیە ئەم کارە نەکا، هیچ بەڵگەیەک لەبەر دەستدا نییە کە پێمان وابێ کەمکردنەوەیەکی ئەوتۆ شۆکێکی سیستەماتیکی وەها دروست بکا کە لە چەند ساڵدا بووە هۆی لێکهەڵوەشانی یەکیەتیی سۆڤیەت.
جگە لەمە کەیگان ئاماژە بەوە دەکا کە مانەوەی سوپای پاسداران، مانەوەی ڕێژیم دەخوازێ. ئهو دهڵی هەر دەوڵەتێکی نوێ لە ئێران کە کۆماری ئیسلامیی بەپێی پرەنسیپەکانی باسکراو لە سەرەوە نەبێ، ناتوانێ مانەوەی ڕێکخراوێک تەحەممول بکا کە لەو پرەنسیپانەدا نوقم بووبێ و وەک سوپای پاسدارانی ئێستا خاوەنی توانایی سەربازی، هەواڵگری، و ئابووری بێ.
ئەمە بەکردەوە بەو مانایەیە کە ئێران زۆر وێدەچێ بەرامبەر بە ئاڵوگۆڕ تەنانەت ئەگەر بە مانای تووشبوونی گوشاری ئابووریی زۆریش بێ خۆڕاگریی بکا، و سەرکوتی ئەو خەڵکەی زیاتر بکا کە بیانهەوێ بە هۆی گوشاری دەرەکیی ئابووری بێنە سەر شەقامەکان. «بیرکردنەوە لەوە کە ڕێبەرانی ڕێژیم دەست لە کوشتار هەڵگرن تەقریبەن نامومکینە، بە هەمان شێوە هیچ هۆیەک نییە کە پێمان وابێ کە سوپای پاسداران و بەسیج لە ڕێژیم جیا ببنەوە و بێ لایەن بن یا تێکەڵی ناڕازییان بن.» لەمەش خراپتر، لەوانەیە کۆنترۆڵی سوپای پاسداران بە سەر دەوڵەتەوە زیاتر بێ.
ئاکامگیرییەکانی کەیگان وشیارکەرەوەن: «لەبەر ئەو هۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێ گرەو لەسەر ئەم گریمانەیە بکا کە هیچ ڕێژە لە گوشاری دەرەکی نابێتە هۆی تێکڕمانی خێرای کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام گوشارێکی ئەوتۆ دەتوانێ ببێتە هۆی سەرکوتێکی بەربڵاو و خوێناوی کە لەسەرەتادا دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی کۆنتڕۆڵی سوپای پاسداران و تووندڕەوەکانی دیکە.»
کەوابوو ئەگەر ئابلۆقەکانی ئابووری نەبنە هەڕەشە بۆ سەر مانەوەی ڕێژیم، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی کە یەکیەتیی ئورووپا، چین و ڕووسیه گوشارهکه کەم دەکەنەوە، ئاخۆ ئەمە واقعبینانەیە کە هیوادار بین کە دەسەڵاتی ئابووری لەخۆیدا ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی تاران بۆ سەر مێزی وتووێژ؟ (بە پێچەوانەی سەردەمی پێش بەرجام، ئێران ئێستا میلیاردها دۆڵاری ئازادکراوی لە سایەی ڕێککەوتنەکە هەیە، جگە لە وەبەرهێنانی بیانی و یارمەتیی ئەو وڵاتانەی کە لە بەرجامدا ماون.) دژوارە کە ببینین چۆن؟
کەیگان پێشنیار دەکا (هەر وەک ئێمە کردمان) کە بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ دەبێ «جەخت لەسەر پێکهێنانی هاوڕایی لەنێو هاوپەیمانانی ئامریکا بکا»، بە پێچەوانەی ئەو شتەی کە ترامپ دەیکا. کەیگان باس لە پێویستیی سیاسەتێکی کاریگەر بەرامبەر بە ئێران پاش نەهێشتنی ناکۆکی لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان دەکا:
«هەڵوێستێکی درێژخایەن دەبێتە هۆی چاوترسێن کردنی ڕووسیه و چین کە هەوڵی هێشتنەوەی [ڕێژیمی] ئێران بدەن. ئەو دەبێتە هۆی پێشگرتن بە گەیشتنی کەلوپەلی ستراتێژیک کە ئێران بۆ بەرەوپێشبردنی توانایی سەربازیی ئەتۆمیی و ئاسایی پێویستییەتی. هەروەها ئێران ناچار دەکا کە بۆ پاراستنی پێگەی خۆی لە عێراق و سووریه بە توندی بجەنگێ و هاوکات گوشار دەخاتە سەر ئابووریی ئێران بە هەموو شێوەیەک. ستراتێژییەکی ئەوتۆ بێگومان کۆماری ئیسلامیی ناچار دەکا پاشەکشە بکا، هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی هێژمۆنی بەسەر ناوچەدا بوەستێنێ، ناکۆکی نێوخۆیی لەنێو ڕێبەرانی ئێران و لە نێوان ڕێژیم و خەڵک پەرە پێ بدا، و ڕەنگبێ، دوای ماوەیەک، بەشێوەیەکی تایبەتی ئێرانی، ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕ لە سروشتی ڕێژیمدا.
تا ئێستا کە ترامپ تەنیا وەدوای ئابلۆقەی ئابووری کەوتووە، وێناچێ بتوانێ ئێران ناچار بکا کە بەم زووانە ڕیبازی خۆی بگۆڕێ. دوای ١٨ مانگ لە تەمەنی بەڕێوەبەرایەتیی ئێستاش پێویستی بە سیاسەتێکی گشتگیر بەرامبەر بە ئێران هەیە، سیاسەتێک کە پێویست بە هاوکاریی بێ، نەوەک تەریککەوتنەوە لە هاوپەیمانان. ئەو ناکۆکییەی کە ترامپ بە هۆی کشانەوە لە بەرجام دروستی کردووە، هۆی سەرەکیی بوو کە ئێمە دژی بووین و ئێستا گەورەترین ئاستەنگی هەڵسوکەوت لەگەڵ موشکیلەی ئێرانە.
لە ژمارەی ٧٣٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)