کۆماری ئیسلامیی ئێران له چوارچیوه‌ی ڕێککه‌وتنێکی ئابووریی درێژماوه‌دا له‌گه‌ڵ سووریه به‌رعۆده بووه که 30 هه‌زار ماڵ و خانووبه‌ره له پارێزگا شه‌ڕلێدراوه‌کانی ئه‌و وڵاته‌دا دروست بکا و ئاو و بڕقیشیان بۆ دابین بکا.
ئه‌و حاتهمبهخشییهی کۆماری ئیسلامی له حاڵێک دایه که عه‌ڕه‌بستان گوتویه‌تی ته‌نیا 100 میلیۆن دۆلار وه‌ک یارمه‌تی ده‌داته سووریه و ئیماراتیش 50 میلیون دۆلاری بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخان کردووه. ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاش ڕایگه‌یاندوه له پێدانی ئه‌و 230 میلیۆن دۆلاره‌ی وه‌عدی دابوو بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه و سه‌قامگیرکردنه‌وه سووریه‌ی ته‌رخان بکا، په‌شیمان بۆته‌وه. رێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ڵێ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی سووریه‌ی پاش 8 ساڵ شه‌ڕی نێوخۆیی 400 میلیارد دۆلاری پێویسته و ئێرانیش ڕایگه‌یاندوه که وه‌ک چۆن له شه‌ڕدا پشتی بەشارئەسەدیان گرت، له ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته کاولبووهشدا له پشتی ڕێژیمی ئه‌سه‌د هه‌ر ده‌مێنن.
ئه‌میر ئه‌مینی، بریکاری پلاندانان و به‌ڕێوه‌به‌ریی سه‌رچاوه‌کانی وه‌زاره‌تی ڕێگابان و شارسازیی ئێران که به سه‌رۆکایه‌تیی شاندێک سه‌ردانی سوورییه‌ی کردووه، ده‌ڵێ که‌رتی تایبه‌تی ئێران له خۆی ڕاده‌بینی له به‌شه ژێرخانه‌کانی گواستنه‌وه، هێڵه‌کانی ئاو و بڕق و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی شوێنه مێژووییه‌کاندا به هانای سووریه‌وه بچێ، ئه‌وه‌ش له حاڵێک دایه که هیچ به‌شێکی سه‌ربه‌خۆ له که‌رتی تایبه‌ت له ئێران‌دا نییه که توانای یارمه‌تیدانی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی وڵاتێکی شه‌ڕلێدراوی هه‌بێ، مه‌گه‌ر ئه‌و به‌شانه‌ت سه‌ر به سپای پاسداران و داموده‌زگا مافیاییه‌کانی ڕێژیم که هه‌موو زه‌رفییه‌ته ئابوورییه‌کان و وه‌به‌رهێنان له ئێرانیان مۆنۆپۆل کردووه.
له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئاماژه به چه‌ند خاڵ پێویسته:
یه‌که‌م؛ سازان و گرێبه‌ست و ڕێککه‌وتنی کۆماری ئیسلامی بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی ناوچه شه‌ڕلێدراوه‌کانی سووریه له حاڵێک دایه که هێشتا ناوچه شه‌ڕلێدراوه‌کانی باشوور و ڕۆژئاوای ئێران له ئاکامی شه‌ڕی 8 ساڵه له‌گه‌ڵ عێڕاقدا، پاش سێ ده‌یه له کۆتاییهاتنی شه‌ڕ نۆژه‌ن نه‌کراونه‌وه. هه‌روه‌ها ئێستاش دوای چوار ده‌یه له ده‌سه‌ڵاتداره‌تیی کۆماری ئیسلامی به‌میلیۆن که‌س له خه‌ڵکی پارێزگا جۆربه‌جۆره‌کانی ئێران قه‌یرانی ئاوی خواردنه‌وه به‌رۆکی پێ گرتوون و زۆر له شوێنان ئێستاش بڕقی بۆ ڕانه‌کێشراوه. ئێستاش زۆر شوێن له‌م وڵاته هه‌ن ماڵێکی بێهداشت و دوکتورێکی بۆ نه‌چووه و سه‌دان شوێن له‌و وڵاته هه‌ن منداڵه‌کان له خێوه‌ت و کانێکسدا ده‌رس ده‌خوێنن…!
دووهه‌م؛ لاکردنه‌وه له سوورییه‌ی پاش شه‌ڕی نێوخۆیی ئه‌و وڵاته له حاڵێک دایه که ناوچه بوومه‌له‌رزه‌لێدراوه‌کانی پارێزگای کرماشان دوای نیزیک به ساڵێک ئێستاش ئاوڕیان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه و تا ئێستا ته‌نیا سه‌دی 6ی لێقه‌وماوان و ماڵ کاولبووه‌کانی ئه‌م بوومه‌له‌رزه‌یه شوێنی شیاو بۆ نیشته‌جێبوون و حاوانه‌وه‌یان ده‌ست که‌وتووه. به‌ڵێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران له حاڵێکدا بڕیاری دروستکردنی 30 هه‌زار خانووبه‌ره بۆ ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌دا که ساڵی ڕابردوو 59 هه‌زار خانووبه‌ره له پارێزگای کرماشان کاول بوون که‌چی تا ئێستاش بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌یان چیی وای نه‌کردووه و ئه‌و که‌مه واده و به‌ڵێنه‌ش که دابووی جێبه‌جێی نه‌کردوون و گوێی لێ خه‌واندوون.
خه‌ڵکی کرماشان ده‌پرسن چۆنه ئێمه ٨ ساڵ له شه‌ڕدا هه‌موو جۆره گولله و بۆمبێكمان به‌سه‌ردا باری، کەچی ئێستا پڕۆژەکانی ئاوەدانی و پێشکەوتنەکان یان بە خەڵکی پارێزگاکانی غه‌یره کورد و یان ته‌نانه‌ت به وڵاتانی دیکە دەدرێ و؛ دواکەوتوویی و هەڵاواردنەکانیش بە ئێمە دەبرێ. چۆنه بەشی ئێمه له سنووره‌كان کاتی شەڕ، گولله و خۆمپاره و تۆپباران بووه و؛ ئه‌مڕۆكه‌ش دواکەوتوویی، خۆڵباران و به‌م دواییانه‌ش کاولکارییه‌کانی بوومهلهرزهشی هاته‌سه‌رێ؛ به‌ڵام ده‌وڵه‌ت ناوچه‌ی ئازادی ئابووریی بۆ زۆر شوێن و پارێزگا دابین كردوه كه نه گولله و تۆپی بینیوه و نه تەپ و تۆز و خۆڵبارین!
سێهه‌م؛ کۆماری ئیسلامی له حاڵێکدا له سامانی خه‌ڵک و له حسێبی گیرفانی ئه‌وان ده‌به‌خشێ، که له‌نێوخۆی وڵات‌دا ده‌یان قه‌یران به‌رۆکی خه‌ڵکیان گرتووه که به‌شی زۆریان هۆکاره‌که‌ی بۆ ئه‌م جۆره سیاسه‌ته‌ی ڕێژیم ده‌گه‌ڕێته‌وه. له چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا رێژیم له جیاتی ئه‌وه‌ی به ته‌رخانکردنی سه‌رچاوه ماڵییه‌کانی وڵات بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه، بووژاندنه‌وه‌ی ئابووری و بازاڕی کار، بردنه‌پێشێی به‌رنامه‌کانی گه‌شه و په‌ره‌پیدان له بواره‌کانی په‌روره‌ده و بێهداشت و که‌رتی نیشته‌جێبوون؛ سامان و سه‌رچاوه ماڵییه‌کانی وڵات و حوکمه‌تی خه‌رجی پشتیوانی له تێرۆریسم و پشتگرتنی ڕێژیمه هاوپه‌یمانه‌کانی کردوه و بووه‌ته هۆی خوڵقانی دۆخێک که خه‌ڵک ناچار به منداڵفرۆشتن، گورچیلهفرۆشتن و دواجار خۆکوشتن بن، چونکی چیدی ده‌رقه‌تی ئه‌و ژیانه نایه‌ن.
بێگومان هه‌واڵی ڕێککه‌وتنی ئێران و سووریه بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته و حسێبکردن له‌سه‌ر یارمه‌تییه‌کان ئێران، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ئێران هه‌ر له‌و 8 ساڵه‌دا به ده‌یان میلیارد دۆلار سامانی خه‌ڵکی ئێرانی تێچووی ئه‌م شه‌ڕه بۆ پشتگرتنی ڕێژیمی ئه‌سه‌د کردووه؛ یه‌ک شتمان پێ ده‌ڵێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕێژیمه نه هه‌ژاری و بێ ئه‌نوایی خه‌ڵکی ئێرانی بۆ گرینگه، نه چاره‌نووسی وڵاتی به لاوه باسه، نه خه‌م له ژینگه و ئاوه‌دانیی وڵات ده‌خوا و نه خۆی به سێحه‌بی ئه‌م وڵاته و نه وڵات و سامانه‌که‌شی به ئی خۆی ده‌زانێ. ئه‌م ڕێژیمه مافیایه‌کی سیاسی و سه‌ربازییه که بینه‌قاقای خه‌ڵکی ئێرانی گرتووه و پووڵ و سامانی خه‌ڵکی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی له لوبنان و یه‌مه‌ن و فه‌له‌ستین و عێڕاق و سووریه ده‌وێ، سه‌یر ئه‌وه‌یه که شه‌رم له شاردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕاستییه‌ش ناکه‌ن و حاشا له‌وه ناکه‌ن که ئه‌منییه‌ت و سه‌قامگیریی به‌شار ئه‌سه‌د و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌یان ئه‌م وڵاته‌یان له خوزستان و کوردستان بۆ گرینگتره!
لە ژمارەی ٧٣٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)