ئاتلانتیک کاونسڵ/ ئارەش عەزیزی
هەمووی بە دەنگۆیەک دەستی پێکرد. ٢٨ی جولای بەشێکی زۆر لە ئێرانییەکان باسی ئازادکرانی بەم زووانەی ڕێبەرانی جووڵانەوەی سەوز، میر حوسێن مووسەوی، هاوسەرەکەی زەهرا ڕەهنەوەرد و مەهدی کەڕڕوبییان دەکرد کە لە سەرەتاکانی ٢٠١١ وە بە هۆی ڕێبەریکردنی ناڕەزایەتییەکانی دوای هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ لەماڵەوە دەستبەسەرن. کوڕی کەڕڕوبی، حوسێن، گوتی کە «سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو» ئاگاداری کردۆتەوە کە شووڕای بهرزی ئهمنیهتی نەتەوەیی بڕیاری ئازادکرانی ئەم سێیەی داوە. حوسێن بە «ئینساف نیوز»ی گوت «ئەوان گوتویانه کە ئەگەر ڕێبەری مەزن لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بوچوونێکی دیکهی نەبێ، ئەنجومەنەکە بڕیاری خۆی بەڕێوە دەبا.»
بڕیارەکە وێدەچێ بە شێوەی پێویست جێگای مەتمانە بێ. لەگەڵ کەڵەکە بوونی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێران لەم چەند مانگەی دواییدا، گەلێک ڕێفۆرمخواز داوایان لە ڕیبەری گهورهی نیزام، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی کردووە کە هەنگاوێک بەرەوە ئاشتی نەتەوەیی بنێ.
ئازادکردنی ڕێبەرانی ڕێفۆرمخواز شتێکی چاوەڕوانکراو بوو. تەنیا چەند ڕۆژ پێش ئێستا، جێگری سەرۆککۆمار، ئیسحاق جەهانگیری بەڵێنیی «کۆبوونەوەی سەمبولیکی» ڕێبەرانی وڵاتی دابوو بۆ ئەوەی کە یەکگرتوویی نەتەوەیی لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ گیروگرفتە پەرەئەستێنەکان نیشان بدەن. کۆتاییهێنان بە دەستبەسەرکرانی ڕێبەرانی جووڵانەوەی سەوز و هەڵگرتنی ئابلۆقەی میدیایی لەسەر سەرۆککۆماری پێشووتر محەممەد خاتەمی، ڕێبەری مهعنهویی جووڵانەوەی ڕێفۆرمخوازی، دەتوانێ ئەم شتە بێ. نوێنەرانی مەجلیس کە چاویان بە سەرۆککۆمار، حەسەن ڕوحانی کەوتبوو؛ بە هەمان شێوە بە گەشبینییەوە باسی ئەم مەسەلەیان کردبوو. بەڵام زۆر زوو حاشای لێ کرا، کاتێک کە نوێنەرێکی ڕێفۆرمخواز کە هەوڵی بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی سێ کەسەکە دابوو پرسیاری لە عەلی لاریجانی، سهرۆکی مهجلیس لە بارەی بڕیاری شووڕای بهرزی ئهمنیهتی نەتەوەیی کرد، ئەو گوتی کە بڕیارێکی ئەوتۆ پەسەند نەکراوە.
ڕوون نییە کە شووڕای بهرزی ئهمنیهتی نەتەوەیی ئەم پێشنیارەی تەنیا بۆیە کردووە کە لە لایەن کەسانی نزیک لە ڕیبەرییهوه پێیان بگوترێ کە ئەمە بڤەیە! ڕەنگبێ ئاشکراکردنی هەواڵەکە بۆ ئەمە بووبێ کە گوشار بخەنە سەر خامنەیی کە ڕەزامەندیی بۆ ئازادکردنیان نیشان بدا. هەرچۆنێک بێ، هیچ کەس گومانی لەوەدا نییە کە بڕیار بە دەست ڕێبەری مەزنە! کە وەک کەسێکی بەخشندە نەناسراوە. دیاره ئەگەرچی ئەو نیشانی داوە کە ستراتێژیستێکی فێڵبازە و هەندێک جار سازشی چاوەڕواننەکراوی کردوون.
پرسیاری گەورەتر ئەمەیە کە ئاسەواری ئازادکرانی ڕێبەرانی جووڵانەوەی سەوز چی دەبێ، و ئاخۆ هەنگاوێکی لەم چەشنە دەبێتە هۆی بەرز بوونەوەی ئاستی پشتیوانیی جەماوەریی کە کاربەدەستانی ئێرانی لەم سەردەمەدا پێویستیانە.
موحسین سەفایی فەراهانی، ڕێبەری یەکێک لە حیزبە ڕیفۆرمخوازەکانی ڕێگهلێگیراو، پێی وانییە ئەمە ئاکامەکەی بێ. فەراهانی کە یاریدەدەری وەزیری ئابووری و بەرپرسی فێدراسیۆنی تۆپی پێ لە سەردەمی خاتەمیدا بوو، و پاشان لە ٢٠٠٩ شەش مانگ لە زیندان کرا، گوتی ئازادکردنی سێ کەسەکە «شتێکی زۆر باش دەبێ، بەڵام گیروگرفتی خەڵک چارەسەر ناکا.» بەهەمان شێوە، یاریدەدەرێکی مووسەوی ئیددیعای کرد کە ئازادکرانی مووسەوی «تەنیا کاتێک کاریگەرە» ئەگەر دەسەڵاتداران بە شێوەیەکی بنەڕەتی ڕێبازی خۆیان بگۆڕن.
ئەمە ڕاستە. ئازاد کردنی مووسەوی، ڕەهنەوەرد و کەڕڕوبی هەواڵێکی گهوره و گرینگ دەبێ، بەڵام ئەمە زۆر کەم و زۆر درەنگە. لە کاتێکدا کە ڕیاڵ لە حاڵی تێکڕمان دایە و ئابووریی وڵات بەتەواوی هەست بە گوشاری ئابلۆقە داراییەکانی ئامریکا دەکا، خەڵکی ئێران بە شێوەیەکی پەرەئەستێن لە دەست دۆخی هەنووکەیی وەزاڵە هاتوون. زۆرینەی ئێرانییان کە لە ٢٠١٣ و ٢٠١٧ دەنگیان بە ڕوحانی دا، لە سەرۆککۆمار تووڕەن کە بەڵێنییەکانی لە بارەی کار، خۆشگوزەرانیی و کرانەوەی کۆمەڵگهدا جێبەجێ نەکردوون. ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کە لە دێسامبر و ژانوییەی ڕابردوودا ئێرانیان هەژاند نیشانەی ناڕەزایەتیی پەرەئەستێن بوو کە لە زۆربەی درووشمەکان دەردەکەوت، لە ناویاندا «ڕێفۆرمخواز، ئوسوڵگەرا، ئیتر تەواوە ماجەرا»، کە نیشان دەدەن کە ئێرانییەکان لە هەردوو تاقمە سیاسییەکە بێزارن.
پرسیاری سەرەکیی لە جێی خۆیەتی کە ئەگەر ڕێبەرانی جووڵانەوەی سەوز، کە لە هەڵسوکەوتی بێ هیواکەری ڕێفۆرمخوازەکان لە هەشت ساڵی ڕابردوودا بێبەرین، دەتوانن جووڵانەوەی ڕێفۆرمخوازیی دووبارە زیندوو بکەنەوە، و سواری شەپۆلی پشتیوانیی جەماوەریی بۆ پاشەکشە کردن بە خامەنەیی بن.
سێ کەسەکە نیشانیان داوە کە ئەوان شەرمەزارکران یا ئازادکرانی بە شەرتەوە قبووڵ ناکەن. لە ژانویە، لە کاتێکدا کە ئێران تووشی مەزنترین ناڕەزایەتی جەماوەریی دوای شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩ بوو، کەڕڕوبی نامەیەکی تووندی بۆ ڕێبەری باڵای ئێران نووسی و داوای لێ کرد کە بەرپرسایەتیی هەلومەرجی وڵات قبووڵ بکا. پاشان لە مانگی مای، ڕەهنەوەرد هەڵگیرانی بەشێک لە گوشارهکانی دەستبەسەرکرانی لە ماڵەوە ڕەت کردەوە.
ڕێبەرانی جووڵانەوەی سەوز وێناچێ ئازادکرانی بێدەنگ بە بڕیارێکی نهێنی قبووڵ بکەن. ئەگەر سێ کەسەکە بە هەندێک پاشەکشەی دەوڵەتی ئێران ئازاد بکرێن، وەک ئازادکرانی زیندانییانی سیاسی، کرانەوەی کۆمەڵگه و یارمەتی بە چالاککردنەوەی ئابووری لە ڕێگای هەندێک هەنگاوی خێرا، لەوانەیە ڕێفۆرمخوازیی زیندوو ببێتەوە. بەڵام، هیچکام لە ڕەفتارەکانی ڕێبەری مەزن و هاوپەیمانە سیاسییەکانی، واتە کۆنەپارێزەکان، ئاماژە بە مامەڵەیەکی لەم چەشنە ناکەن. جێگای ئاماژە پێکردنە کە لە سەرەتاکانی ٢٠١٧، سەرۆک کۆماری پێشووتر خاتەمی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان دۆناڵد ترامپدا بە فەرمیی داوای «ئاشتی نەتەوەیی کرد» کە بیرۆکەکەی زۆر زوو ڕەت کرایەوە و وەک «شتێکی بێ مانا» باسی لێوە کرا.
لە مانگی مای، کەڕڕوبی نامەیەکی بۆ ڕێبەریی حیزبی ئیعتیمادی میللی نووسی و بەڵێنی خۆڕاگریی دا و بە تانەوە باسی کرد کە «هیچ کەس بەرپرسیاریی دەستبەسەرکرانی نایاسایی هەشت ساڵەی ئێمە ناگرێتە ئەستۆ … وێدەچێ کە چارەنووس بە دەست فریشتەی مەرگ بێ چونکە ئەو یەکێک لە ئێمە پێش ئەوی تر دەبا: ئێمە یا کەسەکەی دیکە،» کە ئاماژە بە ڕێبەری مەزن، خامنهییە!
کێشمەکێشی کەلـلەڕەقانەی خامنەیی لەگەڵ ڕێفۆرمخوازەکان لە سەرەتای لەدایکبوونی جووڵانەوەی ڕێفۆرمخوازیی لە ١٩٩٧ بە هەوراز و نشێوی زۆرەوە دەستی پێ کرد. ئێستا گشت کەس دەتوانێ گریمانەی ئەمە بکا کە ئاخۆ تا مردنی ناوبرا درێژەی دەبێ یا نا؟
لە ژمارەی ٧٣١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)