کوردستان وەک بەشێک لە ئێران لە ماوەی 40 ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا ناوچەیەکی گەشەنەسەندوو بووە، یان بە واتایەکی دی ناوچەیەک بووە کە بە شێوەی سیستماتیک لە هەژاریدا و لە دواکەوتووییدا ڕاگیراوە، هۆکارەکەشی بۆ زاڵبوونی ڕوانگەی ئەمنیەتیی کاربەدەستان لە کوردستان دەگەڕێتەوە.
هەندێ داتا و ئامار کە لەم ساڵ و لە زمانی خودی کاربەدەستان بڵاوبوونەوەتەوە، دیمەنێکی گشتی لە ئابووری و لە دۆخی ئیداریی کوردستان‌مان بۆ دەردەخەن. لە بەشی یەکەمی ئەو مژارەدا باس لە پارێزگای سنە، وەک یەکێک لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین.
پارێزگای سنە ماوەی دە ساڵ زیاترە هەموو ساڵێک ئەگەر لە سەرووی بێکارترینی پارێزگاکانی ئێران نەبووبێ، حەتمەن دووهەم یان سێهەمە.
نوێنه‌ری سنه، دیوانده‌ره و كامیاران له مه‌جلیسی شورای ئیسلامی ده‌ڵێ، نرخی بێكاری له پارێزگای سنه له سه‌دی 45 زیاتره. سه‌ید ئه‌حسه‌ن عه‌له‌وی هەروەها ده‌ڵێ، له به‌شی داهاتی سه‌رانه، پارێزگای سنه لە ئاستی پارێزگاکانی ئێران‌دا له پله‌ی 29، له نرخی زیاده له پله‌ی 24 و له به‌شی سه‌رچاوه بانكی و ئاسانكاریش له پله‌ی 27ی ئێران‌دا بووه و هه‌روه‌ها ئه‌م پارێزگایه له پێوه‌ره‌كانی گه‌شه‌ش له بارودۆخێكی باش‌دا نیه.
ناوبراو هه‌روه‌ها ده‌ڵێ له بواری پێوه‌ری هه‌ژاریی چه‌ند لایه نێونجیی ئێران سه‌دی 17یه، بەڵام هەژاری له پارێزگای سنە سه‌دی 43یه و بەوەش له ئاستی ئێران‌دا و لە ڕووی هەژاری یەکەم پارێزگایە.
لە حاڵێكدا 5 هەزار مەهەندیسی كەشاوەرزی لە پارێزگای سنەدا بێكارن، تەنیا زیاتر لە 100 كەس بۆ دامەزراندن ناسێندراون كە لەم ڕێژەیەش تەنیا 16 كەسیان تاقیكردنەوەی دامەزرانیان داوە.
لەتیف شیردل، سەرۆكی ئاموزشكەدەی فەننی و حیرفەیی پەزدانپەنای سنەش وێڕای ئاماژە بە بوودجەی ئاوەدانكردنەوە بۆ ناوەندەكانی فەننی و حیرفەیی ئەم پارێزگایە گوتی، لە بواری بودجەی ئاوەدانكردنەوە لە ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی ڕێكخراوی بەڕێوەبەریی و پلاندانانی پارێزگا 5 میلیارد و 200 میلیۆن تمەن پەسند كرا كە دواجار تەنیا یەك میلیارد تمەنیان پێدرا.
سه‌رۆكی ڕێكخراوی پیشه‌سازی، سامانه‌كان و بازرگانیی سنه نایشارێتەوە کە له‌م پارێزگایه هیچ سه‌رمایه‌گوزارییه‌ك نه‌كراوه. محه‌ممه‌د ده‌ره‌وزمی وێڕای ئاماژه به‌ه‌وه‌ی كه له‌م پارێزگایه‌دا 758 یه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی له به‌شی پیشه‌سازیدا هه‌یه و گوتی له‌م ڕێژه‌یه 128 یه‌كه وه‌ستاو و 242 یه‌كه نیوه چالاك و 388 یه‌كه‌ی دیكه‌ی چالاكی ده‌كه‌ن.
سه‌رۆكی ڕێكخراوی پیشه‌سازی، سامانه‌كان و بازرگانیی سنه وێڕای ئاماژه به‌بوونی 18 جۆری ماده‌ی كانزایی له‌م پارێزگایه گوتی ئه‌م پارێزگایه به‌هۆی لێهاتوویی باش له ڕێگه‌ی وەبەرهێنانەوه ده‌توانرێ بكرێته سه‌نه‌عه‌تیترین پارێزگا؛ کەچی هەموو کانزاکانی خاوفرۆش دەکرێن.
خوێندەواری پێوەرێکی دیکەی گەشەکردنی هەر وڵات و ناوچەیەکە.
ڕەمەزان یوسفی، جێگری بەشی خوێندەوارکردن لە ئیدارەی پەروەردە و فێرکردنی پارێزگای سنە دەڵێ پارێزگای سنە لە ڕووی زۆربوونی کەسانی نەخوێندەوار دووهەمین پارێزگا لە هەموو ئێرانە.
ئەو دەڵێ بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی 1390، ئاماری سەرجەم نەخوێندەوارەکانی وڵات سەدی 15 بووە کە 9 میلیۆن و 700 هەزار کەسیان بە تەواوی نەخوێندەوار بوون و 11 میلیۆن کەسیشیان خوێندەواریی سەرەتاییان بووە.
یۆسفی بە ئاماژە بەوەی پارێزگای سنە دوای سیستان و بەلوچستان پلەی دووهەمی نەخوێندەواریی لە ئاستی ئێران‌دا هەیە، گوتی: هەر بەپێی سەرژمێرییەکەی ساڵی 90، پارێزگای سنە زیاتر لە 286 هەزار نەخوێندەواری بەتەواو مانا و 262 هەزار کەسی کەم‌سەوادی بووە.
ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە لە پارێزگای سنە 2900 پرۆژەی نیوەچڵ هەیە. بۆ نموونە پڕۆژەی فڕۆکەخانەی سەقز، پرۆژەیەکی نیوەکارە کە ١٣ ساڵە دەستی پێکردوە، بەڵام تا ئێستا تەنیا سەدی50ی پێش کەوتووە و بۆ تەواوبوونی 60 میلیارد تمەنی دیکە بودجە پێویستە.
هەر لەو شارە و پڕۆژەیەکی دی نەخۆشخانەی ناوەندیی شارەکەیە کە لە ساڵی ٨٦ ەوە به ڕواڵه‌ت کاری لەسەر دەکرێ و هێشتا پاش 11 ساڵ پێویستی بە 9 میلیارد تمه‌ن بودجەی نوێ هەیە، تاکوو بگاتە قۆناغی کارپێکردن.
بینای نەخۆشخانەی كەوسەری سنە نموونەیەکی دیەکە کە پاش ٥ ساڵ لە دەسپێكی دروستكردنه‌که‌ی به‌هۆی ته‌رخاننه‌کرانی بودجه بە نیوەچڵ ماوەتەوەو کاربه‌دستان ده‌ڵێن وه‌رێخستنه‌که‌ی 70 میلیارد تمەنی دیکه‌ی پێویسته.
خراپبوونی ڕێگه‌وبانه‌كانی پارێزگای سنه بابه‌تێکی دیکه‌ی گرینگی ئه‌م پارێزگایه‌یه و جگه له خراپیی ڕێگه‌وبان و جاده‌كان، ناستانداربوونی ماشێنه‌كانی ئێران ڕۆژ نیه به ڕووداوی هاتوچۆ كه‌س یان كه‌سانێك نه‌بنه قوربانی، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه زیان و خه‌ساره ماڵییه‌كانی له‌وێ بوه‌ستن.
محەممەد سادق وەجدی، بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبان و شارسازیی پارێزگای سنەش ڕایگه‌یاندوه که تەكمیلكردنی پڕۆژەی ڕێگای نێوان سنە ـ مەریوان پێویستیی بە 150 میلیارد تمەن بودجه هەیە. له بواری ئاسمانیش پارێزگای سنه بارودۆخی نه چه‌ندان باشی هه‌یه و ته‌نیا فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی كۆنی هه‌یه کە ڕۆژانه یه‌ك جار مسافیر ده‌گوازێته‌وه و زۆربه‌ی كاته‌كان به بیانووی جۆراوجۆر سه‌فه‌ره‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه. له لایه‌كی دیكه‌وه چیرۆكی فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی دیكه كه قه‌راربوو له شاری سه‌قز دروست بكرێ، به‌ڵام ئه‌م پڕۆژه‌یه هه‌ر له‌سه‌ر كاغه‌ز مایه‌وه و ته‌نیا قسه بوو.
هه‌روه‌ها له ده شاری پارێزگای سنه هه‌شت شاریان له ساڵۆنی سینه‌ما بێبه‌شن. پارێزگای سنه که حه‌شیمه‌ته‌که‌ی سه‌روو یه‌ک میلیۆن و ٥٠٠ هه‌زار که‌سه، ته‌نیا سێ سینه‌مای چالاکی هه‌یه، له حاڵێکدا ستانداردی جیهانی بۆ هه‌ر ٢٠ هه‌زار که‌س ساڵۆنێکی سینه‌مایه، به‌ڵام له ئێران ئه‌و نێونجه نیزیک به ٢٠٠ هه‌زار که‌سه.
که‌میی ساڵۆنی سینه‌ما له کوردستان له حالێک دایه که پارێزگای سنه جه‌مسه‌ری سه‌ره‌کیی به‌رهه‌مهێنانی کورته‌فیلم له ئێرانه و ئیسلام‌ئابادی ڕۆژاوا، کامیاران، گه‌یلانی ڕۆژاوا، هه‌رسین، تیکاب، ساین‌قه‌ڵا، بانه، پیرانشار، دێولان، ئیلام، ئابدانان، پاوه، سه‌ڵماس، سه‌رپیڵی زه‌هاو، نه‌غه‌ده، دێهلۆڕان، بۆکان‌و سه‌رده‌شت چه‌ند شارێکی کوردستانن که هه‌ر سینه‌مایان نیه.
چاوەدێرانی سیاسی دەڵێن به هۆی بارودۆخی ته‌پیوی ئابووریی ئێران و گه‌مارۆکانه‌وه پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەش تووشی گیروگرفت هاتوون و لەم نێوەدا خەسارەكە زیاتر به‌ر ناوچه‌کانی کوردستان كەوتووە که ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ک که‌مترین پڕۆژه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی تێدا جێبه‌جێ ده‌کرێ، ئێستا به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌وه ئه‌و که‌مه پڕۆژه‌یه‌ش ناگه‌نه ئاکام‌و زۆربه‌یان به نیوه‌چڵ ماونه‌ته‌وه.
دیارە پشتگوێخرانی پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌کان له نێوخۆی وڵات له حاڵێک دایه که کۆماری ئیسلامی لە ماوەی 4 دەیەی ڕابردوودا بە ده‌یان میلیارد دۆلاری لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ وڵاتانی عێراق، سووریە، لوبنان و بەشێک لە وڵاتانی ئافریقایی خه‌رج کردوە.
لە ژمارەی ٧٢٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)