فێمینیزم له درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا پڕههڵڵاترین بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی له ئاستی جیهاندا بووه. زۆربه‌ی ئاڵوگۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و حقووقییه‌کان که له وه‌زعی ژنان له کۆمه‌ڵگه‌دا پێک هاتووه، ده‌توانین له‌هه‌نگاوی یه‌که‌مدا له چالاکیی بزووتنه‌وه‌ی ژنان بزانین.(1) بوونی ژنان له مه‌یدانه گشتییه‌کان به شێوه‌ی جۆراوجۆر وه‌ک: به‌شداریکردن له شوێنه ئابوورییه‌کان، کار و چالاکی نواندن له داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت، مافی ده‌نگدان و خۆهه‌ڵبژێران و بوون به ئه‌ندام له پاڕلمانه‌کان و کاری قه‌زاوه‌ت کردن، وه‌ده‌ستهێنانی مافی مه‌ده‌نی و هی دیکه له‌و ئاڵوگۆڕانه‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی فێمینیزم چۆته نێو زۆر له چه‌مکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ئابوورییه‌کان و زۆر بواری دیکه‌شه‌وه، به‌ڵام به داخه‌وه زۆرشتی نێگاتیڤیشی لێ که‌وتۆته‌وه. شک و دوودڵی پێکهێنان له نێوخێزاندا، بێمهیلی به پێکهێنانی ژیانی هاوبه‌ش، زۆر بوونی ته‌ڵاق، سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ڵسووکه‌وتی دوژمنانه له نێوان ژنان و پیاواندا و بردنه ژێرپرسیاری هێندێک له سوننه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگه، بە هۆکاری گه‌شه‌کردن و بڵاوبوونه‌وه‌ی فێمینیزم داده‌نرێ(2).
له درێژه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا به تایبه‌تی له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا «فێمینیزم» زۆر ڕه‌خنه‌ی له سه‌ر بووه و له لایه‌کی دیکه‌وه بۆته جێی باسی مه‌حافلی ڕووناک‌بیری و گشتیی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه. فێمینیزم له‌گه‌ڵ دوو دژکرده‌وه به‌ره‌وڕوویه: هێندێک بێ ئه‌وه‌ی لێکی ده‌نه‌وه و هه‌ڵی سه‌نگێنن، زۆر تامه‌زرۆیانه به ڕێگاچاره‌سه‌ری پرسی ژنانی داده‌نێن، هێندێکی دیکه‌ش یه‌کسه‌ر و بێ هه‌وڵدان و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی قووڵ، هیچ کام له بۆچوونه‌کانی فێمینیزم قبووڵ ناکه‌ن و ڕه‌دی ده‌که‌نه‌وه.
پرسیارێک له سه‌ره‌تادا دێته گۆڕێ، کە ئه‌وه‌یه که فێمینیزم چیه؟ و چ پێوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌دا هه‌یه که له‌سه‌ره‌تادا باسمان کردن؟
فێمینیزم بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و فکرییه و به‌ربڵاوترین مانای ئه‌و بزووتنه‌وه، له‌هه‌وڵی بردنه سه‌رێی جێگه و پێگه‌ی ژنان وه‌ک گرووپێک له کۆمه‌ڵ دایه، یان بزوتنه‌وه‌یه‌که که هه‌وڵ ده‌دا ژنان له به‌رامبه‌ر قانوون و ڕێوشوێنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا یه‌کسان بن.
لێره‌دا له فێمینیزم وه‌ک هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و فکری چاوه‌ڕوان ده‌کرێ بارودۆخ و وه‌زعی خراپی ژنان دیاری بکا، هۆکاره‌کانی ئه‌و وه‌زعه ده‌ستنیشان بکا و وێنه‌یه‌کی دڵخواز بۆ دیتنه‌وه‌ی جێگا و بارودۆخی ژنان له کۆمه‌ڵگه‌دا بکێشێ و بۆ گه‌یشتنی ژنان به‌و ئامانج و هه‌ده‌فانه پڕۆژه‌یه‌ک له ده‌ستووری کاری خۆیدا دابنێ تا ژنان له‌ده‌وری کۆ ببنه‌وه.
مه‌سه‌له‌یه‌کی گرینگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه تا له فێمنینیزم ورد ده‌بینه‌وه و له پێناسه‌ی گشتیی فێمینیزم دوور ده‌که‌وینه‌وه و بۆ لای پێناسه‌یه‌کی وردتر حه‌ره‌که‌ت ده‌که‌ین، ده‌بینین که ئێمه له‌گه‌ڵ یه‌ک جۆر فێمینیزم به‌ره‌وڕوو نین. بەسه‌رهاتی بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌وکاته‌وه که زاراوه‌ی فێمینیزم هاتۆته گۆڕێ، زیاتر له سه‌ده‌یه‌کی لێ ڕا ده‌برێ. له‌و ماوه‌یه‌دا بیر و بۆچوونی جۆراوجۆر و جیاواز له باره‌ی بێده‌سه‌ڵاتی و ژێرده‌سته‌بوونی ژنانه‌وه هاتۆته ئاراوه و لقی جۆراوجۆر له فێمینیزم جیا بوونه‌وه.
له بۆچوونه فیمینیستییه‌کاندا زۆرجار ڕیشه‌ی بێده‌سه‌ڵاتیی ژنان له جیاوازیی فیزیۆلۆژیک و سوڵته و ویستی پیاواندا ده‌دۆزنه‌وه(3) (رادیکاڵ). زۆر جار فێمینیزم وه‌ک خه‌بات بۆ مافی به‌رامبه‌ر له‌گه‌ڵ پیاواندا هاتۆته گۆڕێ (فێمینیزمی ڕادیکال). یا ژنان و پیاوان ده‌بێ ئه‌رکی جیاوازیان پێ بسپێردرێ، پێیان وایه ژن به پێی سروشتی خۆی ناتوانێ کاری پیاوان بکا (محافظه کاره‌کان). ئه‌و فێمینیزمه‌ی که به شێوه‌یه‌کی مودێڕن له ساڵه‌کانی ده‌یه‌ی 70ی زایینییه‌وه له وڵاتانی ئورووپایی سه‌ری هه‌ڵ داوه، به ڕه‌دکردنه‌وه‌ی تیئۆرییه مارکسیستییه‌کان، تێ ده‌کۆشێ ڕێگا چاره‌یه‌کی دیکه بۆ ئازادیی ژنان بدۆزێته‌وه، هه‌وڵ ده‌دا هاوکات، بۆ له نێو بردنی سته‌می چینایه‌تی و جینسی خه‌بات بکه‌ن(4) (سۆسیال فێمینیسته‌کان).
ژنان له‌گه‌ڵ که‌موکووڕیی زۆر به‌ره‌وڕوون، به‌ڵام ئه‌م که‌موکووڕییانه به قانوونی سروشت نازانن، به‌ڵکوو له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه وه‌رگیراون و ئاکامی هه‌لومه‌رجی ژیانی ئه‌وانه. ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رج ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ر دابێ، که‌موکووڕییه‌کانیش ڕیشه‌کێش ده‌کرێن، که‌واته، پێویسته ژنان توانایی زه‌ینیی خۆیان فراوانتر بکه‌ن، ئه‌ویش ته‌نیا له ڕێگای ڕوونکردنه‌وه بە هۆی عیلم و زانسته(5).
سه‌ره‌تاییترین بۆچوونی فێمینیستی له به‌رهه‌مه‌کانی ژنانی ئورووپایی به تایبه‌تی فه‌ڕانسه و ئینگلستان له سه‌ده‌کانی 16 و 17ی زایینی‌دا ده‌بیندرێ که ده‌ورانی «ڕێنێسانس»ه. له‌و ده‌وره‌یه‌دا ژنان به هۆی به‌شدارنه‌بوونیان له کاروباری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا زیاتر له هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات ده‌دوان و ده‌رد و ئازار و بۆچوونه‌کانیان له وێنه‌کێشان و نووسینه‌کانیاندا ڕه‌نگی ده‌داوه. دیاره ئه‌وه‌ش هه‌موو ژنێکی ئاسایی نه‌یده‌توانی به‌م شێوه‌یه ئازاره‌کانی ده‌ربڕێ، به‌ڵکوو ئه‌وه زیاتر له نێو ژنانی ئه‌شڕاف و چینی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتدا باو بوو.
ئاڵوگۆڕه ئابووری و سیاسییه‌کانی کۆتایی ساڵی 1700ی زایینی بوو به هۆی ئه‌وه‌ی ژنان جووڵەیەک به خۆیان بده‌ن. شۆڕشی سه‌نعه‌تی تاڕاده‌یه‌ک ده‌ستپێکێک بوو بۆ تێکڕووخاندنی به‌ستراوه‌یی ئابووریی بنه‌ماڵه‌یی و چوونی ژنان بۆ بازاڕی کار.
دیاره هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بورژوازی وه‌ک چینی تازه به ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتوو له سه‌ر بناخه‌ی فیکریی «ئیراده‌ی ئیلاهی» پێک هات و چوارچێوه‌ی بنه‌ماڵه‌ی به شوێنێکی «موقه‌دده‌س» دانا که به هیچ جۆر نابێ شوێنه‌واری خراپی له سه‌ر دابنرێ. «بالزاک» نووسه‌ری ناسراوی فه‌ڕانسه‌وی ده‌ڵێ: «له چاره‌نووسی ژن‌دا تاقه شانازییه‌ک که ژن هه‌یه‌تی، وه‌لێدان خستنی دڵی پیاوه. ژن مڵکێکه که مرۆڤ به پێی ڕێکه‌وتن وه‌ده‌ستی دێنێ و جۆره داراییه‌کی ڕه‌وایه. سه‌ره‌نجام باشتره بڵێین ژن به‌ستراوه به پیاو(6).
ژنی خاوەن مێرد دیلێکه که پێویسته بزانرێ چۆن هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێ. پێویسته له هه‌ر هه‌لومه‌رجێکدا پیاو خۆی له‌سه‌ر ڕێگه‌ی ژن بکێشێته‌وه و جێگای خۆی بدا به‌و. له جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌ک کۆمۆنه سه‌ره‌تاییه‌کان کاری قورس به ژنان بسپێرین، پێویسته کاری سووکیان پێ بده‌ین. ئه‌و بۆچوونه‌ی بالزاک تا ماوه‌یه‌کی زۆر جێی خۆی کرده‌وه، کۆمه‌ڵی تازه پێکهاتووی سه‌نعه‌تی، ئازادیی ژنانی له‌وه‌دا ده‌بینێ که له‌و چوارچێوه‌یەی که ژن بۆی دیاری ده‌کری، نه‌چێته ده‌ر.
به‌په‌ره‌گرتنی عیلم و زانست، بۆچوونی بۆرژوازیش که تێکه‌ڵاوێک له مه‌زهه‌ب و فه‌لسه‌فه بوو، جێگای خۆی دا به په‌ره‌گرتنی بۆچوونه زانستییه‌کان که به هۆی «داروین»ه‌وه هاتنه ئاراوه. داروین ده‌ڵێ: زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی و زینده‌وه‌رزانی ئیدی باوه‌ڕی به‌و بۆچوونه کۆنانه‌ی ڕابردوو نیه که پێی وایه ژن شتێکی تایبه‌تییه و له‌گه‌ڵ پیاو جیاوازیی هه‌یه. ئه‌م زانسته تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی وه‌ک دژکرده‌وه‌یه‌ک له به‌رامبه‌ر وه‌زعێکدا چاو لێ ده‌کا، که‌وابوو ژنیش شتێکه که قه‌ت بوونی نه‌بووه.
له ده‌ورانی شۆڕشی سه‌نعه‌تیدا هێزی کاری ژنان زیندوو بووه، به‌جۆرێک که له کۆتاییەکانی ساڵه‌کانی1700ی زایین‌دا کرێکارانی ژن زیاتر له ژماره‌ی کرێکارانی پیاو له کارگه و کارخانه‌کانی ڕستن و چنین بووه. به‌ڵام حه‌قده‌ستی ژنان نیوه‌ی حه‌ق ده‌ستی پیاوان بووه یان زۆر له‌وه‌ش که‌متر یا هه‌ر بژیوێکی که‌م بووه بۆ ژنان .
ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی ژنان و منداڵان له کارگه سه‌نعه‌تییه‌کان و کارخانه‌کاندا ره‌نج و کوێره‌وه‌ریی له ڕاده‌به‌ده‌ر بچێژن و له ژێر سته‌م و چه‌وساوه‌ییدا بن.
لێره‌دا کار و چالاکیی زۆری ژنان، بۆ به‌رامبه‌ر بوون له‌گه‌ڵ پیاوان بوو، به‌ڵام له ڕاستیدا له به‌رامبه‌ر ئه‌و کاره‌ی که ده‌یانکرد، حه‌قده‌ستی وه‌ک پیاوانیان وه‌رنه‌ده‌گرت، ئه‌وه‌ش بۆخۆی بواری ڕه‌خساند که ژنان بکه‌ونه بیری خۆڕێکخستن و له دژی ئه‌و ناعهداڵهتییانه به‌ربه‌ره‌کانێ بکه‌ن.
به گه‌شه‌کردنی سه‌نعه‌ت له کارخانه‌کاندا و به‌ره‌وپێشچوونی کۆمه‌ڵ، گیروگرفت و کێشه‌ی تازه هاتنه ئاراوه، تێکنۆلۆژیی تازه بایه‌خی کارکردن له ماڵه‌وه‌ی که‌م کرده‌وه و مه‌سئوولییه‌ت و پێویستیی پاراستن و ڕاهێنانی منداڵان و هه‌روه‌ها ئاگاداری کردن له نه‌خۆش و پیر و په‌ک که‌وته‌کانیان به عۆده‌ی کۆمه‌ڵگه سپارد.(٧)
هه‌ر بۆیه رۆژ به ڕۆژ بایه‌خی کار له ماڵه‌وه که‌متر ده‌بۆوه. «لێره‌دا ژنانی سه‌ڵت له‌کۆمه‌ڵدا به‌هێندێک له ئیمتیازاتی کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌یشتن، به‌ڵام ژنانی خێزاندار له‌و ئیمتیازاته بێبه‌ش بوون. به‌م جۆره په‌ره‌گرتنی زانست و سه‌نعه‌ت بوون به هۆی ئه‌وه که له زۆربه‌ی وڵاته ئورووپاییه‌کان و وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به درێژایی ساڵانی 1700 و1800ی زایینی، گه‌لێک نووسه‌ر بیر و باوه‌ڕی خۆیان له باره‌ی مافه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ژنان ده‌رببڕن.
له ساڵه‌کانی 1830تا1884 داخوازه‌کانی ژنان له ده‌ستووری کاردا دانران و بۆ یه‌که‌مجار ژنان له رێکخراوێکی ئۆرگانیزه‌کراودا له یه‌کێک له ئه‌یاله‌ته‌کانی ئه‌مریکادا ده‌بنه خاوه‌ن ئۆرگان(8). ژنان له ئه‌مریکا مافی ده‌نگدان وه‌ده‌ست دێنن. له درێژه‌ی ئه‌و جموجۆڵانه‌دا ڕۆژی 8ی مارسی 1908ی زایینی ژنانی کرێکاری کارخانه‌ی چنین و ڕستنی «نیۆیۆرک» بۆ مافی به‌رامبه‌ری ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ پیاوان ده‌ست ده‌که‌ن به به‌ربه‌ره‌کانێ و له ساڵی 1910ی زایینی له کۆنفڕانسی نێونه‌ته‌وه‌یی ژنان، پێشنیار ده‌کرێ ئه‌و ڕۆژه وه‌ک ڕۆژی جیهانیی ژن دیاری بکرێ. به‌مجۆره ئه‌م جموجۆڵه ده‌بێته ئولگوویه‌ک بۆ خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانێی ژنان له ئورووپاش و ڕێکخراوی ڕێکوپێک و سازماندراو له وڵاتانی ئینگلیس، ئاڵمان و فه‌ڕانسه پێک دێن. له‌و وڵاتانه‌دا ژنان داوا ده‌که‌ن که ده‌بێ ژن پێ بنێته زانستگه‌کان و بۆ خوێندنی باڵا ڕێگای پێ بدرێ. یه‌که‌م ژن له وڵاتی «نوڕوێژ» ده‌چێته زانکۆ.
به‌ر له شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی، ژنان له کارگه سه‌نعه‌تی و پیشەییەکاندا ده‌رده‌کرێن و ته‌نیا پیاوان خه‌ریکی کار بوون. به‌ڵام به ده‌ستپێکردنی شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی له ساڵی 1914ی زایینی، کارگه و کارخانه‌کان و شوێنه گشتییه‌کانی دیکه به ڕووی ژناندا ده‌کرێنه‌وه و ئه‌و دروشمه بێ نێوه‌رۆکانه‌ی که باو بوون گوایه ژن توانای کارکردنی نیه و ژن له عۆده‌ی کاره‌کان نایه، وه‌لا نران. پاش ته‌واو بوونی شه‌ڕ و ئارامبوونه‌وه‌ی بارودۆخه‌که و گه‌ڕانه‌وه‌ی پیاوان له به‌ره‌کانی شه‌ڕ، دیسان ژنان له‌سه‌ر کاره‌کانیان وهلانرانهوه و به زۆری ڕوویان کرده کاره نزم و که‌م بایه‌خه‌کان که جێگای په‌سندیان نه‌بوون. له‌و کات و سه‌رده‌مانه‌دا گه‌لێک زانا و نووسه‌ر له سه‌ر ژنان و ئه‌و سته‌مانه‌ی پێیان ڕه‌وا ده‌بینران، شتیان نووسی. یه‌کێک له‌و زانایه‌نه، «سه‌ن سیمۆن» بوو که ڕاشکاوانه بیر و بۆچوونی خۆی سه‌باره‌ت به توێژی ژن ده‌ربڕی. ناوبراو ده‌ڵێ: «نابێ له جیهاندا دیلی و یه‌خسیری بمێنێ. دیل کرێکار بێ، ڕه‌ش بێ، سوور بێ یا دیل ژن بێ و… فه‌ڕق ناکا(9). «سه‌ن سیمۆن» پێی وابوو ژنیش وه‌ک پیاو به‌شیک له‌و گیانله‌به‌رانه‌یه که پێی ده‌ڵین «مرۆڤ».
پاش شۆڕشی ئۆکتۆبڕ، به هۆی هه‌ڵبژێرانی ژنێک له وڵاتێکی گه‌وره‌ی وه‌ک یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌تیی پێشوو به وه‌زیری کاروباری ژنان به ناوی «الکساندرا کولنتای»، بزووتنه‌وه‌ی فێمینیستی له ئورووپا ته‌کانێکی گه‌وره‌ی بۆ خۆی دا و له مه‌یدانێکی به‌رینتردا خۆی نواند. به سه‌رهه‌ڵدانی مه‌کته‌بی «مارکسیزم» و به تایبه‌ت دامه‌زرانی سوسیالیزم له به‌شێک له وڵاتانی جیهاندا، کێشه‌ی ژنان له ئورووپا ده‌که‌وێته چوارچێوه‌یه‌کی نوێتره‌وه.(10) «مارکس» و» ئینگێڵس» له به‌رهه‌مه‌کانی خۆیاندا، ده‌ریان بڕیوه که چاره‌نووسی ژن به‌ستراوه‌ته‌وه به مێژووی مالکییه‌تی خسووسی. ئینگیڵس ده‌نووسێ: «ژن ناتوانێ رزگار بێ، مه‌گه‌ر ئه‌وه که له به‌رهه‌مهێناندا به‌شدار بێ و به‌شیکی که‌م له کاتی خۆی بۆ کاری نێوماڵ ته‌رخان بکا.»
دیاره ئه‌وه‌ش نه‌ده‌کرا، مه‌گه‌ر ڕه‌وتی سه‌نعه‌تی و یان پیشه‌یی بوون په‌ره بگرێ و سه‌نعه‌ت و پیشه‌ی گه‌وره دابمه‌زرێن. دیاره مه‌کته‌بی «مارکسیزم» له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تیئۆری بۆ هاتنه مه‌یدانی ژنان و به‌شدارییان له کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریدا داده‌تاشێ، به‌ڵام باوه‌ڕی به فێمینیزم به‌و مانایه که ژنان بۆ خۆیان و له ڕێگه‌ی خۆیانه‌وه بۆ مافه تایبه‌تییه‌کانیان هه‌وڵ بده‌ن، نیه.
مارکسیسته‌کان پێیان وابوو که «ئازادیی ژن له‌گه‌ڵ ئازادیی کرێکار پێوه‌ندییه‌کی نه‌پساوه‌ی هه‌یه و هه‌ر بۆیه‌ش ژنان و پیاوانی کرێکار پێویسته بۆ یه‌ک مه‌به‌ست تێ بکۆشن.»
هاوکات له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی سه‌نعه‌ت، خاوه‌ن کارخانه‌کان به‌و هۆیه که مووچه‌یه‌کی که‌متریان ده‌دا به ژنان، زیاتر له هێزی ئه‌وان که‌ڵکیان وه‌رده‌گرت. ئه‌وه‌ش له نێو پیاوانی کرێکاردا ناڕه‌زایه‌تیی پێک هێنابوو و بووه هۆی ئه‌وه که ته‌نانه‌ت کرێکارانی ژن و پیاویش نه‌توانن هاوده‌نگ بن. له‌م ده‌وره‌یه‌دا ژن به شێوه‌یه‌کی به‌رین و وه‌حشه‌تناک له بواری کاردا بچه‌وسێته‌وه و ناچار بێ ڕۆژانه 20 کاتژمێر کار بکا و هێشتا نه‌یده‌توانی دیفاع له خۆی بکا و ته‌نانه‌ت ده‌زگا قانوونییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانیش دیفاعیان لێ نه‌ده‌کرد. (11)
له‌سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به هۆی خه‌باتی به‌رینی ژنان له وڵاتانی ئورووپایی‌دا، ئه‌وان به به‌شێک له مافه‌کانیان گه‌یشتن. دیاره له‌و ساڵانه‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌و خه‌باته‌ی ژنان و وێڕای ئه‌وه‌ی هێندێک مه‌یدان بۆ ئه‌وان ئاوه‌ڵا ده‌بێ، به‌و حاڵه‌ش هێشتا خۆ له کاری سیاسی ناده‌ن و پیاوان هه‌روا ده‌سه‌ڵاتداری بێ هاوتان، له هه‌موو مه‌یدانه‌کانی سیاسی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و هی دیکه‌دا. له ڕاستیدا ژنان له‌و ده‌وره‌دا زیاتر چاوه‌ڕوانن پیاوان بۆ خۆیان مافه‌کانیان بۆ به دیاری بێنن، بێ ئه‌وه که به خه‌باتێکی هه‌مه لایه‌نه وه‌ده‌ستی بێنن. «سیمۆن دوبوار» له‌و باره‌وه ده‌ڵێ: «ژنان له درێژایی مێژوودا قه‌ت هیچیان وه‌ده‌ست نه‌هێناوه. ئه‌وان هه‌میشه به شتێک گه‌یشتوون که پیاوان پێیان خۆش بووه له‌ده‌ستی بده‌ن(12).
په‌راوێزه‌کان
1) کتێبی «از جنبش تا نظریه اجتماعی: تاریخ دو قرن فمنیسم حمیرا مشیرزاده (مقدمه)
2) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو
3) نظریات فمینیست ڕادیکال_ شولامیت فایرستون
4) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو
5) کتێبی فیلسووفه‌کانی فه‌ڕانسه‌وی، وه‌رگێڕ: اسماعیل کمانی
6) کتێبی «فیزیولوژی ازدواج –بالزاک
7) گۆڤاری «آوای زن» ژماره 3
8) گۆڤاری «نیمه دیگر»، ژماره 10
9) گۆڤاری «تیشک» ژماره 3
10) کتێبی «فمنیسم» ، نووسه‌ر: «مریلن فرێنچ»، وه‌رگێڕانی بۆ فارسی «سارا محمودی»
11) قانوونی کار نووسینی « مهرانگیز کار»
12) کتێبی «جنس دوم» نووسینی «سیمۆن دۆبوار»، وه‌رگێڕانی بۆ فارسی: «نیره وحیدزاده»
لە ژمارەی ٧٢٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)