سورییە بۆتە «پیاوی نەخۆشی» خۆرهەڵاتی ناڤین، وڵاتێکی پڕ لە مەرگ و ئاوارەیی. سەرۆک کۆماری پێشووی ئهمریکا، باراک ئۆباما ڕووسیهی بانگهێشتی ناوچەکە کرد تا کۆنتڕۆڵی بەکارهێنانی گازی ژەهراوی لە لایەن بەکرێگیراوەکەی بەشار ئەسەد بکا. لە ٢٠١٥، کاتێک کە دەستێوەردانی ڕووسەکان بەربڵاوتر بوو، ئاغای ئۆباما گوتی ئەمە «تەنیا دەبێتە هۆی گیرخواردنیان لە باتڵاقدا.» سێناتۆر جان ماککەین لە ئەنجومەنی پیران وەڵامی دایەوە: سیاسەتی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما «ڕیسکی هەڵوێستگرتنی بە مەترسیی بێهەڵوێستیی گۆڕیوەتەوە.»
ئەمڕۆ دەبینین کە مەترسییەکانی بێهەڵوێستی ئاشکرا دەبن. دەسەڵاتی ڕووسیه بەسەر تەقریبەن نیوەی خاکی سورییە لە ماوەی تەنیا چەند مانگ دوای دەستێوەردانەکەی و بوونی ڕووسیه لەوێ کۆتایی بە گشت هەوڵێکی جیددی لە لایەن پشتیوانەکانی نەیارەکان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئەسەد هێنا.
جگە لەمە، ڕێبەری ڕووسیه ڕێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیە کرد کە هەوڵی ناسەقامگیر کردنی ڕێژیمی دابوو و لە جیاتان هاوپەیمانییەکی بناخەداندراو لەسەر دوژمنایەتیی چالاکی [تورکیە] لەگەڵ کوردانی پێک هێنا. ئێستا دەکرێ بڵێین کە بەم ئاڵوگۆڕە لە سیاسەتدا، نزیکەی سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە سەردەمێک پشتیوانییان لە ئۆپۆزیسیۆن دەکرد پێویستیان بە ڕووسیهیە تا لە سووریە فریایان بکەوێ. ڕووسیه ڕێگای پێدراوە کە ببێتە «ئەسپی بەهێزی ڕۆژهەڵاتی مەدیتەرانە.»
ئەم بیرۆکەیە کە ڕووسیه دەتوانێ وەک تایەری باڵانس لە دژی ئێران بەکەڵک بێ لە کاتێکدا کە هاوپەیمانییەکی لاوازی لەگەڵیدا هەیە، دەرخەری ئەم باوەڕەیە کە ئەو دەتوانێ زامنێکی باشتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەقامگیری بێ. بەڵام، ڕووسەکان هێشتا سیاسەتێکیان نیشان نەداوە کە هەمان دەرەنجامی لێ بکەوێتەوە. ئۆردۆن، ویلایەتە یەکگرتووەکان و لوبنان هیوادار بوون ڕووسیه لە هاوپەیمانەتیی لەگەڵ ئێران دەست هەڵگرێ و ڕێگا بە داهاتوویەکی جێگای ئومێد بدا. ئەمە تا هێشتا وەڕاست نەگەڕاوە. بەڵام وەزارەتی کاروباری دەرەوە لەسەر ئەم بڕوایەیە کە دەکرێ ڕووسیه لە ئێران و حیزبوڵڵا جیا بکرێتەوە. ئەم دەستپێشخەرییە پاڵنەری دانوستانە هەنووکەییەکانی ڕووسیه لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان لەم بارەوەیە.
سێ فاکتری بەرایی تێگەیشتنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی لەبارەی سورییە گۆڕیوە: هیچ هەوڵێکی دەرەکی بۆ بە چالشکێشانی ئاغای ئەسەد وەک پێشوو بوونی نیە، نەیارەکان هیچ هەڕەشەیەک ناخەنە سەر ناوەندە پڕ حەشیمەتەکان و هەموو نەتەوەکانی خاوەن گرەو لە ناچەکەدا ڕێککەوتنیان لەگەڵ ڕووسیه هەیە، نەوەک هەر ئێران. لاوازکردنی پەیوەندیی نێوان ئێران و سورییە لەوانەیە ئامانجی ڕوسەکان بێ، ئەمە ئامانجی ویلایەتە یەکگرتووەکانیشە. لە ڕاستییدا، ڕووسیه تەنیا خاوەن دەسەڵاتێکە کە بتوانێ پێش بە دەست بەسەرداگرتنی گشت وڵاتەکە لە لایەن ئێران بگرێ.
لە ڕوانگەی ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئیسڕائیلەوە، هیچ ناکۆکییەک لەوەدا نیە کە حیزبوڵڵا دەبێ سنووردار بکرێ، لانیکەم لە بەرزاییەکانی گوڵان بکشێتەوە. ئەمە تاقیکاریی جێی متمانەبوونی ڕووسەکانە. لە ناوچەکە کۆتر نافڕن، بەڵام شێوەیەک لە سەقامگیریی مومکینە. ڤلادیمیر پوتین نیشانی داوە کە خوازیاری هێڵێکی پارێزەر لەگەڵ ئیسڕائیلە.
سەرەڕای ئاکارە بێبەزەییەکانی حیزبوڵڵا کە پتر لە ١٢٠٠٠٠ موشەکی لە لوبنان کۆکردۆتەوە، مۆسکۆ ئیددیعا دەکا کە تێ دەکۆشی هەوڵەکانی شەڕ نەزۆک بکا. لە چەند کۆبوونەوەدا کە بێنیامین نەتانیاهوو لەگەڵ ئاغای پوتین هەیبووە، گەیشتوونە لێکتێگەیشتنێک کە [لە کاتی هێرشی ئیسڕائیل] هێزەکانی ئاغای پوتین ئاگادار بکرێنەوە تا تووشی مەترسی نەبن.
شتێکی ئاشکرایە کە ڕێبەریی ڕووسیه هەردوو لای دەوێ: پێوەندییەکانی لەگەڵ ئێران درێژە پێ بدا کە هێز لەوێ پیادە دەکا و توانایی ئەوەی هەبێ کە پێش بە حیزبوڵڵا بگرێ کە حزووری خۆی لە بەرزاییەکانی گوڵان بسەپێنێ. ئاغای پوتین دەیهەوێ دۆخی هەنووکەیی لە ناوچەکەدا بپارێزێ، بەڵام خولیا ئیمپێریالیستییەکانی ئێران و ئامانجەکانی حیزبوڵڵا لەوانەیە ویستە دیپلۆماتیکەکانی ئەو پووچەڵ بکەنەوە.
ئایا دەتوانن ڕووسەکان خۆیان وەک دەسەڵاتێکی ناوچەیی خاوەن بەرپرسیارەتیی ڕەفتار بکەن؟ ئاخۆ ئێران بە دەورێکی لاوازی شیعە لە ناوچەکە ڕازی دەبێ؟ ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕیگای دەستێوەردانی هەیە؟ و ئاخۆ ئاغای ترامپ بەتەمایە لە ناوچەکە بکشێتەوە کە پێی وایە باتڵاقە؟
ئەمانە پرسیارێکن کە لەسەر مێزی وەزیری کاروباری دەرەوە مایک پۆمپێۆن. ئێستا ئەمانە شتەهایەک نین کە پەلەیان لێ بکرێ، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەرگیز دڵنیا نی کەنگێ ئەمانە لەبەر داوەریی پڕجۆش و بڕیاری ناخۆش ئاگر دەگرن.
لە ژمارەی ٧٢٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)