موجاهیدینی خەڵق، به پێی سێ قسه‌که‌ی ئا. تاڵقانی یانی خه‌باتی دژی ئیمپڕیالیستی، کۆلۆنیالیستی و چه‌وسانه‌وه (ئیستیسماری)، هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران و قوم ده‌کرد. به‌ڵام ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان و هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی خیبره‌گانی یاسای بنچینەیی و ئیزن نه‌دان به ده‌نگهێنانه‌وه‌ی زۆربه‌ی به‌ربژێره‌کانی موجاهیدینی خه‌ڵق، به‌دیل دروستکردنی موجاهیدینی شۆڕشی ئیسلامی له به‌رانبه‌ریاندا، گرتن و ئازاردانی لایه‌نگرانی موجاهیدینی خه‌ڵق له گرتوخانه‌کانی ئێران‌دا، گوێنه‌دان به به‌رنامه‌ی ئه‌و رێکخراوه بۆ ئیداره‌ی وڵات، نه‌خوێندنه‌وه‌ی تێکۆشانی نزیک 14 ساڵه‌ی ئه‌وان (57_44)، به‌پێچه‌وانه‌ی به‌ڵێنیه‌کانی خومه‌ینی و کاربه‌ده‌سته‌کانی دیکه‌ی نیزامی نوێ، بوون بە هۆ گەلێک کە موجاهیدینی خه‌ڵق، تا ڕادەیەک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، دڵ‌سارد ببنەوە.
ئاڵوگۆڕێکی بنه‌ڕه‌تی له یاسای بنچینەیی بۆ ئیداره‌ی وڵات له‌ژێر چاوه‌دێری ویلایه‌تی فه‌قیه و شیعه‌ی مه‌هده‌وی له‌به‌رابنه‌ر شیعه‌ی عه‌له‌ویدا، – که موجاهیدین خوازیاری بوو-. فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ی حیزبی جمهووری ئیسلامی _تازه دامه‌زراو و رووحانییه‌تی هاوکاری_ له هه‌ڵبژاردنی مه‌جلیسی خیبره‌گانی یاسای بنچینەیی و گۆڕینی چه‌ند مادده‌ی گرینگی پێشنووسی ئه‌و یاسایه، موجاهیدینی هێنا سه‌ر ئه‌و بڕوایە که، ده‌نگی ئه‌رێنی(به‌ڵێ) به یاسای بنچینەیی کۆماری ئیسلامی نه‌دا.
موجاهیدین له‌وباره‌وه ده‌نووسێ: سه‌باره‌ت به رێفڕاندۆمی یاسای بنچینەیی و به‌تایبه‌تی کاتێک به‌ناوی ئیسلام _که مه‌سه‌له‌که له‌بواری ئیدئۆلۆژیکی ئێمه‌ی زۆر حه‌ساس کرد_ ئه‌سڵه په‌سندکراوه‌کانی به‌هۆی ناته‌واوییه‌کانی ئیدئۆلۆژیکی که تێماندا دی، نه‌مانتوانی ده‌نگی موسبه‌تی پێ بدین و ئه‌وجار زه‌رووره‌ته سیاسییه‌کانمان وه‌لا نا. لهمبارهیهدا، چه‌ند جار تێبینییه‌کانی خۆمان چ به‌شێوه‌ی تێلگراف بۆ خزمه‌ت ئیمام و چ بۆ شووڕای ئینقلاب نارد و پێشنیاریشمان به مه‌جلیسی خیبره‌گان کرد که بۆچوونه «مکتبی»یه‌کانی ئێمه له یاسای بنه‌ڕه‌تیدا بگونجێنن. به‌ڵام و‌ڵامیان نه‌داینه‌وه. (1)
د. حه‌سه‌ن ئایه‌ت _هەیئەتی دامه‌زرێنه‌ر، ئه‌ندامی شووڕای ناوه‌ندی و ده‌بیری سیاسیی حیزبی جمهووری ئیسلامی_ له دوو کاسێتدا، باسی به‌رنامه‌ڕێژی بۆ خوڵقاندنی ڕووداوه تاڵه‌کانی گۆڕینی یاسای بنه‌ڕه‌تی و هۆی هێرش بۆ سه‌ر زانستگاکان و که‌سایه‌تییه‌کانی نێهزه‌تی ئازادی و موجاهیدینی خه‌ڵق ده‌کا، که جێی سه‌رنجه.
ناوبراو له‌باره‌ی پێشنووسی یاسای بنچینەیی ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشنووسهی د. سحابی، [د. حەسەنی حەبیبی، د. کاتوزیان، لاهیجی] و… نووسیبوویان په‌سند کرابا، ئه‌سڵه‌ن شۆڕش له‌نێو ده‌چوو. ئێستا به‌نی سه‌در سه‌رکۆمار و هه‌مه‌کاره بوو. هه‌م دەیتوانی مه‌جلیس هه‌ڵوه‌شێنێ، هه‌م قازییه‌کانی دادگوسته‌ری ده‌ستنیشان بکا و ئه‌رته‌شیشی له‌ژێر فه‌رماندا بێ. هه‌موو شتێک له‌ژێر چاوه‌دێریی ئه‌و دا ده‌بوو.- دیاره ئه‌و قسانه پێش هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری کراون.-
ئایەت ده‌ڵێ: ئێمه چووینه نێو یاساکه. فه‌رمانده‌ریی هێزه نیزامییه‌کانمان دا به ڕێبه‌ر. ئه‌گه‌ر ڕێبه‌ر سه‌رکۆماریش بکاته نوێنه‌ری خۆی، ئه‌سڵ نیه. هه‌رکات بیهه‌وێ ده‌توانێ لێی وه‌رگرێته‌وه. ده‌سه‌ڵاتی ته‌واومان داوه به مه‌جلیس. سه‌رکۆمار ته‌نیا ده‌توانێ میداڵان بدا و وه‌ریانگرێته‌وه، باڵوێزی وڵاتان ببینی؛ ئه‌گینا هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی نیه.(2)
به‌ربژێریی ئاغای ڕه‌جه‌وی بۆ سەرکۆماری
له به‌ره‌به‌ری هه‌ڵبژاردنی یه‌که‌مین سه‌رکۆماریدا، موجاهیدین، ئا. خومه‌ینیی بۆ ئه‌و پۆسته کاندید کرد. بڵاوکراوه‌ی موجاهید نووسی: موجاهیدینی خه‌ڵقی ئێران، به پێی هه‌لومه‌رجی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی بەرایی و له‌به‌رچاوگرتنی مه‌سه‌له نه‌ته‌وەیی و نێونهتهوەییهکانی وڵاته‌که‌مان، ڕێبه‌ری شۆڕش «امام خمینی»، به شایسته‌ترین که‌س بۆ هه‌ڵبژاردنی پۆستی سه‌رکۆماری ده‌زانین و له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا، ده‌نگی خۆمانی دهدینێ.(3)
هه‌روه‌ها له لاپه‌ڕه‌ی 12ی موجاهید و له درێژه‌دا، ئاماژه به‌و ده‌کا که :هه‌تا پێش مه‌رگی باوکه تاڵەقانی، هیوای ئێمه ئه‌و بوو که به قبووڵی ئه‌و به‌رپرسایه‌تییه له‌لایه‌ن ئه‌و، زه‌حمه‌ته‌کانی ئیمام که‌متر ده‌بێته‌وه. بۆیه له‌هه‌لومه‌رجی ئێستادا، ناچارین بۆ یه‌کیه‌تیی دژی ئیمپریالیستی خه‌ڵکه‌که‌مان و پێشگیری له گه‌شه‌ی دووباره‌ی سه‌رمایه‌داری به‌ستراوه و پێگه لیبڕاڵییهکهی و بۆ پێداگریی لەسەر مافی هه‌موو ناوچه‌کان و میلییه‌ته‌کانی نیشتیمانه‌که‌مان (که به‌تایبه‌تی له په‌یامی 26 ی گه‌ڵارێزانی 1358، له‌سه‌ر بنچینه‌ی دیاری کردنی شێوه‌یه‌ک مافی چاره‌نووس و ئیداره‌ی نێوخۆیی، بۆ خوشک و برایانی کوردمان به‌ڕوونی هاتوه)، زه‌حمه‌ت و فشاره‌کانی دووقات قبووڵ بکا و به‌رپرسایه‌تیی سه‌رکۆماریش وه‌ئه‌ستۆ بگرە.
به بڕوای ئێمه، قبووڵی ئه‌و به‌رپرسایه‌تییه و کۆبوونه‌وه‌ی ڕێبه‌ری و سه‌رکۆماری له‌لایه‌ن ئێوه، یه‌کێک له که‌مایه‌سییه‌کانی یاسای بنچینەیی کەم دەکاتەوە و… به‌ڵام چوونکه خومه‌ینی ئه‌وکات، پێێ وابوو ڕووحانی (مه‌لا)، نابێ له پۆستی سه‌رکۆماریدا بێ. نه بۆخۆی وڵامی داوای موجاهیدین و رێکخراوه هاوبیرەکانی داوه و نه ئیزنی به که‌سێکی دیکه‌ی رووحانییش دا، خۆ بۆ ئه‌و پۆسته به‌ربژێر بکا.
دوای ماوه‌یه‌ک چاوه‌ڕوانی له سه‌ر بڕیاری خومه‌ینی که ته‌ئیدی سه‌لاحییه‌تی به‌ربژێره‌کانی یه‌که‌مین خولی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری به خه‌ڵک سپاردبوو، مه‌سعوودی ڕه‌جه‌وی بۆ یه‌که‌م ده‌وره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری له لایه‌ن رێکخراوی موجاهیدینی خه‌ڵقی ئێران کاندید کرا.
مووسا خەیابانی له کۆنفرانسێکی چاپه‌مه‌نیی له‌وباریه‌وه گوتی: ئێمه چاوه‌ڕوان بوین هه‌تا به‌ته‌واوی له بڕیاری قبووڵکردن و نه‌کردنی ئیمام یا ئه‌وه‌ی که، ئه‌و سه‌باره‌ت به که‌سێک بیروڕایه‌کی تایبه‌تی هه‌یه، ئاگادار بین. هه‌تا ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به فه‌رمی راگه‌یاندرا که ئیمام کاندیدای سه‌رکۆماری نیه و مافی ته‌ئیدی سه‌لاحییه‌تی به‌ربژێره‌کان له یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماریدا، بە خەڵک سپارد.
هه‌روه‌ها، به‌و پێیه‌ی که دوای ڕاپرسی یاسای بنچینەیی له‌بواری بڕیاردانی سیاسی‌دا، مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆمارییه؛ دوای باسێکی زۆر له‌نێو خۆماندا، به‌و ئاکامه گه‌یشتوین که هه‌موو هێزه سیاسییه‌کانی کۆمه‌ڵگە و خۆشمان چ ئه‌وانه‌ی له ڕاپرسییه‌که‌دا، به‌شدارییان کردوه و چ ئه‌وانه‌ی نه‌یانکردوه و هه‌ر بیروڕایه‌کی هه‌یانه یا بوویانه، هه‌وڵ بده‌ین له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری چالاکانه هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن.(4)
مه‌سعوود رهجهویش له ناساندنی خۆی بۆ به‌ربژێریی یه‌که‌مین خولی سه‌رکۆماریدا، گوتی: به بڕوا و بیروبۆچوونی ئاڕمانی و سیاسیمان له چوارچێوه‌ی یاسای بنچینه‌یی په‌سند کراودا، بۆ به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری، به‌تایبه‌ت بۆ نه‌هێشتنی که‌مایه‌سییه‌کانی ئه‌و یاسایه و پێویستی بیروڕای گشتی و ته‌دوینی موتهمیمی په‌سند کراو؛ و…. ئامادەیی خۆم ڕادەگەیەنم.(5)
سەرچاوەکان
1- مجاهد شماره 19 ، سال اول، سه‌شنبه 25 دیماه 1358، ص6
2- روزنامهء مجاهد شماره 93، سال اول، شنبه 31 خرداد، ص 4
3 – مجاهد، شماره 18، سال اول، ص2
4– مجاهد، شماره 16، سال اول، صفحهء اول، سه‌شنبه 4 دیماه 1358
5- مجاهد شمارە 18
لە ژمارەی ٧٢٨ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)