ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ویست و داخوازییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان له به‌رنامه‌ی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا و هه‌ڵبژاردنی ستراتیژی و تاکتیکی گونجاو و گرتنه‌پێشی سیاسه‌تێکی ئوسوولی و مه‌نتیقی له‌لایه‌ن حیزبه‌وه، بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به چه‌شنێکی به‌رین پشتیوانی له حیزبه‌که‌یان بکه‌ن. ئه‌و پاڵپشتییە له‌و ڕاستییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ که حیزبی دێموکراتی کوردستان به درێژایی ته‌مه‌نی خۆی توانیویه‌تی کاریگه‌ریی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵی کورده‌واری دابنێ بە جۆرێک وەک چۆن زۆر لێکۆڵەر و کەسانی خاوەن ڕا دەڵێن، مێژووی ئه‌و سێ چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ی دوایەی گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌لاتی کوردستان، کەم و زۆر هه‌مان مێژووی حیزبی دێموکراته و مێژووی ته‌مه‌نی ئەم سێ چاره‌گه سەدەیەی حیزبی دێموکراتیش مێژووی گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانە.
له وەها دۆخێک‌دا به هه‌بوونی ته‌شکیلاتی به‌هێز و لەخۆبوردوویی پێشمه‌رگه و حوزووریان لە نێو خه‌ڵکدا، دەکرێ پێوه‌ندیی نێوان خه‌ڵک و حیزبه‌که‌مان به‌هێزتر بکه‌ین و له هێز و توانای خه‌ڵک زیاتر که‌لک وه‌ربگیرێ. ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که حیزبه‌که‌مان له‌نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکدا ڕه‌گ و ڕیشه‌ی به‌هێزی داکوتاوه و ته‌نانه‌ت زۆر جار له کاتی زۆر هەستیاردا ئه‌و پێوهندییانە تینوتاوێکی بەگوڕیان داوە بە ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی حیزب و گەل.
نموونەی فیداکاری و پێوەندیی نەپساوەی خەڵک و پێشمەرگە لە شەڕ و بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و پارێزەرانی کۆنەپەرستی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەردەکەوێ. له لاپەرەی هەگبەی شاخ و شۆرشی ئه‌مجارەدا باس لە حه‌ماسه‌یه‌کی هێزی پێشمه‌رگه و پشتیوانیی خه‌ڵکی نیشتمانپه‌روه‌ری ناوچه‌ی سه‌قز ده‌که‌ین.
ڕۆژی 8ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی 1365ی هه‌تاوی حه‌ماسه‌یه‌کی که‌م وێنه لە دەرەنجامی شەڕێکی سەخت و خوێناوی له نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ی دێموکرات له‌لایه‌ک و هێزی داگیرکه‌ری کۆماری ئیسلامی له‌لایەکی دیکه‌وه خوڵقا. شه‌وی پێشتر پێشمه‌رگه‌کانی مه‌ڵبه‌ندی دووی کوردستان بۆ پشوودان ڕوویان له ئاوایی «خوڕمتا» کردبوو. پێشمەرگەکان پاش دامه‌زران له نێو ئاوایی‌دا هێزی که‌مین و چاوەدێریان بۆ شاخه‌کانی پشت ئاوایی نارد. له کاتژمێری 6ی به‌یانی له‌لایه‌ن که‌مینی هێزی پێشمه‌رگه‌وه هه‌ست به هێرشی به‌ربڵاوی دوژمن کرا، ئه‌وانیش فه‌رمانده‌کانی خۆیان ئاگادار کرده‌وه که دوژمن کەوتۆتە جموجۆلێکی زۆر و گه‌ورەوە. نیو سەعات دواتر و لە کاتێکی گونجاو‌دا قاره‌مانانی گه‌ل ده‌ستێکی باشیان له دوژمن وه‌شاند. شەڕ تا سه‌عاتی 9ی به‌یانی له ده‌ورووبه‌ری گوندی خوڕمتا و به‌رزاییه‌کانی به‌رده‌وام بوو. به شکانی دوژمن شه‌ڕ به‌ره‌و به‌رزاییه‌کانی وهرێنانی و شاخی ڕووش گوازرایه‌وه. تێکۆشه‌رانی دێموکرات که زه‌برێکی باشیان له دوژمن دابوو خۆیان سازمان دایەوه و له‌و به‌رزاییانه سه‌نگه‌ریان گرته‌وه و چاوه‌ڕوانی جموجۆڵ و پەلاماری هێزی کۆنه‌په‌رستی مانه‌وه. له لایه‌کی دیکه هێزی به‌زیوی کۆماری ئیسلامی به ده‌یان ماشێنی پڕ له چەکدار و به چه‌ک و چۆڵی ته‌یاره‌وه و به پشتیوانی سێ هێلیکۆپتێڕ هاتنه‌وه مه‌یدانی شه‌ڕ و ده‌ستیان به پێشڕه‌وی به‌ره‌و سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌کان کرد. هێزی زۆر بەڵام بێ ورەی کۆماری ئیسلامی هه‌موو جارێ که له سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌کان نزیک ده‌بوونه‌وه، لەگەڵ بەرەنگاریی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگە بەرەوڕوو دەبوونەوە و کوڕانی دێموکرات لێیان ڕادهسان و هێزی دوژمن به ژماره‌یه‌ک کوژراو و بریندارەوە به‌ره‌و دواوە ههڵدههاتنهوه. شاخی ڕووش به‌سه‌ر شاری سه‌قزدا ده‌روانێ و، بەشێک لە خه‌ڵکی ئه‌و شاره بە چاوی خۆیان دەیاندی که قاره‌مانانی گه‌ل چۆن له به‌رامبه‌ر لافاوی ئینسانی بەڵام بێ وره‌ی کۆماری ئیسلامی‌دا ڕاوه‌ستابوون. پاش هه‌ر شکستێک، هێزه‌کانی دوژمن به ئاوری تۆپ و خۆمپاره و ڕاکێتی هێلیکۆپتێر سه‌نگه‌ری هه‌ڵۆکانی نه‌که‌رۆز و سورووسات و چلچهمهیان ئاورباران ده‌کرد. شه‌ڕ تا کاتژمێری 5ی ئێوارێ به‌رده‌وام بوو، پاش 11 سه‌عات شه‌ڕی قاره‌مانانه و لە کاتێکدا تۆپخانه‌ی دوژمن به به‌رده‌وامی سه‌نگه‌ری کوڕانی دێموکراتی ده‌کوتا، سەرکەوتنێکی گەورە بۆ پێشمەرگەکان وەدەست هاتبوو، بەڵام به‌داخه‌وه له ئێوارێدا حه‌کیم ڕه‌زایی، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی 2ی کوردستان که به‌رده‌وام له سه‌نگه‌ره‌کانی پێشه‌وه‌دا شه‌ڕی ده‌کرد له گه‌ڵ دوو پێشمه‌رگه‌ی دیکه شه‌هید بوون و چوونە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە.
ئه‌وه‌ی جێگای سەرنجە ئەوەیە که قاره‌مانانی دێموکرات پاش 11 سه‌عات شه‌ڕ و به‌ربه‌رکانی له به‌رامبه‌ر هێزی بێ ئه‌ژماری دوژمن، سه‌رشۆڕییه‌کی گه‌وره‌یان نسیبی دوژمن کرد. پاش ته‌واوبوونی شه‌ڕ هێزی پێشمەرگە لەبەر ئەوەی پاش ڕۆژێک شه‌ڕ کردن و هۆی لەبەردەستدابوونی چەند شه‌هید و کۆمەڵێک بریندار کارێکی ئاسان نه‌بوو له شەڕگە دەرباز ببن؛ بەڵام هەر بە پشتیوانیی خەڵکی ئەو ناوچەیە، لەو دەڤەرە خۆیان حەشار دا و ناوچەکەیان جێ نەهیشت. به‌ڵام ڕۆژێک دوای شه‌ڕه‌که، ده‌بێ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و تێکۆشهڕانه وه‌ک لاپه‌ڕه‌یه‌کی زێڕین له پشتیوانیی خه‌ڵکی کوردستان و لێرەدا گوندی «مازوار» بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی دێموکرات بنووسرێته‌وه. خه‌ڵكی باشیان ده‌زانی پێشمەرگە پارێزەری ئەمنییەت، شەڕەف و کەرامەتی ئه‌وانە و گیانی خۆی بەختی ئامانجەکانی نەتەوەکەی دەکا و ئازایانە گیانی لەسەر بەری دەستی داناوە تا لە رێگای نیشتماندا بیکاتە قوربانی، بۆیەش هەمیشە بە چاوی قەدرەوە لە پێشمەرگەیان ڕوانیوە و هاوکارییان کردوون.
بەڵێ… پێشمەرگەکانی مەڵبەندی دووی کوردستان توانییان له نێو خه‌ڵکی قاره‌مانی مازوار، بێ فیشه‌ک، ماندوو و شه‌که‌ت و هیلاک، به چه‌ندین بریندارهوە، ته‌نانه‌ت سەرەڕای بوونی پایه‌گای هێزه‌کانی رێژیم له پشت ئاوایی، له نێو خه‌ڵکی خۆیاندا بمیننەوە و بحه‌سێنه‌وه. هەڵبەت ئه‌گه‌رچی لەو شەڕە قورسەدا سێ پێشمەرگەی قاره‌مان شه‌هید بوون به‌ڵام دەرکەوت کە بە لێکگرێدان و پێوه‌ندیی خه‌ڵک و هێزی پیشمه‌رگه هێچ هێزێک ناتوانێ به چۆکیان دابێنێ. ئەو پێوەندییە ئەو ڕاستییە دەردەخا کە بڵێین خەڵکی کوردستان هەموو کاتێ دینامیزمی سەرەکیی خەباتی گەلەکەمانن و تا سەرکەوتنی یەکجاریش لە ڕیزی پێشەوەی خەباتدا دەمێننەوە.
( لە ژمارەی ٧٢٦ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)