کێشەی سووریە لە زۆر بوارەوە لەگەڵ شەڕی سی ساڵە (١٦٤٨ – ١٦١٨) وەک یەک دەچن، کە ناوەندی ئورووپا، بە تایبەتی شاری ئاڵمانیی ماگدێبورگ، حەڵەبی ئەم سەردەمەی، خاپوور کرد. لە دوورەوە شەڕەکە کێشەی یەک لەدوای یەک بوون کە مەینەتباریی لەپێوان نەهاتووی بەسەر خەڵکی ئورووپادا سەپاند و تەنیا کاتێک بە ئاشتی وێستفالیا کۆتایی پێهات کە گشت لایەنە بەشدارەکان بە تەواوی ماندوو ببوون.
شەڕی سی ساڵە بە ڕواڵەت کێشەی ئایینی لە نێوان کریستیانی کاتۆلیک و پرۆتیستان بوو، هەروەک هۆی سەرەکیی کەلێنی نێوان موسڵمانانی سوننی و شیعە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەمڕۆ. بەڵام، هەروەک ئەمڕۆی سووریە، ئایین ڕووکەشێکە بۆ ململانێی قووڵتر لە سەر دەسەڵات و دەسەڵاتداریی ناوچە.
شەڕی سووریە لە کاتی بەهاری عەڕەبیدا سەری هەڵدا، لە کاتێکدا کە خۆپیشاندەران داوای دێموکراسی و کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆریی سەرۆککۆمار، بەشار ئەلئەسەدیان دەکرد. بەڵام زۆر زوو بووە پرسێکی نێونەتەوەیی. ئێران و حیزبوڵڵا، میلیشیای لوبنانی کە ئێران پشتگیریی دەکا، لەگەڵ ڕووسیه، دەستوەردانی سەربازییان کرد و پێشیان بە شکستی ئەسەد لە بەرامبەر هێزە نەیارەکان، کە لەلایەن تورکیە و عەڕەبستانی سعودییەوە وەک نوێنەری لایەنی سوننی، گرت.
لەهەمان کاتدا، شەڕەکە بەربڵاوتر بۆوە و هەڵمەتێک بە ڕێبەریی ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی داعش دەستی پێکرد و کاتێک کە ساڵی ڕابردوو داعش تێك شکا، کێشەیەکی دی، ئەمجارە لە نێوان تورکیە و کوردەکانی باکووری سووریە، خێرا دەستی پێکرد. ئێستا جەنگاوەرانی هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، یەپەگە (یەکینەکانی پاراستنی گەل) کە سەلماندوویانە بۆ شەڕ دژی داعش بێ وێنەن لەلایەن تورکیەوە کراونە ئامانج، لە ئاکامدا ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە نێوان دوو هاوپەیمانی ناتۆ بەرز بۆتەوە. جگە لەوانە، مەترسیی پەرەئەستێنی پێکدادانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕووسیه، کە بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییانە کە باس لە هێرشی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و کوژرانی چەند دەرزەن بەکرێگیراوی ڕووسیایی لە سووریە دەکەن، پشتڕاست دەکاتەوە.
لەگەڵ هەر بڕگەیەک، تراژێدیای سووریە وێدەچی هەر دێت و مەترسییدارتر دەبێ. کێشەکە چیتر لەسەر ئەوە نیە کە کێ لە دیمەشق دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بەڵکوو کێ لە خۆرهەڵاتی ناوین خاوەن هەژەمۆنییە. کێبڕکێیەکە تەنیا لە نێوان ڕووسیه و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا نیە، بەڵام لە نێوان ئێرانی شیعە و عەڕەبستانی سوننیشە، کە هەر دێت و خۆی زۆرتر لەگەڵ ئیسڕائیل دەگونجێنێ، کە هاوپەیمانێکی دیکهی ویلایەتە یەکگرتووەکانە.
تورکیە بە نۆرەی خۆی زۆرتر ترسی لە دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردییە لە باکووری سووریە، کە ببێتە هۆی هاندانی لایەنە جوداییخوازەکانی کوردی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیە. بێگومان، کوردەکانی باکووری عێراق (کوردستان) هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان دەدەن و تەنانەت گشتپرسی سەربەخۆییشیان لە ساڵی ڕابردوودا بەڕێوە برد.
لە کۆتاییدا، ئیسڕائیل، زلهێزی سەربازیی ناوچەکە، بەرژەوەندیی تەناهی خۆی لە لوبنان و باشووری سووریە هەیە. تا ئەم دواییانە، ئیسڕائیل تا ڕاددەیەکی زۆر خۆی لە شەڕەکە بەدوور گرتبوو. بەڵام ناچار بووە بە هێزی ئاسمانی بۆ پێشگرتن بە گەیشتنی کەلوپەلی سەربازیی بە دەست حیزبوڵڵا و بۆ پێشگرتن بە ئێران کە بوونی خۆی لە سنووری باکووری ئەوان بسەپێنێ، دەستوەردان بکا.
تێوەگلانی ئیسڕائیل ئەم مانگە، کاتێک کە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی کە لە سووریەوە چووبووە نێو ئاسمانی ئیسڕائیل خستە خوارەوە، بەربڵاوتر بوو. کاتێک کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسڕائیل لە وەڵامدا هێرشیان کردە سەر بنکە ئێرانییەکان لە سووریە، یەکێکیان لەلایەن ئاگری دژە فڕۆکەی سووریە کەوتە خوارەوە ( فڕۆکەوانەکان بە سڵامەتی گەیشتنەوە نێو خاکی ئیسڕائیل)، کە بووە هۆی هێرشی ڕاستەوخۆی ئیسڕائیل بۆ سەر هێزەکانی ئەسەد.
لە کاتی ئەم ڕووداوانەدا، زۆر زوو ئاشکرا بوو کە ئیسڕائیل ناتوانێ پشت بە پەیوەندیی تایبەتیی نێوان سەرۆک کۆماری ڕووسیه ڤلادیمیر پوتین و سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بێنیامین نەتانیاهو ببەستێ. ڕوسیە نیشانی دا کە یا نایهەوێ یا ناتوانێ ئێران کۆنتڕۆڵ بکا. کەوابوو، ئێستا ئیسڕائیل پێی خۆش بێ یا نا لە سووریە ئەکتەرێکی چالاکە.
ئەمە دەقاودەق لەو بەرەیە کە شەڕێکیتر دەتوانێ هەڵایسێ، ئەمجارە لە نێوان ئیسڕائیل و ئێران. کێشەیەکی وەها لە بەرژەوەندیی هیچ کامیاندا نیە، بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی هەنووکەیی ئەم شتە دەتوانێ بە ئاسانی ڕوو بدا. ئیسڕائیل ناتوانێ کاتێک کە ڕێژیمی ئەسەد، ڕووسیه، ئێران و حیزبووڵڵا سەرکەوتنی سەربازیی مسۆگەر دەکەن خۆ لە کێشەکە بەدوور بگرێ. فاکتەرەکانی مەیدانیی هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسڕائیل دەکەن و دوژمنی ئەو، ئێران، بەشێوەیەکی بەرچاو بەهێز دەکەن.
شەڕی نێوان ئێران و ئیسڕائیل (و عەڕەبستانی سعودی لە دواوە) سەرجەم ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە، چونکە دەبێتە بەرەیەکی دی لە شەڕ بۆ هەژمۆنی. بەڵام ئەمە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئورووپاش دەبێ، نە تەنیا لەبەر ئەوەی کە کێشەیەکی مەزنتر دەبێتە هۆی ناردنی پەنابەری زیاتر بەرەو باکوور. بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەی سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان دۆنالد ترامپ کە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران هەڵوەشێنێ، ئورووپا دەتوانێ بکەوێتە نێو کێبڕکێیەکی سامناکی چەک، و تەنانەت شەڕێکی مەزنی دیکه، کە لە نیزیکی سنوورەکانی هەڵدایسێ.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەم مەترسییانە، ئورووپا چیتر لەبەرژەوەندییدا نیە کە لە دوورەوە تەماشاوان بێ. ئورووپا دەبێ لەبەر تەناهیی خۆی داکۆکی لە ڕێكکەوتننامەی ناوکیی لەگەڵ ئێران بکا و لەبەر ئەوەی کە یەکیەتیی ئورووپا ئەرکداریی درێژخایەنی بەرامبەر بە ئیسڕائیل هەیە، نابێ ڕێگا بە ململانێی تووندوتیژانەی هەژمۆنی بدا کە ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئیسڕائیل بکا.
ئێستا لە هەموو کات زۆرتر، کاتی دیپلۆماسی ئورووپایە. بە هۆی هەڕەشەی شەڕێکی مەزنی دیکه لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕێبەرانی ئوروپا دەبێ دەستبەکار بن.
( لە ژمارەی ٧٢٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)