ویلایەتە یەکگرتووەکان ماوەی چارەگە سەدەیەکە پارێزەری کوردان بووە و کوردەکان نیشانیان داوە کە ژن و پیاویان لێهاتووترین شەڕکەرانی ناوچەن. بەبێ هێزی کورد، ئێمە نەماندەتوانی ئەم پێشکەوتنە بەرچاوانەمان دژی خەلافەتی داعش مسۆگەر بکەین.
ئێستا کە داعش تێک شکاوە ( بەڵام هێشتا لە جووڵە نەکەوتووە)، ئێمە لە کاتێکدا پشت لە هاوپەیمانە کوردەکانمان لە سورییە دەکەین کە تورکیەی ساختەچیی هاوپەیمانی ناتۆ، بە ڕێبەریی کەسێکی ئیسلامیست، هێرش دەکاتە سەریان.
کوردەکان بۆ ئازادی و کیانێکی سەربەخۆ ئەجەنگن. لانیکەم ٣٠ میلیۆن کورد و ڕەنگبی ١٠ میلیۆنی تریش، لە نێوان سووریە، عێراق، ئێران و تورکیە دابەش کراون، هیچکام لەم دەوڵەتانە کە کورد لێیان زیندانییە ڕێگایان بە سەرژمێرییەکی ڕاستگۆیانە نەداوە. کوردەکان کۆمەڵکوژ کراون، مافە سەرەتاییەکانیان لێ زەوت کراوە، زیندانی کراون، ئەشکەنجە کراون، لاقەیان پێکراوە، فێڵیان لێ کراوە و گشت تاوانێکیان خراوەتە پاڵ ( گشت ئەمانە کە گەلێک ترسناکن بۆ ئەم کەسانەی کە پێشینەی ئیسڕائیل دەزانن ئاشنان).
پاش خیانەتی ڤەرسای بە کوردان سەدەیەک لەمەوبەر، کاتێک قبووڵمان کرد کە ڕێگای پێکهێنانی دەوڵەتیان پێنەدرێ، لە کۆتاییدا پاش [شەڕی] گەردەلولی بیابان، پاش ئەوەی کە سەددام حوسێن گازی ژەهراوی دژی کوردەکانی عێراق بەکار هێنا، هەنگاوی دروستمان هەڵینا. لە جوابدا، کوردەکان ئازایانە لە ناکۆکییەکانی دواییدا هاوشانی ئێمە شەڕیان کردووە.
لە دەرەوەی ئیسڕائیل، هیچکەس شتێکی زیاتری بۆ پشتیوانی لە بەرژەوەندییەکانمان، بە تایبەت لە شەڕ دژی داعش نەکردووە.
ئێستا ئێمە بۆ دڵخۆش کردنی تورکیە خەریکین ڕێگا بە کوشتارێکی تری کوردەکان دەدەین. ئێمە دەبێ لایەنگری لاوازەکان بین نەوەک هی سەگە هارەکان.
لە کاتێکدا کە تانکەکانی تورکیە بۆ کوشتنی کوردان دەچنە نێو پارێزگای عەفرین، کاتی ئەمە هاتووە کە ئیعتراف بەوە بکەین کە تورکیە چیتر هاوپەیمانی ئێمە نیە و چیتر فڕی بەسەر ناتۆوە نەماوە ( تەنانەت ئەردۆغان سیستەمی دژە فڕۆکەی ڕوسیایی دەکڕێ). تورکیە کە گشت ئاکارەکانی دیکتاتۆرییە، دێموکراسی نەهێشتووە، دەیان هەزار کەسی بە تاوانی ساختە خستۆتە نێو بەندیخانەکانەوە، میدیای ئازادی سەرکوت کردوە، سیستەمی دادوەریی تێکداوە، پشتیوانیی لە لایەنە تووندئاژۆکانی سورییە کردووە و بۆ ئامانجی سیاسی، ناکۆکییەکی نێوخۆیی هەڵایساندۆتەوە کە لە ناو هاووڵاتییە کوردەکانیدا ئارام ببوو، و ئەردۆغان پشتیوانی سەرەکیی ئیخوان ئەلموسلیمین لە تورکیا و دەروەی وڵاتە.
بۆ ئێمە ئیجازی هێرش بۆ سەر هاوپەیمانە کوردەکانمانی پێ دەدەین؟ ئەوەی ڕاستی بێ تەنیا لەبەر دوو هۆی بەیەک بەستراوەوە.
یەکەم، بێ هەڵوێستیی. تورکیە لە سەرەتاکانی شەڕی ساردەوە هاوپەیمانمان بووە (ئەگەرچی هاوپەیمانێکی دژوار)، کەوابوو ئێمە کوێرانە ئەم بۆچوونەمان قبوڵ کردووە کە دەبێ تا هەتایە هاوپەیمانمان بمێنێتەوە، تەنانەت کاتێک کە ئەردۆغان دژی بەرژەوەندییە ستراتێژیەکانمان کار دەکا.
دووهەم، بەکارهێنانی سنوورداری تەنیا یەک پێگەی هێزی ئاسمانی، سیاسەتی ئێمەی بەرامبەر بە تورکیە ئیفلیج کردووە. بێگومان، بنکەی ئینجەرلیک لە باشووری خۆرهەڵاتی تورکیە، شوێنێکی ستراتێژیکی تاقانەیە. ئۆپەراسیۆنەکانمان بێ ئەو تووشی مووشکیلەی زۆرتر دەبن و تورکیە ئەوپەڕی کەڵکی لەم باڵادەستییە وەرگرتووە.
کاتی ئەوە هاتووە دەستی ئەرۆغان بخوێنینەوە. ئێمە نابێ داهاتووی ٣٠ تا ٤٠ میلیۆن کوردی لایەنگری ئامریکا بکەینە قوربانی جووتێک هێڵی نیشتنەوەی فڕۆکە.
بیانووی ئەردۆغان بۆ ناردنی هێزی ئاسمانی بۆ ئەودیوی سنوور بۆ ئەم ناوچەیەی کە کوردەکان ئازادیان کردووە ئەم ئیددیعا ساختەیە کە ئەم کوردانەی ئێمە پشتیوانییمان لێکردوون، کە دژی داعش شەڕی ماڵ بە ماڵیان کردووە، تێرۆریستن. لە کایەی ئەلفوبێی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، ئەردۆغان پێداگریی دەکا کە هێزی یەپەگە، هاوپەیمانی ئێمە، لەگەڵ پەکەکە، هێزێکی بەرهەڵستکاری تورکیە کە بۆ دەستەبەر کردنی ڕێککەوتنێکی سیاسی وازی لە تێرۆر هێناوە، لێک جیا ناکرێنەوە.
لە کاتێکدا کە کوردی سەرکوت کراو لە هەر شوێنێک بن هەست بە هاوپەیوەندیی لەگەڵ یەکتر دەکەن، ئیددیعای ئەوەی کە یەپەگە هەمان پەکەکەیە وەک ئەمە دەچێ کە ڕەند پۆل لە بەر پەنجە ماسی خانمی پوڵ تاوانبار بکەی.*
چی بکەین بۆ ئەوەی کە پێش بە تورکیە بگرین کە کەڵک لە چەکوچۆڵێک کە لە ئامریکا دروست کراوە و ئامریکا پێی داوە بۆ کوشتنی تەنیا هاوپەیمانی جێگای مەتمانەمان لە ناوچە، لە دەروەی ئیسڕائیل، وەر نەگرێ؟ کاتی ئەوە هاتووە لە جیاتی خۆ هەڵواسین بە ڕابردووە، باوەش بۆ داهاتوو بکەینەوە. کاتی ئەوە هاتووە بیر لە ستراتێژییەک بکەینەوە بێ پێگەی هێزی ئاسمانیی ئینجەرلیک و هەڵواسینی ئەندامەتیی تورکیا لە ناتۆ تا کاتێک کە دەگەڕێتەوە سەر سەروەریی یاسا و هەڵبژاردنی ڕاستەقینە.
کاتی ئەوە هاتووە ئیعتراف بکەین کە کوردەکان شایانن و مافی دروست کردنی دەوڵەتی خۆیان وەدەستهێناوە. و هەر ئێستا درەنگیش بووە کە هێڵێکی سوور بۆ ئەردۆغان دابندرێ، کە ڕێگای کوشتاری ئەو کوردانەی پێنادرێ کە هاوشانی ئێمە و بۆ ئێمە جەنگاون.
کوردەکان تێرۆریست نین. تێرۆریست لەسەر کورسی سەرۆک کۆمار لە ئانکارا دانیشتووە.
* ڕەند پۆڵ سیاسەتمەدارێکی حیزبی کۆماریخوازی ئامریکایە و تەنیا شتێکی هاوبەش لە نێوان ناوبراو و پەنجەماسییەکەی لەم وتارەدا ناوی هاتووە وشەی “پۆڵ” ە.