لە ساڵی ١٢٨٩ی هەتاوی و لە گوندی بەردەڕەشی ناوچەی بانە و لە بنەماڵەیەکی وەرزێڕی رەنجکێشدا، منداڵێكی ژیکەڵە پێی نایە ژیانەوە. باوکی گوێزەبانەی بۆ دەکا و ناوی دەنێ حەسەن و، مامۆستا بانگی حەقی بە گوێدا دەدا.
حەسەن کوڕی مام ساڵحە و دایکی ناوی ئامانە خانە. ئەو هەر لە تەمەنی 5_6 ساڵیدا لە خزمەت مامۆستای گوندەکەیان دەست بە خوێندنی پەرتووکە سەرەتاییەکانی مەلایەتی دەکا و دەبێتە قوتابییەکی حوجرەی گوندەکەیان. حەسەن دوای تەواوکردنی پەڕاوە سەرەتاییەکان، بەڕەسمی دەبێتە فەقێ و وەدووی فێربوونی زانست دەکەوێ. لە حوجرەی شار و گوندەکانی کوردستان و لە خزمەتی زۆر لە مامۆستایانی وەک مەلا ئەحمەد نەمەشیری و مەلا مستەفای شوێیی و، مەلا ڕەحمانی سیسێر و مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی لە گوندی قاراوا و دواجار لە گوندی سەرایە و؛ لە خزمەتی مامۆستا هادی ئەفخەمزادەدا درێژە بە خوێندنی دوایین پلەکانی مەلایی دەدا و هەر لە خزمەتی ئەویشدا بڕوانامەی مەلایی وەردەگرێ و دەبێتە مامۆستای ئایینی.
مامۆستا مەلا حەسەن شەیدایی، دوای وەدەستهێنانی بڕوانامەکەی دەگەڕێتەوە گوندەکەی خۆیان و بۆ ماوەیەک سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ دەبێ، دواتر دەڕوا بە شوێن بەجێگەیاندنی ئەرکی مەلایەتی و لە پێناو ئەو ئەرکەشدا لە کۆمەڵە گوند و شاری کوردستاندا مەلایەتی کردوە، لەوانە گوندەکانی گردشیلان، گامێشان، کانی سێو و هەروەها لە چەند مەزگەوتێکی شاری مهابادیشدا مەلایەتی کردوە.
مامۆستا شەیدایی، لەو گەڕان و کۆچانەی بە حوجرە و مزگەوتی شار و گوندەکانی کوردستاندا، چەوساوەیی و ژێردەستەیی گەلەکەی بۆ دەرکەوت و بوو بە ژانێکی بێ دەرمان لەناخیدا و گەورەترین هیوا و ئاواتی خۆی کردە ئەوەی کە، هەوێنێک بۆ باری نالەباری نیشتمانەکەی بدۆزێتەوە و چارەی ئازارەکانی گەلەکەی بوو بە خولیایەکی قووڵی ناخی هەژاوی.
لەو سەردەمەدا شۆڕەسواری مەیدانی خەبات، حیزبەکەی پێشەوا قازی محەممەد، واتە حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو، حوجرەکان لەو کاتدا ناوەندێکی سەرەکیی چالاکی ئەو حیزبە و پەرەپێدان بە بیری خەبات و کوردایەتی بوون و مامۆستا حەسەن شەیداییش خۆی لەنێو جەرگەی ئەو ناوەندانەدا دەژیا. مامۆستا هەر زۆر زوو بە بەرنامە و پڕۆگرامی حیزب ئاشنا دەبێ و بەڕەسمی دەبێتە ئەندامی حیزب و لەنێو شانە نهێنییەکانی حیزبدا ڕێک دەخرێ، مامۆستا بە هۆی دڵسۆزی و چالاکی و هەڵسووڕاونیەوە دوای ماوەیەک وەکوو کادێری حیزبی دیموکرات دەسنیشان دەکرێ و بە گڕوتینێکی زیاترەوە لە پاڵ ئەرکە ئایینیەکەیدا، ئەرکە نیشتمانییەکەشی بەجێ دەگەیەنێ و ڕۆڵێکی زۆر کاریگەر لە تێگەیاندن و پێگەیاندنی توێژەکانی کۆمەڵگەدا دەگێڕێ و شوێنکاری گرینگیش لەسەر پەرەپێدان و گەشەی تەشکیلاتی حیزبدا دادەنێ.
مامۆستا شەیدایی، وەها کاریگەرییەکی لە سەر دەورووبەری دانابوو کە هێزە سیخوڕییەکانی ڕێژیمی پەهلەویی بە تەواوی نیگەران کردبوو و بەبەردەوامیش بەکرێگیراوەکانی ساواک بەدوایەوەبوون. لە ساڵانی ٤٦_٤٧ کە لەو سەردەمدا، قۆناغێکی نوێ لە خەباتی پێشمەرگانەی حیزبی دێموکرات دەستی پێکردبوو و ڕێژیمی پاشایەتیی هەراسان و وەئامان هێنابوو، مامۆستا کەوتە ژێر گوشاری زیاترەوە. مامۆستا لەبەر خۆشناوی و ئەو خۆشەویستییەی کە لەنێو خەڵکدا هەیبووی، یەک لەو کەسانە بوو کە ساواک دەمێک بوو لە بیانوویەک دەگەڕا بۆ گرتن و ڕاپێچکردنی و ئەو بیانووەشیان وەدەست کەوت و لە ڕۆژی ١٨ی خەرمانانی ساڵی ١٣٤٧ی هەتاویدا دەسبەسەر کرا.
مامۆستا حەسەن شەیدایی یەکێک بوو لەو کادێرە حیزبیانەی کە بۆپادگانی جەڵدیان براو هەتا ئاستی مردن بە دڕندەترین شێوە ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەیی درا و دوای ئەوەیکە سەری بۆ ڕێژیمی دژەمرۆڤی پاشایەتی دانەنەواند، لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا دادگایی کرا و سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپا، حوکمی لە سێدارەدانی مامۆستا شەیدایی دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ١٥ ساڵ کەم کرایەوە و بۆ بەندیخانەی «دەریا» لە ورمێ بەڕێ کرا.
مامۆستا شەیدایی دوای کێشانی ٨ ساڵ لە ماوە سزاکەی بەهۆی بارودۆخی سیاسیی ئەو کات کە ڕێژیمی پاشایەتی کەوتبووە تەنگانەوە ئازاد کرا. مامۆستا لەگەڵ ئازادبوونی لە زیندان
شێلگیرتر لە جاران قۆڵی لە خەبات و تێکۆشان هەڵماڵی و نەترسانە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزب، وەک شۆڕەسوارێکی بەئەزموون هاتەوە مەیدان.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئیدارەی کوردستان لەلایەن هێزە کوردییەکان و حیزبی دێموکرات بە تایبەتی، مامۆستا وەک ئەندامی کومیتەی شارستانی بانە و بەرپرسی ناوچەی بەردەڕش دیاری کرا.
مامۆستا لە ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی بەهۆی تەنگوچەڵەمەی ژیانەوە چەکی پێشمەرگایەتیی دانا و گەڕایەوە نێو ماڵ و منداڵی. ڕاستە مامۆستا بە جەستە لە ڕیزەکانی حیزبدا نەمابوو بەڵام بیر و هۆشی هەر لەلای پێشمەرگە و شۆڕش و کوردایەتی بوو و تەنانەت بۆ تاوێکیش گەل و نیشتمانەکەی لە بیر نەکرد و پێوەندییەکانیشی لەگەڵ حیزبەکەی هەروا ڕاگرتبوو.
مامۆستا دوای گەڕانەوەی بۆ نێو خێزانەکەی بەهۆی فشار و بڕوبیانووی بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە لە شاری بانە ژیانێکی ئاسایی نەبوو، بۆیە بە ناچاری بەرەو ناوچەی گەورکایەتیی مهاباد و دواتر نێو شاری مهاباد ڕۆیشت و هەتا کۆتایی ژیانی لەوێ مایەوە و لە چەند مزگەوتێکی ئەو شارەدا سەرقاڵی ئەرکی مەلایەتی بوو.
مامۆستا شەیدایی ڕۆژی ١١ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی لە مەیدانی مەلا جامیی شاری مهاباد ترومبیلێکی فیات بە شێوەیەکی گوماناوی لێی دا و هەتا گەیەنرایە نەخۆشخانە گیانی ئەسپارد و چووە ڕیزی کاروانی سوورخەڵاتانەوە.
ڕۆحی شاد و ڕێگای پڕ ڕێبوار.
( لە ژمارەی ٧١٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)