هەرچەند لەم چەند ساڵەی دواییدا تورکیە بە هاتنەسەرکاری حیزبی ئیسلامگەرای داد و گهشهپێدان، کار لە سەر وەبیرهێنانەوەی ئیمپراتۆریی عوسمانیی سوننی مەزهەب دەکا و جارناجارێ بەرانبەر بە ئێرانی شیعە مەزهەب فیگۆر دەگرێ، بەڵام لە راستیدا دوو وڵاتی ئێران و عەرەبستانن کە نوێنەرایەتیی دوو جیهانی شیعە و سوننی وەک دوو جەمسەر دەکەن.
عەڕەبستانی سعوودی کە ساڵانە بە چەندین میلیۆن موسڵمان بە زیارەتی مەککە ڕووی تێدەکەن و شوێنی سەرهەڵدانی یەکێک لە گەورەترین دینە ئاسمانییەکان (ئیسلام)ە، وەک نوێنەر و قیومی موسلمانانی سوننی مەزهەب دەردەکەوێ و موسڵمانانی سەر بەم مەزهەبەی دینی ئیسلامیش ئەم وڵاتە بە پیرۆز دهزانن و وەک ناوەندی قەراری دینیی خۆیانی دەناسن و دەیبینن. لە بەرانبەردا لانیکەم دوای هاتنەسەرکاری رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم وڵاتە، ئێران بۆتە نوێنگە و وێستگەیەکی عەقیدەتی بۆ زۆربەی موسلمانانی شیعە مەزهەب .
ئەم مەقبووڵیەتەی ئێرانی شیعە مەزهەب هەروا بە ئاسانی درووست نەبووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە لە سەر بنەمای ناردنە دەرەوەی شۆرش و پشتیوانی لە شیعە لە هەر کوێی ئەم جیهانەدا بن، بە تەرخانکردنی پوڵ و پارەیەکی خەیاڵی بۆ یارمەتیدانی تاقم و گرووپ و دەوڵەتە شیعەکان توانی بەشی هەرە زۆریان بۆلای خۆی رابکێشێ. بە جۆرێک کە وەک دەگوترێ لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە شیعەیەک هەبێ ئێران لەوێ حزووری هەیە.
له ئێستادا پێوەندیی ئێران و عەڕەبستان زۆر لەوە ئالۆزترە کە ئێران له پێناو بهرژهوهندییهکانیدا ئاسایی بکاتەوە. ئەم دوو وڵاتە جیا لە جەمسەربەندییان لەڕووی مەزهەبییهوه، لە دوو گۆڕەپانی دیکەشدا سهرهڕای ههوڵی زۆر لایهن وێدەچێ نەتەنیا نێوانیان ئاسایی نەبێتەوە، بەڵکوو ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ ناکۆکی و نالێکییەکانیان بەرینتر بێتهوه کە بەشێک لەم ناکۆکیانە راست ئامانجدارانە لە لایەن هەر دوو وڵاتەوە مودیرییەت دەکرێن.
ململانێی ناسیۆنالیستیی نێوان هەردوو وڵات تا ڕادەیەک پەرەی سەندووە کە سنوورەکانی دوو دەوڵەتی بڕیوە و خۆی شۆڕ کردۆتەوە بۆ نێو دوو نەتەوەی عەڕەب و فارس. ئەمەیان زیاتر لە لە ڕووی کلتووری و مێژووییەوە دەرکەوتەی هەیە. بەڵام بشێوی و ئاڵۆزییه سیاسییەکان و شەڕەکان بۆ بەرژەوەندی، ئەم ناکۆکییه کلتوورییانەیان کردۆتە جۆرێک لە چاشنی و هەردوو دەوڵەت وەک کەرەسیە کەڵکیان لێ وەردەگرن.
بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا لە هەمووی گرینگترە رۆڵی ئامریکایە کە لە ماوەی لانیکەم ٢٥ ساڵی ڕابردوودا بە جۆرێک سێبەری بەسەر پێوەندیی نێوان ئەم دوو وڵاتەدا کێشاوە. هاوکات لە گەڵ پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنگتۆن و تاران، ریاز هەوڵی داوە پتر له جاران خۆی لە واشنگتۆن نزیک بکاتەوە. لە قەزیەی رێکەوتنی ئامریکاو ئورووپا لە گەڵ ئێران لە پێوەندی لەسهر بەرنامەی ناوکیی ئەم وڵاتەدا، عادڵ ئهلجوبهیر، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان ڕایگەیاند کە واشنگتۆن دەبێ زیاتر گرینگی بە دۆستەکانی لە ناوچەکە بدا و، گوتی کە لە گەڵ ئەوەیکە چەند جار وڵاتان و ئامریکایان لە ڕۆڵی ئێران لە نائارامییەکانی ناوچەکە ئاگادار کردۆتەوە، بەداخەوە ئەوان ئامریکا و ئورووپا خەریکن بەم رێکەوتنە ورە بە ئێران دەبەخشن!
ئەوەی لەم پێوەندییەدا پێویستە وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر قسەی لە سەر بکرێ دابینبوونی بەرژەوەندییەکانی هەرکام لەم سێ وڵاتەیە کە بەشێکی پێوەندی ڕاستەوخۆی بەم ئالۆزی و ناکۆکیانەوە هەیە. بە واتایەکی دیکە بوونی ناکۆکییەکان هەمیشە ناتوانێ بەرژەوەندییەکان بخاتە مەترسییەوە. لە تێئۆری تەزاد و ناکۆکییەکاندا، قسە لە مودیرییەتی قەیرانەکان لە پێناو دابینکردنی بەرژەوەندییەکاندا دەکرێ. بۆیە دڵخۆشکردن بە کۆتایی هێنان و ڕەواندنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتی عەڕەبستان و ئێران هەر بەو ڕادەیە خۆشباوەڕانەیە کە پێمان وابێ ڕووبەرووبوونەوەیەکی سەربازی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا دێتە ئاراوە!
( لە ژمارەی ٧١٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)