کوردستان ئەگەرچی لە ڕووی سەرچاوە سروشتییەکانەوە دەوڵەمەندە، بەڵام لەوە بێبەشترە دەوڵەمەند و وەبەرهێنەر بۆ لای خۆی راکێشێ، چونکی هۆکارەکانی راکێشانی وەبەرهێنەر لە کوردستان هێندە سنووردارن کە کەمتر سەرمایەدانەرێک ڕیسکی خەواندن و وەگەڕخستنی سەرمایەکەی لە کوردستاندا دەکا.
ئامانجی سەرەکی هەر پڕۆژەیەک و رێکخراوێکی ئابووری رێکاوڕێک قازانجە. کەواتە بەدڵنیاییەوە یەکێک لە رێگەکانی زیاتر قازانجکردن، زانیاری لەسەر وردەکارییەکانی وەبەرهێنان و زاڵبوون بەسەر تێچووەکان و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەیانە. بەڵام لە کوردستان دەبینین هێندێک تێچوو لە سەرەتاوە هێند زەق دەنوێنن کە بەکردەوە کۆنتڕۆڵکردنیان ئاستەم دەنوێنێ. بۆ تێگەیشتن لەو بابەتە پێویستە چاوێک بە بەشێک لەو تێچووانەدا بخشێنین، کە رۆڵی بنەڕەتییان بۆ قازانج و زەرەر هەیە. ڕەوشی رێگەبانەکانی کوردستان چ ئاسمانی و چ وشکانی نالەبار و کۆسپی بەردەم وەبەرهێنانە.
سەرەڕای کوێستانی بوون و هەڵەمووتی رێگەکان، ئێشتاش کوردستان خاوەن ڕێگەی پان و بەرین و گونجاو نیە بۆ هاتووچۆ، ئەویش لە حاڵێکدا ڕێگەوبان یەکێکە لەو هۆکارانەی وەبەرهێنان ئاسان دەکا و سەرمایە ڕادەکێشێ.
تێچووی هاتووچۆش کە پێوەندی بە چەشنی چالاکیی یەکەی ئابوورییەوە هەیە دەتوانێ هۆکاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی وەبەرهێنان بێ، چونکی کاریگەریی گرنگی لەسەر جووڵەی ئابووری هەیە. یەکەیەکی ئابووری هەم بۆ هێنانی مەتریال و ماددەی خاوی پێویست بۆ کارگە و کارخانە، هەمیش بۆ راگواستنی کاڵا و بەرهەم بۆ بازار، تێچوویەکی زۆری دەچێ. نەبوونی هێڵی ئاسن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەبوونی فڕگەی گەورە و ئوتوبانی گونجاو بەدڵنیاییەوە بوار بۆ بەرهەمهێنان ناخۆش دەکەن. ئەوەی ئێستا لە کوردستان هەیە ڕێگای تەسک و دووبەرەیە بۆ هاتوچۆ کە بە یەکێک لە کۆسپەکانی بەردەم وەبەرهێنان دادەنرێ.
خاڵێکی دیکەی وەبەرهێنان لێخۆشبوون و مەعافبوون لە باج و ماڵیاتە.
زۆربەی وەبەرهێنەران زۆر بە وردی چاویان لەسەر رێژەی معافییەتی باجە لە شوێن و جێ و مەکانی دروستکردنی یەکەی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانەکەیان.
هەیئەتی وەزیرانی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ١٧/٤/١٣٨٨ کە لە ناوەندی پارێزگای تاران گیرا، لەسەر پێشنیاری هاوبەشی وزارەتی باری ئابووری و دارایی، وزارەتی پیشە و کانگەکان و جێگری بەرنامەڕێژی و چاوەدێری راهبوردیی سەرکۆماری و بە پشتبەستن بە تێبینی (١)، مادەی (١٣٢)ی هەموارکراوی قانوونی باجە راستەوخۆکانی پەسند کرد.
بەپێی ئەو قانوونە ئەو کارگە و پیشەسازییە تازانەی لە شارۆچکە پیشەسازییەکانی دەرەوەی 120 کیلۆمێتریی پارێزگای تاران دەکرێنەوە بۆ ماوەی دە ساڵ، معافیەتی باج بە پێی ماددەی (١٣٢)ی قانوونی باجە راستەوخۆکان و چاکسازییەکانی دوای ئەوەش دەیانگرێتەوە.
سەرۆکی گشتی رێکخراوی باجی وڵاتیش ڕایگەیاندوە کە ئەو یەکە ئابوورییانەی لە ساڵی ٩٥ەوە دەست بەکار دەبن، معافیەتی باجی پێنج ساڵە دەیانگرێتەوە، کە بە کردەوە نەهاتە دی. بە واتایەکی دی سیاسەتی هاندان بۆ وەبەرهێنان لە کوردستان لە چاو ناوچەکانی دیکەی ئێران زۆر کەمە.
هەروەها ئیمکاناتی سنوورداری شارۆچکە پیشەسازییەکانی کوردستان (نەبوونی ناوەندی ئاگرکووژێنەوە و سیستمی پاڵاوتنی ئاوەڕۆی هێڵی بەرهەمهێنان و …) بەکردەوە وەبەرهێنەران بۆ وەبەرهێنان هان نادا.
یەکێک لە هۆکارەکانیش بەتەواو مانا سیاسییە. سیاسەتی ڕەسمیی دەیان ساڵەی حکومەت لە بارەی خوێندنەوەیان بۆ کوردستان و زاڵکردنی کەشی ئەمنیەتی کوردستانیان بە چەشنێک لە بەر چاوی ئەو خەڵکە رەش کردوە وەەک بڵێێ هەمیشە ئەو نیشتمانە بەرەی بەرەوەی شەڕ و ئاژاوە بێ.
سێبەری سیاسی و شەڕ بە چەشنێک ئەو کەوشەنەی داگرتوە کە بۆچوونی «دەنکە شەمچەیەک بەسە بۆ تەقینەوە»، ناتوانێ پەراوێزێکی ئەمن بۆ بەردەوامی چالاکیی ئابووری لە بیر و هزری وەبەرهێنەرێکدا چێ بکا. سەرەڕای ئەو سنوورە دوورودرێژە دەگەڵ وڵاتانی تورکیە و عێراق، هیچ شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناکەوێتە سنووری ناوچە ئازادە بازرگانی وتا یبەتە ئابوورییەکان.
تەنیا رێککەوتن لەسەر زیادکردنی شارەکانی بانە و مەریوان وک ناچەی ئازادی بازرگانی کە ئێشتاش بوارێکی گونجاوی بۆ خۆش نەکراوە ناتوانێ دڵی وەبەرهێنەران گەرم بکا. لەلایەکی دیکەوە زۆربەی گەڵاڵەکان لە کوردستان لەسەر کاغەز و لە چوارچیوەی بەڵگەدا ماونەتەوە و کردەیی نەکراون.
بە کورتی و پوختی پەراوێزخستنی کوردستان لە بواری ئابوورییەوە سیاسەتی ڕەسمی و نەنووسراوی ریژیمە، کە لە هەموو بوارێکەوە گوڕەپانەکانی ژیانی لە خەڵک سنووردارتر کردۆتەوە.
( لە ژمارەی ٧١٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)