ناوەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بەڵام نیزیک بە چوار دەیە لە تەمەنی ئەو ڕێژیمە و ئاکار و رەفتارەکانی پێمان دەڵێن نە کۆمارییە و دەنگی خەڵک و ئیرادەی خەڵکی تێدا بەرجەستە بووە، نە ئیسلامییە و ڕێز لە بایەخە ئیسلامی و مرۆییەکانی تاک و کۆمەڵ و مرۆڤایەتی دەگرێ. ئەدی پێناسەی ئەم ڕێژیمە چییە، لە یەک وشەدا ڕێژیمێکی توتالیتێر.
نیشانەکانی دیاریکردنی نیزامێکی توتالیتێر چین کە ئێمە دەمانەوێ بەبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بگرین.
لەهەموو سیستمێکی توتالیتێردا ڕۆژنامەکانی ڕەخنەگری حکومەت دادەخرێن و ڕۆژنامەنووسە ڕەخنەگرەکان تۆمەتی ئەمنیەتییان دەدرێتە پاڵ و سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێ، ئەوەی چل ساڵە بە بەردەوامیی لە ئێران دەیبینین.
زاڵکردنی سانسۆڕی ڕەها بەسەر هەموو بەستێنەکانی وەک میدیا و ڕاگەیاندن، ئێنتێرنێت، چاپەمەنی، کتێب و گەیشتن و سوورانەوەی زانیاری یەکێکی دیکە لە ڕەفتاری ڕێژیمە توتالیتێرەکانە، لە تەنیشت ئەوە کەوتنە زیندانی هەموو ئەوانەی تانە لە ڕەفتاری حکومەت دەدەن و ڕەخنەی لێدەگرن؛ بابەتێک کە لە ئێراندا نەک ئۆپۆزیسیۆنەکەی، بگرە کاربەدەست و لە نێوخۆی دەسەڵاتیشدا کەس حاشا لەوە ناکا، ئەو تایبەتمەندییە لە کردەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە ژێر ناوی ڕێوشوێنە نیشتمانی و میللی و ئاینییەکان بە قانوونی کراوە و جێ خراوە و ئێستا سیستماتیک بەڕێوەدەبرێ.
ئابووریی حکومەتی و داخراو تایبەتمەندییەکانی دیکەی سیستمە توتالیتێرەکانە. لەو جۆرە سیستمانەدا حکومەت زاڵە بەسەر هەموو جومگە ئابوورییەکانی وڵات و پاوانی هەموو جووڵەکانی وەبەرهێنان و بازاڕ و هاوردە و هەناردەی کردوە، ڕێک وەک ئەوەی لە ئێرانی بندەستی ڕێژیمی ئیسلامیدا دەیبینین.
لە رێژیمە توتالیتێرەکاندا قسەی هەوەڵ و ئاخر یەک کەس دەیکا. رێبەر و کەسی یەکەمی ڕێژیم هەرچی هێز و دەسەڵاتە لە چنگی خۆی ناوە و ڕێگە لە دروستبوونی هەرچەشنە گۆڕان و جموجۆلێک دەگرێ کە پێی وایە جێ بە دەسەڵاتەکەی لێژ دەکا. ئەو هەوڵی جێخستنی تاکپەرەستی دەدا و خۆی بە نوێنگەی ئیڕادەی ئاسمان و زەوی پێناسە دەکا. وەک ئەوەی لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا خامنەیی بە نوێنەری خوا لەسەر عەرزی دادەنرێ و دەزگای پڕوپاگندەی ڕێژیم ئەو کەسایەتییەی لێ دروست دەکەن.
لە ڕێژیمە توتالیتێرەکاندا ئیدئۆلۆژی و بنەما فیکرییەکانی دەسەڵاتی حاکم پێودانگی هەموو بیرکردنەوە و بزاوت و ڕەفتارێکە کە بێتوو کەس لێی لابدا، ئەوە تاوانبارە و دەبێ سزای خۆی وەرگرێ. لە رێژیمە توتالیتێرەکاندا جۆراوجۆرییەکان مانایان نییە و هەموو جۆراوجۆرییەکی سیاسی و ئیتنیکی و ئایینی بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێ. میدیای نیشتمانی و ڕاگەیاندنی سەراسەری وەک ڕادیۆ و تیڤی لە پاوانی حکومەت دایە و ڕێگە بە چالاکی و دەرکەوتنی تیڤی و ڕادیۆی ناحکومی بە هیچ کەس و لایەنێک نادرێ، هەر هەموو کاناڵەکانی پێوەندیی گشتی وەک پۆست و تەلەفوون و ئێنتێرنێت لە بەردەستی حکومەت و ناوەندە ئەمنیەتییەکان دایە، ڕێک وەک ئەوەی کە لە ئێران دەیبینین.
لە نیزامە توتالیتێرەکاندا ئازادییە تاکەکەسییەکان لە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەرتەسک دەکرێنەوە، ئازادیی ڕادەربڕین مانای نامێنێ و مافە مەدەنییەکانی خەڵک هیچ جێگە و پێگەیەکیان نییە، بەرهەڵستکاران و هەرچەشنە دەنگێکی ناڕەزایەتیدەربڕین بە توندترین و بێ بەزەییانەترین شێوە سەرکوت دەکرێ، ئەوەش وا دەکا کەسانێکی یەکجار زۆر لەو وڵاتە وەک پەناخوازی سیاسی ڕوو لە وڵاتانی دی بکەن، کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک دەبینین لەوەش کەمیی نەهێناوە.
بەڵام دوامەنزڵی ئەو ڕێژیمانە کوێیە و تەمەنیان چەندن؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە هەر ئەوەندە بەسە کە چاوێک بە مێژوودا بگێڕێن، مێژوو پێمان دەڵێ هەموو ئەو جۆرە رێژیمانە مەحکووم بە نەمان و ڕووخانن، چونکی دەسەڵاتی سیاسی و هێزی حکومەت سەرچاوەکەی بۆ مرۆڤەکان و پێوەندیی دڵخوازانە و سەربەستانەی ئەوان لەگەڵ یەکتر دەگەڕێتەوە. هەر دەسەڵاتێکی سیاسی ئەگەر دەرکەوتەی ئیرادە و ویستی خەڵک بێ، دەمێنێ و لەسەر پێیە؛ بەڵام بێتوو هێز و دەسەڵاتی سیاسی بخرێتە پاوانی تاقمێک، درەنگ یان زوو ئەو دەسەڵاتە لە بن دێ و تۆماری دەپێچرێتەوە.
( لە ژمارەی ٧١٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)