دار هۆرەی لە خۆی نەبێ ناقەڵشێ، ئەوە هەر پەند و ئیدیۆمێکی کوردی نییە، بگرە سەدان ساڵە ئاوێتەی شۆڕش و خەباتی مافخوازیی ئەم نەتەوەیەش بووە. زۆر جار تیری دوژمن نەیتوانیوە قەڵافەتی میرانەی سوارچاک و پێشمەرگە بخاتە سەر عەرزی، بەڵام ئەوە بە دەهۆ و خیانەت کراوە. کەم نین ئەو پیلانگێڕییانەی کە دوژمن بە تێخزاندنی مۆرەکانی خۆی بۆ نێو ڕیزی تێکۆشەران ویستوویەتی زەبری قورس لە هێزی پێشمەرگە بدا کە پێی زاندراوە و لێی هەڵوەشاوەتەوە؛ بە داخەوە کەمیش نین هەر ئەو پیلان و چەپەڵییانە کە سەرکەوتوو بوون و برینێکی دیکەیان خستۆتە جستەی نیشتمانەوە، برینێکی بەژانتر لەوەی دوژمن خۆی پێت دەکا…
نێوەڕاستی خەرمانانی ساڵی 1395 تیمێک لە پێشمەرگەکان ساز بوون گەشتێکی سیاسی و نیزامی بە ناوچەی سەردەشتدا بکەن و ئەوەندەی دەکرێ دڵی کۆمەڵانی خەڵک بە دیتنی ڕۆڵەکانیان شاد کەنەوە. مەخابن بێ ئاگا لەوەی کە ڕێژیم ماوەیەک بوو یەک لە مۆرەکانی خزاندبووە نێو ڕیزە تەشکیلاتییەکانی حیزب و لەسەر ئەو جموجۆڵ و گەشتە زانیاریی وردی دەست کەوتبوو.
مۆرە نفووزییەکەی دوژمن یەک لە بەڵەد و شارەزاکانی ڕێگای چوون و هاتنەوەی هێزەکە لە ناوچەیەکی کوردستان بوو، ئەویش لە رۆژی 16ی خەرماناندا ئەو دەستەیە لە پێشمەرگەکانی ڕەکێشی ئەو بۆسەیە کرد کە پێشتر بە ئاگاداریی خۆیان لە سەر ڕێ نابوویانەوە. ئەو کە بۆخۆی بە فێڵ توانیبووی چەند ساتێک پێش ڕووداوەکە لە شوێنەکە دوور کەوێتەوە و بۆی دەرباز ببێ، دەستەی پێشەنگی پێشمەرگەکانی خستبووە داوێک. تەقینەوەیەکی گەورە و ئاگری قورس بەسەریاندا لە هەموو لایەک و ئەویش لە شوێنێکی ئاستەم و چاوەڕواننەکراودا. لەم ڕووداوەدا ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی، دوو پێشمەرگەی بەوەجی حیزب شەهید بوون و پێشمەرگەیەکیش بریندار بوو. پێشمەرگەکانی دیکە دواتر توانییان بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بن و وێڕای دەستکردنەوەی بەوەخت و بوێرانە نەیەڵن دوژمن وەک ئەوەی کیسەی بۆ هەڵدروبوو پیلانەکەی سەرکەوێ.
لاپەڕەی زێڕینی حەماسەی پێشمەرگە مانەوەی چوار پێشمەرگەیە لە ڕۆژی دواتری رووداوەکە لەلای دوو شەهید و پێشمەرگە بریندارەکە کە برینی زۆر قورسی هەڵگرتبوو. ئەوان لە شوێنێکی ئاوا ئەستەمدا ئامادەبوون گیانیان دابنێن بەڵام هاوڕێ بریندارەکەیان کە بەهۆی برینە قورسەکەی نە توانای ڕێ بڕینی هەبوو نە توانای ڕاگواستنی لەم دەم و دەستەدا دەلوا، لە شەڕگەدا جێ نەهێڵن. ئەوان بە مەترسیی ئەو بڕیارەیان دەزانی، چونکی نەهێزێکی یارمەتیدەر هەبوو بگاتە سەریان و نە تروسکاییەک بۆ دەربازبوون؛ بەڵام پێشمەرگە بۆ خۆی کە سەرچاوەی هیوا باوەڕە، چۆن دەتوانێ چاوی هیوا و هۆمێدی هاوسەنگەرێکی برینداری بێ سۆما بکا؟
چوار شۆڕەسوارەکەی ئەم بەسەرهاتە لەگەڵ کشانی تاریکی و شەوەزەنگ وەخۆکەوتن. شەهیدەکانیان لە شوێنێک شاردەوە و هەوڵیان دا لەگەڵ هاوڕێ بریندارەکەیان ئەوەندەی دەکرێ لە شەڕگە دوور کەونەوە؛ بەڵام تەنیا توانییان چەند سەت میترێک ببڕن …
سیوادی بەیانیی دابوو، ڕۆژ بە پەلە دەگەیشتە سەریان. بریندارەکە وەدەنگ هات: «تکایە بڕۆن و جێم بهێڵن. ئێمە دوو شەهیدمان داوە با نەبێتە حەوت شەهید و دوژمن بەو سەرکەوتنە شایی لە دڵ نەگەڕێ. ئێوە بڕۆن و خەمی منتان نەبێ. حیزب و بنەماڵەکانتان پێویستیی زیاتری پێتانە، زۆر کار هەیە کە دەبێ بیکەن، بڕۆن و جێم بهێڵن، مەترسن نایەڵم ئاوا بە برینداری بکەومە بەر دەستیان… کاک حەسەن خۆشکەلام، کاک ئەییوب ڕەحیمیان، کاک رەزا ئیلامی، کاک ئیدریس قادری، تکایە بە قسەم بکەن و زوو بن دوور کەونەوە….»
هاوڕێکانی ئەگەر بە دەنگ گوێیان لەو قسانەی بوو، بەڵام ئەوەی لەبەر چاویان بوو، ڕوخساری شارۆ و شێروان، دوو جگەرگۆشەکە «کارۆ»ی هاوسەنگەریان و خێزانە چاوەڕوانەکەی بوو، گەڕانەوە بۆ باوەڕ پێشمەرگانە و هاواری ناخ و دەروونیان بوو. بۆیە ئەو قسانە کاری تێنەکردن و لە بەرامبەردا دڵگەرمییان بە کارۆ دەدا کە دان بە جەرگیدا بگرێ و بەهێزتر بێ، کە ئاسۆی سەرکەوتن و دەربازبوونیان لەو شەوەزەنگە تووش و نەهاتە ڕوونە.
خۆر گەیشتبووە سەریان. برسی و توونی. جیا لە تفاقی شەڕ ئەوەی پێیان بوو دوو قومقومە ئاو کە دایان نابوو بە لۆکە دەمی بریندارەکەی پێ تەڕ بکەن. هاوڕێ بریندارەکەیان بردە بن گابەردێک و خۆیان کەمێک دوورتر بە دەوریدا چوونە سەنگەر. ئەوان کە دەیانزانی هێزەکانی دوژمن بە ڕۆژ دێنەوە شەڕگە و دەست بە گەڕان و پشکنین دەکەن، خۆیان بۆ هەرچەشنە بەرەنگارییەک ئامادە کرد.
هەتا پێش نیوەڕۆ هەر تۆپباران و گرمەی خۆمپارە بوو کە لە دوورەوە دەهاوێژران، بەڵام دەمەو نیوەڕۆ ماشێنێکی پڕ لە هێزی دوژمن گەیشتنە شەڕگە. ئەوان پێشتر ساغ ببوونەوە لەبەر پاراستنی گیانی هاوڕێ بریندارەکەیان هەتا نەگەنە سەریان و ئاشکرا نەبن، لێیان وەدەست نەیەن؛ بەڵام ئەگەر پێیان زانین تا دوا فیشەک شەڕ بکەن و «کارۆ»ی هاوڕێیان جێ نەهێڵن.
چەند کەس لە هێزەکانی دوژمن چەند شەقاوێک مابوو بگەنە سەریان، هەناسەکان لە سینگدا کۆبوونەوە و دەست لەسەر پەلاپیتکە بۆ شەر و بەرگری کە کەمێک دوورتر یەک لە جاشەکان چاوی بە شەهیدەکان کەوت. هەموویان بۆ ئەوێ گەڕانەوە و لە دەوری شەهیدەکان کۆ بوونەوە. پێشمەرگەکان دەیانتوانی لێیان دەن و زەبری زۆر باشیان لێ بوەشێنن، بەڵام دەیانزانی ڕۆژ زۆری بە بەرەوە ماوە و هێزی یارمەتیدەری ڕێژیم دەگاتێ و ئەوان هەموو تێدا دەچن، بەڵام ڕەنگبێ کارۆ بە برینداری بکەوێتە بەر دەستیان، بۆ ڕزگارکردنی کارۆ کە کادرێکی سیاسی_ئەمنیەتی بوو گرینگتر لە کوشتنی چەند یان چەند دە کەس لە هێزەکانی دوژمن بوو.
هێزەکانی دوژمن کە زەندەقیان لە تەرمی پێشمەرگە شەهیدەکانیش چوبوو، نەیانوێرا لێیان نیزیک ببنەوە، بۆیە تەرمەکانیان بە ماشێن ڕاکێشا و لەوێ دوور کەوتنەوە.
پێشمەرگەکان چوونەوە لای هاوڕێی برینداریان و تا ئێوارە چەند جارێک دەرمانیان کرد و لەگەڵ ئاوابوونی خۆر و داهاتنی شەو ملی ڕێگایان بەرەو شوێنی یەکگرتنەوە لەگەڵ هێزی یارمەتیدەر بڕی.
ئەوان بە مانەوەی شەو و ڕۆژییان لە نێو جەرگەی دوژمن و قەبوڵکردنی مەرگ بەڵام جێنەهێشتنی هاوڕێ بریندارەکەیان هەر گیانێکی دیکەی بەبەری «کارۆ»ی هاوڕێیان بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشاندا نەکردەوە، بەڵکوو بوونە سەرمەشق بۆ فیداکاری و خۆنەویستی بۆ نەوەی داهاتووی گەلەکەیان.
( لە ژمارەی ٧١١ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)