ناشناڵ ریڤیو – سێت جەی فرانتزمەن
کەماڵ حەسەنپوور
لە دوو لێدواندا لە ٢٠١٤، سەرۆکی حیزبوڵڵا حەسەن نەسروڵڵا، ئیددیعای کرد کە داعش هەڕەشەیەکە بۆ سەر ناوچە. ئەو گوتی: مەترسییەکە گوێ ناداتە شیعە، سوننی، کریستیان، دروز، ئێزدی، عەرەب یا کورد. ئەو دەعبایە گەشە دەکا و گەورەتر دەبێ.”
ئەو هەروەها گوتی کە داعش هەڕەشە لە شانشینە عەرەبەکان لە ئوردن تا کەنداو دەکا. پاشان ئەو ئامانجە راستەقینەکەی جووڵانەوەی حیزبوڵڵای، کە لە لایەن ئێرانەوە پشتگیریی دەکرێ، ئاشکرا کرد. “چوونە ناو شەڕی سورییە، لە پلەی یەکەم، بۆ بەرگریی کردن لە لوبنان، خۆڕاگریی لە لوبنان و گشت لوبنانیەکە.”
لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆی سورییەوە، ئێران، حیزبوڵڵا و میلیشیا جۆراجۆرە شیعەکانی عێراق کە حەشدی شەعبی پێک دێنن گەلێک سەرکەوتنیان وەدەست هێناون. هەرگێز بەکرێگیراوەکانی ئێران، میلیشیا تووندڕەوەکان، هێندە خاوەن رەوایی و دەسەڵات لە هەندێک ناوچەدا نەبوون، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە هەندێک شوێنی تر بوونە هۆی چەند جەمسەریی.
بۆ بەرەبەرەکانی لەگەڵ نفوزی ئێران، هەندێک گوتوویانە کە داعش و جیهادییەکانیتر دەبێ هان بدرێن کە لە گەڵ حیزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانی شەڕ بکەن. رۆژنامەنووس توماس فریدمەن لە ١٢ی ئاپریل لە نیویۆرک تایمز دا نووسی “ترامپ دەبێ لە سورییە بهێڵێ داعش ببێتە سەرئێشەی ئەسەد، ئێران، حیزبوڵڵا و روسیا، بە هەمان شێوە کە ئێمە شەڕکەرانی موجاهیدینمان لە ئەفغانستان هاندان تا ببنە هۆی خوێن لەبەر رۆیشتنی روسیا” . فریدمەن 1982 بەرپرسی دەفتەری تایمز لە بەیروت بوو و دواتر لە هەشتاکان بۆ ئورشەلیم نێردرا. ئەو ئاگای لە دەستپێکی سەرهەڵدانی حیزبوڵڵا و سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، ئەو شوێنەی کە ئەمریکا سەدان میلیۆن دۆلاری بۆ پشتیوانیی لە شەڕکەرانی دژی یەکیەتیی سۆڤیەت خەرج کرد، هەیە.
ئێفرایم ئینبار لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتێژیکی بێگین-سادات لە ئاگوستی ٢٠١٦ بەڵگەی دەهێنانەوە کە “لەناو بردنی دەوڵەتی ئیسلامیی هەڵەیەکی ستراتێژیکە.” ئەو دەیگوت “باشترین شت ئەوەیە کە لە لایەنەکان بگەڕێین کە لەجیاتی ئامانجە خۆرئاواییەکان، شەڕ لەگەڵ یەکتر بکەن و پێش بە خولیای ئێران بۆ هێژمۆنی ناوچەیی بگیرێت.” لەو تێئۆرییەدا وەک ئەوەی دواتر فریدمەن شی کردەوە، “حیزبوڵڵا نرخێکی یەکجار زۆر گەورەی لە شەڕی دژی داعش داوە.”
لە روانگەی ئەخلاقییەوە، داعش لە عێراق و سورییە لەبەر تاوانەکانی بە دژی مرۆڤایەتیی، بە تایبەت کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان، لە ٢٠١٤ و فرۆشتنی ٥٠٠٠ ژن وەک کۆیلە، دەبێ لەناو بچێ. ئەوانەی کە بەڵگە دەهێننەوە کە سەرەڕای ئەوە دەبێ لە داعش گەڕێین تا ئێران “خوێنی لەبەر بڕوا” ئیددیعا دەکەن کە ئەوە بە پێی “بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و خۆرئاوا” ستراتێژییەکی پراگماتیکە.
موشکیلەکە لێرەدایە کە هیچ بەڵگەیەک نیە کە داعش بوەتە هۆی ئەوە کە ئێران، رێژیمی سورییە، حیزبوڵڵا و میلیشیا شیعەکان “خوێنیان لەبەر بڕوا”، بەڵکو ئەوان تەنیا یارمەتیی بەرەوپێش بردنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانیان داوە. پێش هێرشی داعش بۆ سەر عێراق لە ٢٠١٤، دەوڵەتی بەغدا هێشتا ناچار بوو وا بنوێنێ کە خزمەتی سوننییەکان دەکا. پاش هێرشی داعش، ئایەتوڵڵای مەزن عەلی سیستانی فتوایەکی بەناوبانگی دەرکرد و لەوێدا داوای لە گشت عێراقییەک کرد کە بەرگریی لە وڵاتەکەیان بکەن. دەیان هەزار کەس لە دەوری حەشدی شەعبی، یا یەکینەکانی بەسیجی جەماوەریی، کۆبوونەوە. لە دێسامبری ٢٠١٦ ئەوان بوون بە باسکێکی فەرمیی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
داعش رەوایی بە ئەسەد دەبەخشێ، وەک “لایەنێکی کەمتر خراپ لەناو دوو بەدخوازدا.”
لە ماوەی جەنگی عێراق بە دژی داعش، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بەردەوام سەردانی بەرەکانی شەڕی کردووە: داعش نفوزی ئێرانی لە عێراق کەم نەکردەوە بەڵکو وەک دەرمانی بەهێزکەر وابوو. پێش داعش، ئێران هەرگیز توانایی پێکهێنانی بەرەی میلیشیای شیعە و کردنیان بە بەشێکی فەرمیی لە دەوڵەتی نەبوو. میلیشیاکان وەک توندڕەوی تایفی ناسرابوون. ئێستا لە بەرەکانی شەڕ لە دەوروبەری موسڵ، کە من لە سەرەتای ئاوریل شاهیدی بووم، ئاڵای شیعە لە هەموو شوێنێک دەشەکێتەوە، و ئەوان وەک رزگاریدەر دەردەکەون.
لە لوبنانیش بە هەمان شێوە: لەگەڵ دەرکەوتنی تاقمی داعش لە سەر سنوور لە ٢٠١٤، نەسروڵڵا، خۆبەزلزانێکی مەندیل بەسەر کە میلیشیایەکی مەزهەبیی بەڕێوەدەبا، لە بارەی ئەو “وەحشییانەی” پشت دەروازە قسەی کرد. حیزبوڵڵا کەڵکی لە قەیرانی سورییە و ئەگەری مەترسیی جیهادیستەکانی بۆ بە بارمتەگرتنی پۆستی سەرکۆماری لوبنان بۆ ماوەی دوو ساڵ بەکار هێنا تا لە ٢٠١٦ میشێل عەونی سەپاند. یاسای بنەڕەتیی لوبنان دەخوازێ کە سەرکۆمار دەبێ کریستیان بێ، بەڵام نەسڕوڵڵا کریستیانێکی هاوپەیمانی حیزبوڵڵای دەویست. شەڕ لە دژی داعش و جیهادیستەکانیتر لە سوریا، رێگەی پێ دەدا کە خۆی وەک پارێزەری کریستیان و کەمینەکانیتر لە لوبنان بنوێنێ. ئەو درێژە بەو بانگەشەیە دەدا کە حیزبوڵڵا لە رێگای شەڕ لە سورییە، دژی ئیسڕائیل “دەوەستێتەوە.” چۆن؟ نەسڕوڵڵا ئیددیعا دەکا کە ئیسرائیل پشتگیریی داعش دەکا.
تووندڕەویی داعش، سەرهەڵدانی سورییەی بێ ئیعتیبار کردووە. پێش دەرکەوتنی داعش و سەربڕینی ستیڤن سۆتلۆف و جەیمز فۆلی، جیهان سەرنجی خۆی خستبووە سەر دڕندەیی بەشار ئەسەد. پاش ئاگوستی ٢٠١٤، هاوپەیمانیی پێک هاتوو لە ٦٨ وڵات بە ڕێبەریی ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرقاڵی بۆمبارانی داعشن. ئەو ئیددیعایەی کە دەڵێ ئەگەر لە داعش بگەڕێین، ئەوە بە شێوەیەک دەبێتە هۆی “خوێن لەبەر رۆیشتنی” ئەسەد، هەڵەیە. لە ٢٠١٤، داعش شەڕی خۆی ئاراستەی کوردەکانی سورییە و عێراق کردبوو و هیچ مەترسییەکی بۆ رێژیمی ئەسەد نەبوو. مەترسیەکە [بۆ سەر رێژیمی ئەسەد] لە لایەن یاخیبووانی سورییەوە بوو. رێژیم یاخیبووەکانی وەک خوێنڕێژانی داعش و ئەلقاعیدە پێناسە دەکرد. داعش پارسەنگی ئەسەد نەبوو. ئەو رەوایی بە ئەسەد بەخشی، “وەک لایەنێکی کەمتر خراپ لەناو دووبەدخوازدا.”
پشتیوانیی لە تووندئاژۆیانی دینی، وەک ویلایەتە یەکگرتووەکان لە نەوەدەکاندا لە ئەفغانستان کردی، نابێتە پارسەنگی تووندئاژۆیانیتر. خەبات لە دژی هێژمۆنی ئێران دەبێ شانبەشانی لایەنگرانی خۆرئاوا یا بەڕێوەبەرایەتیی هاوپەیمان وەک ئیسڕائیل، ئوردون، عەرەبستانی سعودی، میسر و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق ئەنجام بدرێ. پشتیوانیی لە جیهادیستان دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی. نابێتە هۆی راگرتنی بالانس بەرامبەر بە ئێران.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٣.