پێشەکی:
بەهەر رێژەیەک کە ئێران لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری نزیک دەبێتەوە هێرشەکان و هەرەشەکان بۆ سەر حەسەنی رۆحانی و باڵی رێفۆرمخواز بەربڵاوتر و چرتر دەبێتەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا هێرشی سێ قۆڵی رێبەر، مەجلیسی هەڵکەوتەکانی نیزام(خبرگان)، شۆرای پارێزەری یاسای بنەرەتی(شورای نگهبان) بۆ سەر حەسەنی رۆحانی، دەکرێ وەک چرترین و رێکوپێکترین هێرش دەستنیشان بکرێ، بەجۆرێ کە بەشیکی زۆر لە خاوەنرایان لەسەر ئەو باوەرەن کە رێبەری کۆماری ئیسلامی بەتەمایە بە کەڵک وەرگرتن لە شۆرای پارێزەری یاسای بنەرەتی کە سەرۆکەکەی ئایەتووڵڵا جەنەتییە و ئەسەڵی چاوەدێری ئیستیسوابی کە بەکەڵ وەرگرتن لەو ئەسڵە سەڵاحییەتی ئەو کەسانە دیاری دەکرێت بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان وەک پاڵێوراو، سەڵاحییەتی حەسەنی رۆحانی وەک پاڵێوراو بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری داهاتووی ئێران رەد بکەنەوە، هەرچەند ئەوە ئارەزووی باڵی بناژۆخوازی کۆماری ئیسلامیە، بەڵام سیگناڵەکانی وەدی هاتنی ئەو هیوایە جارێ لاوازە.
ئامەنجەکانی هەرەشە لە رۆحانی :
بێ گومان هەرەشە سێ قۆڵێکەی ئەم دوایانە بۆسەر حەسەن رۆحانی، دەتوانێ لە یەکەم هەنگاودا لەخۆگری حەول و تەقەللای بناژۆخوازەکان بۆ یەک دەورە کردنی سەرۆک کۆماری حەسەنی رۆحانی و هەرچی زیاتر پەراوێز خستنی رێفۆرمخوازەکان و بەرەی سەر به هاشمی رەفسەنجانی بێت بە تایبەت لەپاش مەرگی هاشمی (هەڵبەت ئەو تەقەللا و هیوایەی بناژۆخوازەکان لزوومەن بەمانای هارایی ژۆری فکر و ئیلیتی دارێژەری بەرژەوەندێکانی گشتی نیزام نیە)، لە هەمان کاتیش دا دەتوانێ بەمانای گووشاری زیاتر بۆ سەر رۆحانی بێت بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز و رانتی زیاتر و گوێرایەڵتر بوونی رۆحانی بۆ بناژوێخوازەکان، سپای پاسداران و دوور بوونەوەی لە رێفۆرمخوازەکان(ئەوە لەکاتێکدایە کە هەم رێبەری کۆماری ئیسلامی و هەم بناژۆخوازەکان بەردەوام گوشاریان خستۆتە سەر حەسەنی رۆحانی بۆ دوورە پەرێزی کردن لە رێفۆرمخوازەکان، کەڵک وەرگرتنی زیاتر لە بناژۆخوازەکان، کەسایەتێ ئەمنێکانی سەربە سوپای پاسداران بۆ پۆستە گرینگەکانی حکوومیو خۆپاراستن لە هێرش بۆسەر دەورانی سەرۆککۆماری مەحموودی ئەحمەدی نژاد)، هەروەها دەتوانێ تاکتیکێک بێت بۆ سازکردنی کەشێکی رەوانی و ئاوساندنی کۆمەڵگا بۆ راکێشانیان بۆسەر سەندووقەکانی دەنگ دان و کەڵکی کەرەسەیی وەرگرتن لە بەشداری بەربەرینی خەڵک لەلایەن نیزامەوە بەمانای مەشروعییەتی نیزامی سیاسی. هەڵبەت لەهەموشیان گرینگتر رەخساندنی هەلو دەرفەتیکی لەبار بۆ دیاری کردنی رێبەری داهاتووی ئێران هەر لە باڵی بناژۆخواز و زیاتر پاوان کردنی دەسەڵات و هێژمۆنتر بوونیان لە ئێرانی پەسا خامنەییە
ئاکام:
نابێ لەبیر بکرێت لە پاش سەرۆککۆماری مەحموودی ئەحمەدی نژاد کە بە پشتیوانی راستەوخۆی رێبەر و بەهەزینەیەکی زۆر و قەڵشیکی گەورە لەنێوان ئەندامانی ئیلیتی سیاسیدا هاتە سەرکار، هەموو کێشە و هێرشەکان راستەوخۆ گەرانەوە سەر رێبەر و وەدەرکەوتنی گەندەڵێکان و دزیە لەهەژمار نەهاتۆکانی سەردەمی ئەو، گشتی بە حیسابی رێبەر نووسراون، هەر بۆیە رێبەر وێناچێ ئەو جارە بەو شێوەیە و راستەوخۆ پشتیوانی کەسێکی تر بکات بۆ سەرۆککۆماری و ئیزن دەدات بە رۆحانی بۆ چوارساڵی تریش بمێنێتەوە هەتا مەودایەکی زەمانی زیاتر بکەوێتە دەورانی سەرۆککۆماری ئەحمەدی نژاد و بە مانەوەی رواڵەتیانەی رۆحانی و بەشیک لە رێفۆرمخوازەکان لەدەسەڵاتێکی تەنگەبەر و لەژێر گوشاردا کە مەجالی سەرکەوتنی گەڵاڵەکانیان لێ ئەستاندراوەتەو و بەرتەسک کراوەتەوە، تا هەم بە کۆمەڵگا نیشان بدات کە رۆحانی و رێفۆرمخوازەکان هیچیان نەکرد و هەمیش بە کەشێکی رەوانی ئارامترەوە مەجال بۆ مەیدانداری بناژۆخوازەکان برەخسێنێ.
ئەوەی لەو بەینەدا روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە هێنانە سەرکاری هەر سەرۆک کۆمارێکی تر جگە لە رۆحانی بەمانای تیری خەڵاسە بۆ جەستەی نیوەگیانی کۆماری ئیسلامی، بۆیە رەنگە ئەو هیرشە هاوکات هەموو ئامانجە ناوبردراوەکانی هەبێ، جگە لە یەک دەورە کردنی سەرۆک کۆماری رۆحانی.