له مانگی ره‌شه‌مه‌ی ساڵی ١٣٩٣، بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران دا، کتێبی “وانه‌ی کوردی (تایبه‌ت به خولی یه‌که‌می ناوه‌ندی)” له قۆتابخانه‌یه‌کی شاری سه‌قز به سه‌ر قۆتابیان دا بڵاو کرایه‌وه. به پێی مادده‌ی ١٥ی یاسای بنه‌ڕه‌تی ایران، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا زمانی فارسی وه‌ک زمانی فه‌رمی ولات ده‌ستنیشان کراوه به‌ڵام که‌ڵک وه‌رگرتن له زمانی دایکی چ وه‌ک وتنه‌وه‌ی له قۆتابخانه‌کان و چ وه‌ک به‌کارهێنانی له گۆڤار و بڵاوکراوه‌کان بۆ نه‌ته‌وه‌کانی غه‌یره فارس رێگه‌پێدراوه. حه‌سه‌نی رووحانی له پێش هه‌ڵبژێرانی وه‌ک سه‌رۆک کۆمار، به‌لێنی جێبه‌جێ کردنی ئه‌و مافانه‌ی دابوو که له یاسای بنه‌ره‌تی ئێران دا باس کراون به‌ڵام پشت گوێ خراون. له‌و وتاره‌دا تیشک ده‌خه‌مه سه‌ر گرینگی وتنه‌وه‌ی زمانی کوردی له قۆتابخانه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و هه‌روه‌ها به پێی توانا باس له نێوئاخنی یه‌که‌م کتێبی وانه‌ی کوردی ده‌که‌م.
زمانی کوردی له ئێران
بابه‌تی “خوێندن به زمانی دایکی” یا به شێوه‌یه‌کی زۆر به‌رته‌سکتر وتنه‌وه‌ی زمانی دایکی له قۆتابخانه‌کان بۆ نه‌ته‌وه‌کانی غه‌یره فارس بابه‌تێکی چه‌ند ره‌هه‌ندی یه. له جیهاندا و تهناتهنهت له ئێران دا زمانی جۆراوجۆر هه‌یه و فێربوونی ئه‌و زمانانه‌ش پێویستی به ته‌رخاندنی کردنی کات، سه‌رمایه و بوونی فه‌زایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌بار هه‌یه. بۆ نموونه ده‌وڵه‌تی ئێران ساڵانه بودجه‌یه‌کی زۆر بۆ چاپکردنی کتێبی زمانی فارسی و دابینکردنی مامۆستای زمانی فارسی دابین ده‌کا. جێگه له مه ساڵانه خه‌رجێکی زۆر ده‌کرێ تا فیلم، پرۆگرامی ته‌له‌ڤیزیۆنی و بڵاوکراوه‌ی جۆراوجۆر به زمانی فارسی به‌رهه‌م بێ. که‌وایه زمان پێویستی به پشتگیری ماددی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه بکا. هه‌روه‌ها فێربوونی زمانێک به‌و ڕاده‌یه که بکرێ به شیوه‌یه‌کی ره‌وان و رێکۆپێک به‌و زمانه قسه بکه‌ی، بنووسی و بیر بکه‌یه‌وه، کارێکی دژواره به‌ڵام منداڵان له نێو بنه‌ماڵه‌که‌یان به ساده‌ترین و باشترین شیوه فێره زمانی زگماکی خۆیان ده‌بن. که‌وایه زمان پێویستی به فه‌زایه‌کی سۆزدارانهش هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ک هه‌ر له زمان وه‌ک ئامرازێکی پێوه‌ندی که‌ڵک وه‌ربگرێ به‌ڵکوو له به‌کارهێنانی زمانه‌که‌ی چێژ وه‌ربگرێ.
هه‌موو زمانێک توانای گه‌شه‌کردنی هه‌یه و ئه‌وه راست نیه که زمانێک له بنه‌ڕه‌ته‌وه له زمانێکی دیکه به تواناتر بێ. بۆ نموونه زمانی تورکی که له ئێران وه‌ک “زمانی ئه‌قوام” له قه‌ڵه‌م ده‌درێ، له زانکۆ، میدیا، ده‌وڵه‌ت و پارڵمانی تورکیه دا که‌ڵک لێ وه‌رده‌گیرێ. زمانی عه‌ره‌بی که کۆماری ئیسلامی ئێران به “زمانی ئه‌قوام” ناوی ده‌با له زیاتر له بیست وڵاتی عه‌ره‌بی که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گێرێ. هه‌نووکه زمانی کوردیش له هه‌رێمی کوردستان له وه‌زاره‌ته‌کانی ده‌وڵه‌ت، زانکۆ، قۆتابخانه‌کان و بڵاوکراوه‌کان به‌کار ده‌هێنرێ. که‌وایه ئه‌وه که ده‌کوترێ که زمانی کوردی زمانێکی زانستی نیه و خوێندنی فیزیک، شیمی و … به زمانی کوردی ئه‌سته‌مه، شتێکی ناراستە و هیچ بنه‌مایه‌کی زانستی نیه. ئه‌گه‌ر بنه‌مای به فه‌رمی ناسینی یه‌ک زمان ئه‌وه بێ که توانای زانستی ئه‌و زمانه زۆرتر بێ، توانای زمانی ئینگلیسی له زمانی فارسی یه‌کجار زۆرتره و ده‌کرێ زمانی ئینگلیسی وه‌ک زمانی فه‌رمی ئێران ده‌ستنیشان بکرێ. ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که زمانی فارسی توانای له زمانی کوردی زیاتر بێ له لایه‌ک به‌رهه‌می پشتگیری سیستمی سیاسی له زمانی فارسی و ته‌رخانکردنی سه‌رمایه‌ی ماددی یه‌کجار زۆر بۆ ئه‌و زمانه‌یه و له‌لایه‌کی دیکه به‌رهه‌می په‌راوێزخستنی زمانی کوردی له لایه‌ن سیستمی سیاسی زاڵ به‌سه‌ر ئێران دا به‌لانیکه‌م له یه‌ک سه‌ده‌ی ڕابردوو بووه.
وتنه‌وه‌ی زمانی کوردی له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان
وتنه‌وه‌ی زمانی کوردی له قۆتابخانه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بنه‌مایه‌کی فه‌رمی تر و دامه‌زراوه‌یی تر به زمانی کوردی ده‌به‌خشێ. بۆ نموونه هه‌ر ئه‌و کتێبه که بۆ یه‌که‌م جار له قۆتابخانه‌یه‌کی شاری سه‌قز بڵاو کراوه‌ته‌وه، به‌رهه‌می کاری چه‌ند مامۆستایه‌کی کوردییه. ئه‌و به‌رهه‌مه ده‌که‌وێته به‌ر سه‌رنجی شاره‌زیانی زمانی کوردی و ئه‌وان ده‌توانن به تێبینی یه‌کانیان به‌رهه‌مه‌که ده‌وڵه‌مه‌ندتر بکه‌ن. ئه‌وه‌ی که‌سانێک کات ته‌رخان بکه‌ن و کتێبی وانه‌ی کوردی ئاماده بکه‌ن، ده‌یان شاره‌زا بخوێنێته‌وه و سه‌دان قۆتابی له‌و رێگه‌یه‌وه تامه‌زرۆی زمانی کوردی بێ، ئه‌و به‌ستێنه‌یه که یارمه‌تی ئه‌وه ده‌کا زمانی کوردی به دامه‌زراوه‌یی و به‌هێز بکرێ.
لێره‌دا له بواری نیوهرۆکهوه، چه‌ند تایبه‌تمه‌ندی باشی ئه‌و کتێبه باس ده‌که‌م. یه‌که‌م تایبه‌تمه‌ندی باشی ئه‌و کتێبه ئه‌وه‌یه که هه‌وڵی داوه ژنانی بلیمه‌تی کورد که جێ په‌نجه‌یان له بواری ئه‌ده‌بیات و کولتووری کوردی‌دا دیاره به قۆتابیان بناسێنێ و هه‌روه‌ها سه‌رنجی قۆتابیان بۆ بابه‌تی یه‌کسانی ره‌گه‌زی ڕابکێشێ. ئه‌و کتێبه به ژیاننامه‌ی ژیلا حوسه‌ینی، شاعێری کۆچکردووی هاوچه‌رخی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌ست پێ ده‌کا. کتێبه‌که ژیلا به قۆتابی یه‌کی باوه‌ربه‌خۆ، ژیر و زیره‌ک پێناسه ده‌کا. ئه‌و لە کاتی کارکردن له به‌رنامه‌یه‌کی رادیۆی سنه به ناوی “ئێمه و بیسه‌ران” به‌و ئاکامه ده‌گا که ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌کان بە کوردی بن، خه‌ڵکی پارێزگای سنه زیاتر شاد ده‌بن. هه‌ر بۆیه وه‌شوێن فێربوونی رێنووس و رێزمانی کوردی ده‌که‌وێ. هه‌وره‌ها کتێبه‌که له لاپه‌ره‌ی 39، ماه شه‌ره‌ف خان که وه‌ک “مه‌ستووره” ناوبانگی ده‌کردوه به خوێنه‌ر ده‌ناسێنێ و ئه‌و په‌یامه ده‌دا که ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت بره‌خسێ، ژنانی کوردیش پێ به پێی پیاوانی کورد ده‌توانن خزمه‌تی گه‌ڵ و وڵاتیان بکه‌ن.
تایبه‌تمه‌ندییه‌کی دیکه‌ی ئه‌و کتێبه ئه‌وه‌یه که نێوئاخنێکی نیشتمانی هه‌یه و نیشتمان له‌و کتێبه‌دا کوردستانه. له لاپه‌ره‌ی 16، شێعری “خۆزگه”ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، شاعیری باشووری کوردستان، به‌رچاو ده‌که‌وێ. خۆزگه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له‌و شێعره‌دا ئه‌وه‌یه که به به‌هره و کاری جوانی خزمه‌تی وڵاته‌که‌ی بکا. هه‌روه‌ها کتێبه‌که هه‌ڵگری دوو به‌رهه‌می مامۆستا هه‌ژار شاعیری کۆماری کوردستانه. له به‌رهه‌می یه‌که‌م دا که شێعرێکه به ناوی “پێنچ ئه‌نگوست ده‌بنه یه‌ک”، ماموستا هه‌ژار په‌یامی کاری گرووپی و یه‌کگرتووی ده‌دا: “هه‌تا وا لێک بڵاو بین — ئه‌شێ سه‌ر بێ کڵاو بین”. دیاره نزیک کردنه‌وه‌ی زمانی، واته خوێندنه‌وه و گوێگرتن له ده‌قێک، ده‌توانێ نزیکایه‌تی هه‌ستی و فیکریش دروست بکا. ماموستا هه‌ژار له به‌یتێک دا ده‌لێ “ئه‌گریا: داڵکه مردم — وڵم که‌ن! من چ کردم؟!”، له ناوچه‌ی موکریان وشه‌ی دایک به‌کاردێنن به‌ڵام نه‌ته‌وه‌ش هه‌روا دروست ئه‌بێ که منالێکی سه‌قزی گوێ له داڵک بێ که هه‌مان دایکه و له ناوچه‌ی کرماشان که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرن. ماموستا له به‌رهه‌می دووهه‌م دا “ترسان و وێران” باس له چیرۆکێکی ژیانی خۆی ده‌کا که چۆۆن به مناڵی باسی جندۆکه و غولی بیابانیان بۆ کردوه و ترسیان له دڵی دا چاندووه. لێره‌دا کتێبه‌که جێگه له ناساندی به‌رهه‌مێکی دیکه‌ی شاعیری بلیمه‌تی کورد ماموستا هه‌ژار، ڕه‌خنه له په‌روه‌رده‌ی ڕابردوو ده‌گرێ که منالیان به چیرۆکی ناراستی جندۆکه چاوترسێن ده‌کرد.
تایبه‌تمه‌ندییه‌کی باشی دیکه‌ی کتێبی وانه‌ی کوردی (تایبه‌ت به خولی یه‌که‌می ناوه‌ندی) ئه‌وه‌یه که وه‌ک بابه‌تێکی داینامیک ده‌روانێته زانیاری. واته زانیاری و پرۆسه‌ی گه‌یاندنی زانیاری و که‌ڵک وه‌رگرتن له زانیاری نه‌به‌سراوه‌ته‌وه به یه‌ک کتێب، یه‌ک ماموستا و یه‌ک شیوازی وتنه‌وه. زانیاری به‌رهه‌م دێ و له هه‌ر ڕاوگواستنێکیشدا گۆرانی به‌سه‌ردا دێ. داینامیک بوونی زانیاری هه‌رچی زیاتر له به‌شه مرۆییه‌کان ده‌رده‌که‌وێ، له‌و شوێنه‌دا که ده‌کرێ یه‌ک پرسیار زیاتر له وڵامێکی دروستی هه‌بێ. ئه‌رکی په‌روه‌رده ئه‌وه نیه که قۆتابی فێره ئه‌وه بکا که زانیاری له‌به‌ر بکا به‌ڵکوو ئه‌رکی ئه‌وه‌یه که توانای بیرکردنه‌وه له قۆتابی دا به‌هێز بکا. له سه‌رده‌می ئێستا ده‌ستراگه‌یشتن به زانیاری بۆ خه‌ڵک ئاسان بووه به هۆی ئینتێرنت به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێویسته که‌ڵک وه‌رگرتن له زانیارییه بۆ لێکدانه‌وه و چاره‌سه‌رکردنی کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و سیاسی ده‌ره‌وه‌ی کتێبه‌کان. له لاپه‌ره‌ی 12، ئه‌و پرسیاره له قۆتابیان ده‌کرێ که بۆ ڕاده‌ی ژنانی کوردی نووس له ڕاده‌ی پیاوانی کوردی نووس که‌متره؟ یان له ڵاپه‌ره‌ی 31، ئه‌و پرسیاره ئاراسته‌ی قۆتابیان ده‌کرێ که ئاخۆ ترس له هه‌موو بارۆدۆخێکدا خراپه؟ ئه‌و پرسیارانه پرسیارگه‌لێک نین که ته‌نیا وڵامێکی راستیان هه‌بێ به‌ڵکوو ده‌کرێ چه‌ندین هه‌ر قۆتابییهک وڵامێکی جیاوازی بۆ ئه‌و پرسیاران هه‌بێ. ئانجامدانی وتوێژ له قۆتابخانه‌کان قۆتابی فره ئه‌وه ده‌کا که له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیش فێره ئه‌وه بی رێز له فره‌چه‌شنی و بیرورای جیاواز بگرێ.
ئاکام گیری
کتێبی کوردی ده‌توانێ ده‌توانێ منداڵی کورد فێره ئه‌وه بکا که به کوردی بنووسێ، به کوردی بخوێنێته‌وه و به کوردی بیر بکاته‌وه. وتنه‌وه‌ی زمانی کوردی له قۆتابخانه‌وه پێگه‌یه‌کی دامه‌زراوه‌یی به زمانی کوردی ده‌به‌خشێ و ده‌توانێ چێژ و شۆناسی کوردبوون به‌ره‌و قۆتابخانه‌کان شۆر بکاته‌وه.
سه‌رچاوه‌کان:
حق آموزش زبان مادری در ایران، وبلاگ سینا یوسفی
بۆ یه‌که‌مجار له سه‌قز پرۆگرامێکی خوێندن به زمانی کوردی له قۆتابخانه‌کان ده‌خوێندرێ، ئه‌رسه‌لان یارئه‌حمه‌دی، سایتی هاووڵاتی
وانه‌ی کوردی (ته‌یبه‌ت به خولی یه‌که‌می ناوه‌ندی):
http://www.akserver.ir/do.php?filename=akserver.ir_1ddf619db71.zip