«میلان کوندرا» ده‌ڵێ: « چۆن ده‌توانین له هێندێک ره‌فتار و کار و کردوه‌وه بێزار بین و له‌هه‌مان کاتیش‌دا زۆر به ئاسانی خۆمانیان له‌گه‌ڵ رابێنین؟ ئینسانه‌کان له زۆر رووداو و کرده‌وه‌ی نامرۆڤانه‌ی یه‌کتر هه‌م بێزارن، هه‌میش به ئاسانی خۆیانیان له‌گه‌ڵ رادێنین.
ئێمه له سه‌رده‌مێکدا ده‌ژین که مافی مرۆڤ بۆته ئه‌رزشێک و ده‌وڵه‌ته‌کان ئه‌رکی سه‌رشانیانه ئه‌م ئه‌رزشه بپارێزن و رێگه نه‌ده‌ن هه‌ر که‌س و لایه‌ن و گرووپێک به هه‌ر ناو و بیانوویه‌که‌وه، مافی مرۆڤه‌کان پیشێل بکه‌ن. جیهانی ده‌وروبه‌رمان پڕه له بنیاد و داموده‌زگای قانوونمه‌ند و سیستمی قانوونی بۆ به‌رگری له ئینسان و مافی ئینسانه‌کان، به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه به‌ناو و بیانووی جۆراوجۆر له زۆر شوێن، زۆر له‌و قانوونانه که بۆ پارێزگاری له مافی مرۆڤ دانراون، ده‌خرێنه ژێر پێ.
کاره‌ساتێکی دڵته‌زێن کە له‌م رۆژانه‌دا، ئه‌فغانستان رووی دا که دڵی هه‌ر مرۆڤێکی به‌ویژدانی هه‌ژاند. رووداوێک له سروشتی خۆیدا ترسناک. کوشتنی ئینسانێک به دڕنده‌ترین شێوه. کچێکی ته‌مه‌ن ٢٧ ساڵان به‌تاوانێکی هه‌ڵبه‌ستراو که گۆیا کتێبی قورئانی ئاگر تێبه‌رداوه، که‌وته‌به‌ر هێرشی کۆمه‌ڵێک پیاوی دڵڕه‌ق و بێبه‌ری له‌هه‌رچه‌شنه به‌هایه‌کی ئینسانی و، به‌دار و به‌ردو پێلاقه گیانیان لێسه‌ند و به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان زۆر نفرهتاوی به‌به‌رچاوی خه‌ڵکێکی زۆر که چاولێکه‌ری رووداوه‌که بوون، ته‌رمه‌که‌یان سووتاند. له حالێک دا ئه‌و کچه ته‌نیا به‌هۆی ئێعتڕاز و رخنه له تەبلیغ بۆ نوشتەو خورافات له لایه‌ن مه‌لایه‌که‌وه بوو که ئه‌م کاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر هات. ئه‌و رووداوه له ئه‌فغانستان ته‌نیا نموونه‌یه‌که لە دڵڕه‌قی ئینسانه‌کان به‌رانبه‌ر به خودی ئینسان. له‌م جیهانه‌دا به‌تایبه‌تی له وڵاتانی که به جۆرێک ئایینه‌کان له‌نێویاندا ده‌ستی باڵایان هه‌یه، رۆژانه ئینسانه‌کان به‌وپه‌ڕی رق‌و کینه‌وه به‌ناوی پارێزگاری له پیرۆزییه‌کان، ره‌فتار له‌گه‌ڵ یه‌کتر ده‌که‌ن، بۆخۆیان زۆر به ئاسانی بڕیار ده‌رده‌که‌ن و به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، هه‌ر وه‌ک ئه‌و نموونه نوێیه‌ی له وڵاتی ئه‌فغانستان روویدا. خۆ ئه‌و کچه ئه‌گه‌ریش بێرێزییه‌کی به ئایین و قورئان و هه‌ر پیرۆزییه‌ک کردبێ، ده‌کرا بدرێته ده‌ست قانوون و مه‌حکه‌مه‌ی وڵاته‌که‌ی، نه‌ک کۆمه‌ڵێک که‌سی نه‌زان و دڵ پڕ له نفره‌ت به‌م شێوه‌یه سزای بده‌ن.
ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانییه ئه‌وه‌یه که بنیاد و داموده‌زگا قانوونییه جیهانییه‌کانیش زۆر بهکهمتهرخهمییهوه به‌لای ئه‌و جینایه‌تانه‌دا تێده‌په‌ڕن و فشارێک ناخه‌نه‌سه‌ر ئه‌و حکوومه‌ت و وڵاتانه‌ی که جینایه‌تی له‌م شێوه‌یه له‌نێویان رووده‌دا. ئه‌م بێده‌نگییه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی و ئابووری خۆیان لهسهرەوهی مافی ئینسانه‌کان له هه‌موو جیهاندا داده‌نێن. ئه‌وه نیشان ده‌دا که هه‌موو ئه‌و قانوون و دیکۆمێنتو پرۆتۆکوله نێونه‌ته‌وه‌ییانه‌ی له باره‌ی مافی مرۆڤه‌وه دایانڕشتوون و ده‌وڵه‌تانیان به به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌رکدار کردوه، جگه له نووسراوه‌یه‌کی سه‌رکاغه‌ز گرنگییه‌کی دیکه‌ی نیه بۆیان.
دیاره ئه‌وه‌ی له ئه‌فغانستان روویداوه و رنگه نوێترینیان بێ، یه‌کێکه له دیوه ترسناکه‌کانی ئایین. ده‌یان نموونه‌ی له‌م بابه‌ته هه‌یه رۆژانه له‌ده‌وروبه‌رمان رووده‌ن. ته‌نانه‌ت له کوردستانیش دا له‌و جۆره جینایه‌ته رووی داوه. نموونه دوعا کچه ئیزهدییهکهی به‌عشیقه‌ی هه‌رێمی کوردستان که ساڵی 2007 به‌ده‌ستی کۆمه‌ڵێک پیاوی بێبه‌رێ له هه‌ستی ئینساندۆستی به تاوانی خۆشه‌ویستیی کورێک که سه‌ر به ئایینه‌که‌ی خۆی نه‌بوو، به دار و به‌رد کوشتیان، جگه له‌وه‌ش ساڵانه به‌ده‌یان ژن هه‌ر به‌تاوانی هه‌ڵبه‌ستراو له ژێر په‌رده‌ی ئه‌خلاق و ئایین، له لایه‌ن پیاوانه‌وە شکه‌نجه ده‌کرێن و ده‌کوژرێن، به‌ڵام له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه ئێعترازێک و لێپرسینه‌وه‌یه‌کی جیددی به حاکمییه‌تی ئه‌و وڵاتانه نه‌کراوه که بۆ ده‌بێ رێگه بدرێ جینایه‌تی له‌م شێوه‌یه له وڵاته‌کانیان روو بدا؟ جێی داخه ئه‌وه‌ی ده‌بێ له‌لایه‌ن کۆڕ‌و کۆمه‌ڵه جیهانییه‌کانی داکۆکی له مافی مرۆڤه‌وه هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکرێ و هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر بگیرێ بۆ ئه‌م جینایه‌تانه، تا ئێستا نه‌دیتراوه.
له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تی وڵاتانی ئیسلامی دا ئه‌وه ئیدئۆلۆژییهکانن مافیان هه‌یه، نه‌ک ئینسانه‌کان. ئینسان که‌ره‌سه‌یه‌که له خزمه‌تی ئیدئۆلۆژیدا. له حاڵێک دا ده‌بێ هه‌مووشتێ له خزمه‌تی ئینسانه‌کاندا بێ و ئینسان مافی پارێزراو بێ.
ئه‌م پیرۆزییانه ده‌بێ چ بن بوونه‌ته پاڵنه‌ری ئه‌م توندوتیژی و جینایه‌تانه‌ی ئینسانه‌کان به‌رانبه‌ر یه‌کتر ده‌یکه‌ن و به ئاسانی یه‌کتری بێ له‌ناو ده‌به‌ن؟ ئایا رێگایه‌ک هه‌یه ئینسانه‌کان ده‌ست له‌شه‌ڕی یه‌کتر کوشتن و توندوتیژی هه‌ڵگرن؟
به‌رقه‌رار کردنی ئارامی و نه‌رمی نواندن له‌گه‌ڵ یه‌کتر ئه‌رکی حاکمییهتهکانه، به‌ڵام له جیهانی سێهه‌مدا ئه‌وه حاکمییهتهکانن مرۆڤه‌کان توندوتیژ باردێننو بایه‌خ و رێزی ئینسانه‌کان له ئاست ئیدئۆلۆژییه ئایینییه‌کاندا تێک ده‌شکێنن. هیچ تاوانێک له‌وه گه‌وره‌تر نیه که بێتاوانه‌کان تاوانبار بکه‌ی و به‌ناوی پارێزگاری له پیرۆزییه‌کان و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بیانخه‌یه ژێر فشار و ئازاره‌وه.
له وڵاتی ئێران که به‌شێک له کوردستانیش چاره‌نووسی به‌و وڵاته‌وه گرێ دراوه، حاکمییه‌ت بۆخۆی به‌ناوی ئایین و ئیدئۆلۆژی هه‌ر ئه‌و کارانه ده‌کا که کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی بێبه‌ری له هه‌ستی مرۆڤ بوون له ئه‌فغانستان کردیان. له ئێعدامی سه‌رشه‌قامه‌کان رابگره هه‌تاکوو شکهنجهگای نێو زیندانه‌کان و پێشێل کردنی مافی که‌مه ئایینی و که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کان و کوشتاری کۆڵبه‌ره زه‌حمه‌تکێشه‌کانی کوردستان و زۆر جینایه‌تی دیکه‌ی ئه‌و رێژیمه به‌رانبه‌ر به‌خه‌ڵک، ئه‌و ره‌فتارانه‌ن که کۆماری ئیسلامی بێ سڵ کردنه‌وه له ژێر په‌رده‌ی ئاییندا ئه‌نجامیان ده‌دا.
هه‌ر به پێی راپۆرتی رێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤی کوردستان، ته‌نیا له ماوه‌ی 5 ساڵی رابردوودا نزیک هه‌زار کۆڵبه‌ر به گولله‌ی هێزه نیزامییه‌کانی کۆماری ئیسلامی و ته‌قینه‌وه‌ی مین و سه‌رمابردوویی له سنووره‌کانی ئێران گیانیان له‌ده‌ست داوه. ئه‌گه‌ر ئه‌و ره‌فتار و کرده‌وانه له کۆماری ئیسلامیی ئێران جیا بکرێته‌وه، ئه‌و رێژیمه بێ نێوه‌رۆک و بێ پێناسه ده‌بێ.
جگه له به‌رپرسان و ده‌سه‌ڵاتداران له ئێران هیچ ئینسانێکی دیکه له ره‌فتار و کرداری رێژیمی کۆماری ئیسلامی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ مافی مرۆڤه‌کاندا رازی نیه، که‌چی به‌داخه‌وه خه‌ڵکی ئێران زۆر ئاسان له گه‌ڵ ره‌فتاره‌کانی ئه‌م رێژیمه‌دا خۆیان گونجاندوه و بۆیه هیچ که‌س بۆ ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕین نایه‌ته شه‌قام ده‌نگی به‌رزکاته‌وه خوازیاری گۆڕانێکی جیددی بن، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌مانه هه‌مووی ئاسایین به سه‌ریان دێن.
له ئه‌فغانستانی ئیسلامی ئه‌و کاته قه‌بیحی جینایه‌ته‌که‌ی به‌سه‌ر فه‌رخونده هات ده‌رکه‌وت، که ژنانی ئه‌فغانستان بێده‌نگ نه‌بوون و ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان و خوازیاری لێپرسینه‌وه و به‌رپرسیاربوونی ده‌وڵه‌ت بوون. له ئێران جینایه‌تی له‌م شێوه ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن خه‌ڵکیشه‌وه که‌م نه‌بووه ره‌نگه به‌شداریی له جۆری کوشتن و جینایه‌ته‌که دا جیاواز بووبێ، ئه‌گینا هه‌واڵی کوژران و شکه‌نجه‌ی ئینسانه‌کان به‌ده‌ستی ئینسان که‌م نین، هه‌ر ساڵی رابردوو زیاتر له 10 ژن هه‌ر له‌یه‌ک شار (ئێسفه‌هان) له لایه‌ن پیاوانه‌وه ئه‌سید به ده‌موچاویاندا کراو چاوه‌کانیان له‌ده‌ست دا‌و روخساریان شێوێندرا، به‌ڵام بێتهفاوهتی و بێده‌نگی و نه‌بوونی ناڕه‌زایه‌تی گشتییه، ئه‌م جۆره کرده‌وه و جینایه‌تانه، که‌مره‌نگ یان شاراوه ده‌هێڵێته‌وه. خه‌ڵکی ئێران و ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌و جۆره تاوان و جینایه‌تانه له نێویاندا ئاساییه، ده‌بێ له ژنانی ئه‌فغانستانه‌وه فێر بن که نابێ کوشتار و شکه‌نجه‌و سووکایه‌تی به ئینسانه‌کان به‌لایانه‌وه ئاسایی بێ و به ئاسایی به‌لایاندا تێپه‌ڕن.
کۆروکۆمه‌ڵه جیهانییه‌کانی پارێزه‌ری مافی مرۆڤیش بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه زیاتر ئێعتبار و باوه‌ڕ له‌ده‌ست نه‌ده‌ن، چی دیکه نابێ به‌بیانووی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان، له‌ئاست هه‌موو ئه‌و کرده‌وه و جینایه‌تانه‌ی که بە ناوی دین‌و… لە وڵاتاندا روو ده‌ده‌ن، چاویان داخه‌ن و بێده‌نگ بن. مرۆڤته‌وه‌ری و به‌رژه‌وه‌ندیی مرۆڤایه‌تی زۆر له شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووریی و سیاسی‌و ئیدئۆلۆژیەکان گرنگتره .
له ژماره ٦٥٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه