وهرگێڕان له ئینگلیسییهوه: کهماڵ حهسهنپوور
ئەگەر بێتوو پشتڕاست بکرێتەوە کە رێکس تیللێرسۆن بۆتە وەزیری کاروباری دەرەوە، ئەو دێتو بە حەسرەوەتە دەڕوانێتە ژیان وەک سەرۆکی [کۆمپانیای] نەوت.
وەک سەرۆکی ئێکسۆن مۆبیل، تیللێرسۆن ئەرکی دەستەبەر کردنی ئەوپەڕی قازانج بۆ پشکدارەکانی لە ئەستۆیە. ئەوەی راستی بێ هیچ پێوانەیەکی تری سەرکەوتن گرینگ نیە و هەر کەسیش بتوانێ بە میلیارد پارە ببژێرێ دەتوانێ ئەو حیسابە بکا. دەستەبەر کردنی سەرکەوتن وەک دیپلۆماتی پایەبەرزی نەتەوە، کارێکی دژوارترە. چ نرخێک لە «بەهاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان» مافەکانی مرۆڤ بدرێ و ئەوەی کە ئاخۆ نرخی گۆڕینەوەی ئەو ئامانجانەلەگەڵ ئاسایشی نەتەوەیی چەندە؟ لە بەڕێوەبەرایەتی یا تەنانەت لە وەزارەتی خۆیدا بەرهەڵستکار و رەقیب کەم نابن کە لە کاتێکدا کە ئەو شتێک بە باش هەڵدەسەنگێنێ ئەوان بە خراپی هەڵسەنگێنن یاخود پێوەری بە تەواو جیاواز بۆ هەڵسەنگاندن بە کار بێنن.
لە دیپلۆماسیدا زۆر دەگمەن هەڵدەکەوێ کە تەنیا کڕیار و فرۆشیارێک بوونیان هەبێ. لە زۆر لەو قەیرانە جیهانییانەی کە چاوەڕوانی تیللێرسۆنن و ئەوانەی کە لە داهاتوودا سەر هەڵدەدەن، گڕۆڵەیەکی ئاڵۆزی بەرژەوەندییەکان پێک دێ کە بەرەنگاری «مامەڵەچییەتیی» ببێتەوە.ئەوە بە تایبەتی لەو دۆخانەدا وەڕاست دەگەڕێ کە هەندێک لە بنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ لەگەڵ ئەوانی تر ناتەبان.
کۆریای باکوور
رێژیمی کیم یونگ-ئون کار لەسەر دانانی کڵاوەی ناوکیی لەسەر مووشەکی دوورهاوێژ دەکا کە بگاتە کەناری رۆژئاوای ویلایەتە یەکگرتووەکان. هەر هەوڵێکی سەربازی بۆ وەستاندنی پێشکەوتن لەو بارەوە، وێدەچێ ببێتە هۆی وەڵامێکی بەزەبر و رەنگبێ ناوکی، بە دژی هاوپەیمان و پێگەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەدا. یەکێک لە هاوپەیمانەکان، کۆریای باشوور، لەوانەیە دەست بە بیرکردنەوە لە دروست کردنی بۆمب بکا، کاتێک هەست بکا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەڵێنیی پارێزگاریی لەوان شل بۆتەوە. ترامپ وای نواندووە کە ئەودەیهەوێ بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە داوا لە چین بکا کە زەخت بخاتە سەر کۆریای باکوور. وەک وەزیری کاروباری دەرەوە، تیللێرسۆن دەبێ بیر لەوە بکاتەوە چۆن ئەو سیاسەتە پەیڕەو بکا لە کاتێکدا ئەو دەبێ ئەولەوییەتێکی تری ترامپ لەبەرچاو بگرێ: بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ چین.
چین
ترامپ هەر ئێستا لە ماوەی دەستاودەست کردنی دەسەڵات، بە قسە کردن لەگەڵ سەرکۆماری تایوان قەیرانێکی لە پەیوەندییەکانی ئهمریکا-چین دروست کردووە و شک و گومانی خستۆتە سەر سیاسەتی ٣٧ ساڵەی یەک چین کە بە مانای بەفەرمی نەناسینی سەربەخۆیی تایوانە. بەیژینگ وتوویەتی کە ئەو کاردانەوەی تووندی دەبێ ئەگەر پرەنسیپی یەک چین [لەلایەن ئهمریکاوە] وەلا بنرێ. کاردانەوە تووڕەکە لەوەش خراپتر دەبێ ئەگەر بێتو ترامپ هەڕەشەکەی بباتە سەر کە چینی وەک «گەمەکەر بە پارە» ناو بردبوو و گوتبووی لەبەر ئەو هۆیە باجی قورسدەخاتە سەر کەلوپەلی هاوردەی چینی. لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وێدەچێ تیللێرسۆن داوای لێ بکرێ کە پێش بە قووڵتر بوونەوەی قەیرانەکە و دەستپێکی شەڕی بازرگانیی یا لەوەش خراپتر، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو زانیارییە کە هەر ئێستا هێزەکانی چین و ئهمریکالە دەریای باشووری چین تێک هەلدەنگوێن، بگرێ.
ئورووپا، ناتۆ و رووسیه
کۆنترین هاوپەیمانەکانی واشینگتۆن لە ئورووپا بە قووڵی نیگەرانی پەیوەندییەکانی ترامپ لەگەڵ مۆسکۆ، هۆگریی ئەو بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرامبەر ناتۆ، هەڵویستی بەرامبەر یەکیەتیی ئورووپا بە لەبەرچاوگرتنی شاگەشگەبوونی بە برێکزیت [چوونە دەری بریتانیا لە یەکیەتیی ئورووپا] و پەیوەندییەکانی لەگەڵ راستە تووندڕەوەکانیئورووپان. پەشێوییەکان هێندەی دیکەش بە مێژووی پەیوەندییە گەرموگوڕەکانی تیللێرسۆن لەگەڵ کرێملین، ئەو ترسەی کە روانگەی مامەڵەچییانەی بازرگانێک ببێتە هۆی مامەڵە بە ئاسایشی هاوبەش لە لێواری هاوپەیمانییەکە و رۆیشتن بەرەو ئاجێندای موسکۆ بۆ دامەزراندنەوەی ناوچەی دەسەڵات لە خۆرهەڵاتی ئورووپا، پەرەدەستێنن. زۆربەی دەوڵەتانی ئورووپا داوای دەربڕینی راشکاوانەی باوەڕ بە یەکیەتیی ئورووپا و ناتۆ و بەرەی یەکگرتوو لە دژی مۆسکۆ بە هۆی دەستوەردانی سەربازی لە ئوکراینا دەکەن و مۆسکۆ خۆی لەگەڵ رێککەوتنی مینسک لە بارەی کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکە دەگونجێنێ. ئاخۆ سەرۆکی تیللێرسۆن ئامادەیە ئەو زەمانەتانە بدا؟ ئەگەر نا، نسکۆی زۆر چاوەڕوان دەکرێن کە دەبێ هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێ.
ئێران
رێبەرانی ئاسایشی نەتەوەیی کە ترامپ تا ئێستا دەستنیشانی کردوون سوورن لەسەر بەربەرەکانی لەگەڵ نفووزی ئێران لە رۆژهەڵاتینێوەراست، پشتیوانیی لە تاقمە چەکدارەکان و بەرنامەی مووشەکی. لە کۆنگرەدا پشتیوانیی قایم بۆ وەها سیاسەتێک بوونی هەیە. ئەو پرسیارە لە ئارادایە کە ئاخۆ واشینگتۆن کار بکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی رابردوو؟ ئەوە دەتوانێ ببێتە هۆی تۆڵە ئەستاندنەوەی ئێران و ئەوان رایبگەیەنن کە چیتر بەربەستەکانی سەر چالاکییە ناوکییەکانیان لەبەر چاو ناگرن.ئەگەر ئەوان بەشێوەیەکی بەربڵاو دەست بکەنەوە بە پیتاندنی ئۆرانیۆم، ئەوە بژاردەی شەڕ دەهێنێتەوە سەر مێز. هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان هەروەها دەبێتە دروست کردنی قەڵشتیک لە نێوان ئهمریکا و رۆژئاوایئورووپا، رووسیه و چین، هاوواژۆکەرانی رێککەوتنەکە، کە دەبێ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ. ئەوە بڕوا بە قورسایی واژۆی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە سەر رێککەوتنەکان لاواز دەکا کە بۆ وێنە دەبێتە لاواز بوونی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر بەرنامەی مووشەکیی کۆریای باکوور.
سووریە و دژایەتیی تێرۆریزم
ئەو ئاراستەیەی کە ترامپ و فلین لە سووریە نەخشەیان بۆ کێشاوە ئامانجەکەی بەتەواوی دژی تێرۆریزمە، کە ئەگەری هاوکاری لەگەڵ رووسیه و رێژیمی سووریە لەبەر چاو گیراوە. چەندین پرسیاری بێ وەڵام لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەو سیاسەتەدا دەبێ لەسەرەتادا جواب بدرێنەوە و زۆر وێدەچێ کە وەزیری کاروباری دەرەوە ئەرکداری دۆزینەوەی رێگاچارە بکرێ. پێش هەموو شتێک، هاوکاری لەگەڵ دوو لایەن کە بەرپرسی بۆمبارانی بێبەزەییانە دژی خەڵکی سیڤیل و چەندین تاوانی جەنگیترن، زەندەقی هەندێک لە هاوپەیمانە ئورووپاییەکان دەبا و دەبێتە هۆی ئامرازێکی بەهێز بۆ جیهادیستەکان لە سووریە بۆ راکێشانی هاوسۆز لە سەرانسەری جیهان بۆ لای خۆیان. ئەوە هەروەها پێویستی بە هاوکاریی سەربازیی لەگەڵ ئێرانە کە دەبێتە هۆی ئاسان کردنی کردنەوەی کۆریدۆری راستەوخۆ لە نێوان ئێران و لوبنان کە ئەویش لە دژی ئامانجی ستراتیژیکی کەم کردنەوەی نفوزی تارانە. ئەوە تووشی ئاستەنگی بەرچاو لە کۆنگرە و پێنتاگۆن، شوێنێک کە هەر هاوکارییەک لەگەڵ هێزەکانی رووسیه پێویستی بە ئیجازەی تایبەتیی وەزیری بەرگری، جایمز مەتیس هەیە، دەبێتەوە. لەو بوارەدا و زۆر بواریتر، تیللێرسۆن پێویستی بە لێهاتوویی دیپلۆماتیک هەم لە واشینگتۆنوهەم لەدەرەوەی وڵات هەیە.
لە ژماره ٦٩٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه