بهیاننامهیپێشگیری له توندوتیژی دژی ژنان
وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: قادر وریا
بڕیارنامهی١٠٤/٤٨یكۆمهڵهی گشتیی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان
25ی نۆڤامبه‌ر، به “رۆژی جیهانیی له نێو بردنی توندوتیژی دژی ژنان” ناودێر كراوه. ئه‌م رۆژه، ١٧ی دیسامبری ١٩٩٩ له لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه، له هه‌شتاو سێهه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی گشتی (ده‌وره‌ی په‌نجاو چواره‌م)دا به رۆژی جیهانیی توندوتیژی دژی ژنان ناودێر كرا. “به‌یاننامه‌ی پێشگیری له توند‌و تیژی دژی ژنان”، په‌سه‌ندكراوی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، مه‌به‌ست له توندوتیژی دژی ژنان، ئه‌ركی ده‌وڵه‌تان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌م پێوه‌ندییه‌دا روون ده‌كاته‌وه.
كۆمه‌ڵه‌ی گشتی،
به ئاگاداری له‌م پێویستییه به‌په‌له‌یه كه مافه‌كان و بنه‌ماكانی پێوه‌ندیدار به یه‌كسانی، ئاسایش، ئازادی، ته‌واوه‌تی و گه‌وره‌یی هه‌موو مرۆڤه‌كان، ده‌بێ به شێوه‌یه‌كی جیهانگیر له‌باری ژنانیشه‌وه ره‌چاو بكرێن،
به سه‌رنجدان به‌وه كه ئه‌م ماف‌و بنه‌مایانه، له به‌ڵگه‌نامه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا، بۆ وێنه له “جاڕنامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ”(١)، “په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان”(٢)، “په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كان”(٢)، “رێككه‌وتننامه‌ی له‌نێوبردنی هه‌موو جۆره‌كانی جیاوازی‌دانان به دژی ژنان”(٣)و “رێككه‌وتننامه‌ی دژی ئه‌شكه‌نجه و ره‌فتار یان سزای توندوتیژ، نامرۆیی و پڕ له سووكایه‌تی”(٤)دا، رێزیان لـێگیراوه،
به ئاگاداری له‌وه كه به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رچی كاریگه‌رتری “رێككه‌وتننامه‌ی نه‌هێشتنی هه‌موو جۆره‌كانی جیاوازی‌دانان به دژی ژنان” یارمه‌تی به نه‌هێشتنی توندوتیژی به‌رانبه‌ر به ژنان ده‌كا و، “به‌یاننامه‌ی نه‌هێشتنی توندوتیژی به دژی ژنان” به‌و جۆره كه له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا ده‌خرێته روو، ئه‌م ره‌وته به‌هێز و ته‌واو ده‌كا،
نیگه‌ران له‌وه كه توندوتیژی دژی ژنان كۆسپی گه‌یشتن به یه‌كسانی، پێشكه‌وتن و ئاشتییه، هه‌روه‌ك له “ستراتیژییه داهاتووبینهكانی كۆنفرانسی نایرۆبی بۆ پێشكه‌وتنی ژنان”دا روون كراوه‌ته‌وه و له‌واندا هێندێك گه‌ڵاڵه بۆ به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ توندوتیژی دژی ژنان پێشنیار كراوه و،
به مه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌چوونی به ته‌واویی “رێككه‌وتننامه‌ی له‌نێوبردنی هه‌موو جۆره‌كانی جیاوازی‌دانان به دژی ژنان”،
پێ‌داگر له‌سه‌ر ئه‌مه كه توندوتیژی دژی ژنان، بناغه‌یه‌كه بۆ پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژنان و، ده‌ستڕاگه‌یشتنی ژنان به‌م ماف‌و ئازادییانه تاڕاده‌یه‌ك یان به ته‌واوی ره‌ت ده‌كاته‌وه،
نیگه‌ران له سه‌رنه‌كه‌وتن له پشتیوانی‌و به‌ره‌وژووربردنی ئه‌م ماف‌و ئازادییانه له درێژخایه‌ندا، سه‌باره‌ت به توندوتیژی به دژی ژنان،
به ئاگاداری له‌مه كه توندوتیژی دژی ژنان، نوێنگهیهكه بۆ پێشاندانی نایه‌كسانیی مێژوویی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵات له نێوان ژنان‌و پیاواندا، كه بووه به هۆی ژێرده‌ست كردن و هه‌ڵاواردنی ژنان به‌هۆی پیاوانه‌وه و ، پێشگیری له به‌ره‌وپێشچوونی به ته‌واویی ژنانی لـێكهوتۆتهوه،
هه‌روه‌ها (به ئاگاداری له‌مه كه) توندوتیژی دژی ژنان یه‌كێك له‌و میكانیزمه كۆمه‌ڵایه‌تییه گرنگانه‌یه كه ژنان ناچار ده‌كا مل بۆ پله و پایه و پێگه‌ی نزمتر ـ له چاو پیاوان ـ رابكێشن،
نیگه‌ران له‌وه كه هێندێك له گروپه‌كانی ژنان بۆ وێنه ژنانی سه‌ر به گروپه كهمایهتییهكان، ژنانی خۆوڵاتی(بومی)، ژنانی په‌نابه‌ر، ژنانی كۆچه‌ر، ئه‌و ژنانه‌ی له لادێ یان ناوچه دووره ده‌سته‌كان ده‌ژین، ژنانی بێئه‌نوا، ژنانی به‌ندكراو یان ده‌سبه‌سه‌ر، كچانی مێرمنداڵ، ژنانی نهقوستانو بێ‌توانا، ژنانی بهساڵاچووو ژنانی ناوچه شهڕلێدراوهكان به‌تایبه‌ت له به‌رانبه‌ر توندوتیژیدا لاوازن،
به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامی پاراگرافی ٢٣ی هاوپێچی بڕیارنامه‌ی ٢٤ی مای ١٩٩٠ی شوورای كۆمه‌ڵایه‌تی (ژماره ١٥/١٩٩٠)و هه‌ست كردن به‌وه كه توندوتیژی دژی ژنان له بنه‌ماڵه‌و كۆمه‌ڵگه‌دا په‌ره گرتوویه و، له سنووری داهات، چین و كولتوور تێده‌په‌ڕێ، ده‌بێ هه‌نگاوی به په‌له‌و كاریگه‌ر بۆ له‌نێوبردنی ئه‌م دیارده‌یه بنرێ،
هه‌روه‌ها به وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی بڕیارنامه‌ی ١٨/١٩٩١ی شوورای ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی (٣٠ی مای ١٩٩١) كه شوورا له‌ودا پێشنیاری ئاماده‌كردنی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نێونه‌ته‌وه‌یی هێناوه‌ته گۆڕێ كه به شێوه‌یه‌كی راشكاوانه سه‌رنج بداته كێشه‌ی توندوتیژی به دژی ژنان،
وه‌ك پێشوازی له رۆڵێك كه بزووتنه‌وه‌كانی ژنان له راكێشانی رۆژ به‌رۆژ زیاتری سه‌رنجه‌كان بۆلای نێوه‌رۆك، جیددیبوون و ره‌هه‌نده‌كانی كێشه‌ی توندوتیژی به دژی ژناندا هه‌یانه،
به هه‌ستكردنی ئه‌م مه‌ترسییه كه دهرهتانو ده‌رفه‌ته‌كانی ژنان بۆ به‌ده‌ستهێنانی یه‌كسانیی مافه‌كان و به‌رابه‌ری له بواره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی‌و ئابووریی كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌هۆی جۆراوجۆر و یه‌ك له‌وان توندوتیژیی پهرهگرو به‌رده‌وام، به‌رته‌سك و سنووردارن،
به سه‌رنجدان به‌و خاڵانه‌ی له سه‌ره‌وه ئاماژه‌یان پێكراوه، بڕوامان وایه كه پێناسه‌یه‌كی گشتگیر و روون بۆ توندوتیژی دژی ژنان، به‌یاننامه‌یه‌كی روون له باره‌ی ئه‌و مافانه‌ی ده‌بێ ره‌چاو بكرێن و ده‌سته‌به‌ری نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان له هه‌موو شێوه‌و جۆره‌كانی دان، هه‌روه‌ها دهروهستبوونێك له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانه‌وه به نیازی رێزگرتن لهبهرپرسایهتییهكانیانو، دهروهستبوونێكیش له‌لایه‌ن سه‌رجه‌می كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان پێویسته،
هه‌ر بۆیه به‌ڕه‌سمی به‌یاننامه‌ی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان له خواره‌وه‌دا راده‌گه‌یه‌نین و، سوورین له‌سه‌ر ئه‌مه كه بۆ ناساندن و رێزگیرانی له لایه‌ن هه‌مووانه‌وه، ده‌بێ هه‌ر چه‌شنه هه‌وڵێكی پێویست بدرێ:
مادده‌ی ١:
له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا، مه‌به‌ست له ده‌سته‌واژه‌ی “توندوتیژی دژی ژنان” هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی توندوتیژ له‌سه‌ر بناغه‌ی جنسیهته كه ببێته هۆی ئازاردان و زیان پێگه‌یاندنی جه‌سته‌یی، جینسی یان ده‌روونیی ژنان، یان له‌وانه‌یه ببێته هۆی ئه‌م جۆره ئازار و زیانانه. هه‌ڕه‌شه یان كرده‌وه‌ی هاوشێوه، زۆری كردن له ژنان، بێبه‌شكردنی زۆردارانه‌ی ئه‌وان له ئازادی كه له‌به‌رچاوی خه‌ڵك یان له چوارچێوه‌ی ژیانی تایبه‌تیدا رووده‌ده‌ن، له رێزی ره‌فتارو كرده‌وه‌ی توندوتیژ دان.
مادده‌ی ٢:
لێكدانه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر به‌م نموونانه نابه‌سترێته‌وه:
ئهلف- توندوتیژی جه‌سته‌یی، جینسی‌و ده‌روونی كه له بنه‌ماڵه‌دا رووده‌ده‌ن، بۆ وێنه لێدان، ئازاردانی جینسیی كچانی مێرمنداڵ له ماڵدا، توندوتیژیی پێوه‌ندیدار به جیاز، ده‌ستدرێژی له‌لایه‌ن مێرده‌وه، خه‌ته‌نه‌كردنی ژنان و ئه‌و دابونهریتانهی زیان به ژنان ده‌گه‌یه‌نن، توندوتیژی له پێوه‌ندیی به‌ده‌ر له ژن و مێردایه‌تیدا و توندوتیژی تایبه‌ت به‌ژنان.
ب- توندوتیژی جه‌سته‌یی، جینسی‌و ده‌روونی كه له به‌ستێنی ژیانی به كۆمه‌ڵدا روو ده‌ده‌ن، بۆ نموونه: ده‌ستدریژی، كه‌ڵكی خراپ وه‌رگرتنی جینسی، ئازاردانی جینسی و ترساندن له شوێنی كار، له ناوه‌نده فێركارییه‌كان و شوێنه‌كانی دیكه‌دا، كڕین و فرۆشتنی ژنان و له‌شفرۆشیی به زۆری.
پ- توندوتیژی جه‌سته‌یی، جینسی و ده‌روونی كه به هۆی ده‌وڵه‌ته‌وه ئه‌نجامده‌درێ یان له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه پشتگوێ ده‌خرێ.
ماددهی٣:
ژنان به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان [له گه‌ڵ پیاوان] مافی ده‌ستڕاگه‌یشتن به هه‌موو مافه مرۆییه‌كان و ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان له بواره‌كانی سیاسی، كۆمه‌لایه‌تی، كولتووری، مه‌ده‌نی و هه‌موو بواره‌كانی دیكهداو، هه‌ر وه‌ها مافی پاراستنی ئه‌و ماف و ئازادییانه‌یان هه‌یه. ئه‌م مافانه بریتین له:
ئهلف- مافی ژیان(٦)
ب- مافی یه‌كسانی (٧)
پ- مافی ئازادی و ئاسایشی كه‌سی(٨)
ت- مافی پشتگیری له‌لایه‌ن قانوونه‌وه(٧)
ج- مافی رزگاری له هه‌موو جۆره‌كانی هه‌ڵاواردن(٧)
چ- مافی كه‌ڵكوه‌رگرتن له زۆرترین راده‌ی گونجاوی سڵامه‌تیی جه‌سته‌یی و ده‌روونی(٩)
ح- مافی [هه‌بوونی] هه‌لومه‌رجی دادپه‌روه‌رانه‌و جێگای ره‌زامه‌ندی بۆ كار(١٠)
خ- مافی ئه‌وه كه تاك نه‌كه‌وێته ژێر ئه‌شكه‌نجه یان سزا‌و ره‌فتاری توندوتیژ، نامرۆیی‌و پڕسووكایهتی.(١١)
مادده‌ی ٤:
ده‌وڵه‌تان ده‌بێ توندوتیژی دژی ژنان مه‌حكووم بكه‌ن و، نابێ هیچ دابونه‌ریت یان تێبینیی ئایینی، بكه‌نه بیانوو بۆ ئه‌نجام [نه]دانی ئه‌ركه‌كانیان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ نه‌هێشتنی توندوتیژیدا. ده‌وڵه‌تان ده‌بێ به كه‌ڵكوه‌رگرتن له هه‌موو شێوه گونجاوه‌كان و بێ‌راوه‌ستان، سیاسه‌تی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان هه‌تا سه‌ر ئه‌نجامه‌كه‌ی درێژه پێ بده‌ن. هه‌روه‌ها ده‌بێ:
ئهلف- ئه‌گه‌ر تا ئێستا به ته‌واوی له ئاست “رێككه‌وتننامه‌ی له‌نێوبردنی هه‌موو جۆره‌كانی هه‌ڵاواردن دژی ژنان” خۆیان به‌رعۆده نه‌كردووه، ده‌بێ په‌سندی بكه‌ن، یان به‌شێوه‌ی ره‌سمی ببن به ئهندامیو، واز له مه‌رجه تایبه‌تییه‌كانی خۆیان له‌باره‌ی ئه‌م رێككهوتننامهیهوه بێنن.
ب- له به ئه‌ستۆگرتنی هه‌ر چه‌شنه توندوتیژییه‌ك، خۆ بپارێزن،
پ- به مه‌به‌ستی پێشگیری له توندوتیژی و ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه له‌م پێوه‌ندییه‌دا و، دانانی سزا بۆ كرده‌وه‌ی توندوتیژ دژی ژنان، هه‌موو هه‌وڵێكی پێویست به گوێره‌ی قانوونه‌كانی وڵات بده‌ن. جا چ ئه‌م كرده‌وانه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه ئه‌نجام درابن، چ له‌لایه‌ن كه‌سانی تایبه‌تییه‌وه.
ت- له قانوونه‌كانی وڵات‌دا ده‌بێ لایحه‌ی ره‌سمیی سزایی، مه‌ده‌نی، كاری‌و ئیداری بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌تایانه ئاماده بكه‌ن كه ده‌رهه‌ق به ژنانی توندوتیژی چێشتوو، ئه‌نجامدراون. ئه‌و ژنانه‌ی له‌گه‌ڵ توندوتیژی به‌ره‌وڕوو ده‌بن، ده‌بێ رێگاچاره‌ی قه‌زاییان بۆ دابین بكرێ‌و، به پشتیوانیی قانوونه‌كانی وڵات، زیانه‌كانیان به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌و كاریگه‌ر بۆ قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه. ده‌وڵه‌ت هه‌روه‌ها ده‌بێ ژنان له مافه‌كانیان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیان و وه‌ده‌ستهێنانی توانایی به‌هۆی ئه‌م رێگاچارانهوه ئاگادار بكاته‌وه.
ج- به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی به مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدانی پشتگیری له ژنان بۆ به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رچه‌شنه توندوتیژییه‌ك، یان زیادكردنی هێندێك مادده له به‌رنامه‌كانی خۆیان به‌و مه‌به‌سته، هه‌روه‌ها هاوكاریی گونجاو له هێندێك بواردا له‌گه‌ڵ رێكخراوه ناده‌وڵه‌تییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوانه‌ی به كێشه‌ی توندوتیژییه‌وه خه‌ریكن.
چ- دیاریكردنی رێگاكانی پێشگیری له توندوتیژی و، دانانی پلانی گشتگیری كاری له بواره‌كانی حقووقی (مافه‌كان)، سیاسی، ئیداری‌و كولتووریدا كه پشتیوانی له ژنان له به‌رانبه‌ر هه‌ر چه‌شنه توندوتیژییه‌ك بره‌و پێ ده‌ده‌ن و، ده‌بنه ده‌سته‌به‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی ژنان سه‌باره‌ت به ههستیارنهبوونی قانوون له ئاست تێبینییه جینسییهكانداو له ئاكامی جۆره‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی قانوون‌و خۆ تێههڵقوتاندنه ده‌وڵه‌تییه‌كانی دیكه‌دا، نابنه‌وه به قوربانیی توندوتیژی.
ح- هه‌وڵ بده‌ن بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌وه كه ژنانی ژێر توندوتیژی، ئه‌گه‌ر پێویست بوو منداڵه‌كانیان له یارمه‌تییه تایبه‌تییه‌كانی وه‌ك توانایی پێبه‌خشین، هاوكاری له سه‌رپه‌رستی و چاوه‌دێریی منداڵان و ژیان و به‌ڕێچووندا، ده‌رمان، راوێژكاری و خزمه‌ته له‌شساغی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌هره‌مه‌ند بن. ناوه‌نده‌كان، پڕۆگرامه‌كان و رێكخراوه یارمه‌تیده‌ره‌كان ده‌بێ هه‌نگاوی پێویست بۆ به‌ره‌وژووربردنی ئاسایش و توانایی به‌خشینی جه‌سته‌یی و ده‌روونی به‌وان، هه‌ڵبگرن.
خ- له بوودجه‌ی ده‌وڵه‌تدا، به‌ڕاده‌ی پێویست بۆ تێكۆشانی پێوه‌ندیدار به نه‌هێشتنی توندوتیژی ته‌رخان بكه‌ن.
د- بۆ فێركردن و راهێنانی هێزه‌كانی ئاسایش و به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تیی به‌رپرسیار له جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته‌كانی تایبه‌ت به پێشگیری، لێكۆڵینه‌وه و سزادانان بۆ توندوتیژی له دژی ژنان، هه‌نگاوی پێویست هه‌ڵبگرن تا ئه‌م كه‌سانه هه‌مبه‌ر به پێویستییه‌كانی ژنان هه‌ستیار بن.
ر- هه‌نگاوی پێویست به‌تایبه‌تی له بواری فێركاریدا هه‌ڵبگرن بۆ ئه‌وه‌ی چاكسازی له‌سه‌ر مه‌شقه كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كانی ره‌فتاری پیاو و ژن‌دا بكهنو، هه‌ڵاواردنه‌كان، ره‌فتاری باو و هه‌موو چه‌شنه ره‌فتارێك كه له‌سه‌ر بناغه‌ی ژێرده‌ستی یان باڵاده‌ستیی جنسێكه و، ژن و پیاو پێی راهاتوون، له نێو ببه‌ن.
ز- لێكۆڵینه‌وه، كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و ئامار(ئهژمێرهكان)، به‌تایبه‌تی له باری توندوتیژیی بنه‌ماڵه‌یی و شێوه جۆراوجۆره‌كانی توندوتیژی دژی ژنان، بره‌و پێ بده‌ن و هانده‌ر بن بۆ لێكۆلێنه‌وه له‌باری هۆیه‌كان، نێوه‌رۆك، راده‌ی جیددیبوون و ئاكامه‌كانی توندوتیژی به‌دژی ژنان و، راده‌ی كاریگه‌ریی هه‌نگاوه‌كان به مه‌به‌ستی پێشگیری له توندوتیژی و هه‌روه‌ها قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی توندوتیژی له هه‌مبه‌ر ژنان. ئه‌م ئامار‌و زانیارییانه ده‌بێ بخرێنه به‌رچاوی هه‌مووان.
ژ- هه‌نگاوی پێویست به مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی توندوتیژی به‌تایبه‌تی له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنانه‌دا كه له به‌رانبه‌ر توندوتیژی لاوازن، هه‌ڵبگرن.
س- له‌و راپۆرتانه‌دا كه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌ڵگه‌نامه‌كانی مافی مرۆڤدا پێشكێشی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی ده‌كه‌ن، زانیاریی پێوه‌ندیدار به توندوتیژی دژی ژنان‌و، [راپۆرتی] هه‌نگاوی هه‌ڵگیراو به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی داواكانی ئه‌م به‌یاننامه‌یه، بگونجێنن.
ش- هانده‌ری دانانی پلانی كاری به مه‌به‌ستی جێبه‌جێبوونی بنه‌ماكانی ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه بن.
ع- هاوكاریی چالاكی و تێكۆشانی بزووتنه‌وه‌و رێكخراوه ناده‌وڵه‌تییه‌كانی ژنان بكهنو له ئاستی خۆجێیی، نه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌ییدا یارمه‌تییان بده‌ن.
غ- رێكخراوه ناوچه‌ییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه تێیاندا ئه‌ندامن هان بده‌ن، ئه‌گه‌ر بۆیان ده‌گونجێ له‌نێوبردنی توندوتیژی دژی ژنان بخه‌نه نێو به‌رنامه‌ی خۆیان.
مادده‌ی ٥:
ئۆرگانه‌كان و نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌ی له توانایان دایه، یارمه‌تیی ناساندن و هێنانه‌دیی ئه‌و ماف و بنه‌مایانه بده‌ن كه له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا هاتوون. بۆ نموونه ده‌بێ:
ئهلف- یاره‌مه‌تی به گه‌شه‌كردنی ئه‌و هاوكارییه نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یییانه بكه‌ن كه ئامانجیان پێناسه‌كردنی ستراتیژییه ناوچه‌ییه‌كان بۆ به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ توندوتیژی، گوازتنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كان و، به‌رنامه ماڵییه‌كانی تایبه‌ت به نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنانه.
ب- هانده‌ری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌و سمینارانه بن كه ئامانجیان پێكهێنان‌و گه‌شه‌پێدانی ئاگایی نێوان هه‌موو تاكه‌كان هه‌مبه‌ر به پرسی له‌نێوبردنی توندوتیژی دژی ژنانه.
پ- یارمه‌تیی گه‌شه‌پێدانی هاوهه‌نگاوی و هاوبه‌شیی نێوان بنیات و ناوه‌نده‌كانی تایبه‌ت به مافی مرۆڤی سه‌ر به رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ن تا پرسی توندوتیژی دژی ژنان به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر بكه‌وێته به‌ر سه‌رنج.
ت- له‌و لێكدانه‌وانه‌دا كه بۆ دامه‌زراو و ناوه‌نده‌كانی سه‌ر به رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ی كێشه و گرفت و دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئاماده‌ی ده‌كه‌ن، وه‌ك راپۆرته ناوبه‌ناوه (ده‌وره‌ییه)كان له باره‌ی هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تیی جیهان، توێژینه‌وه له‌باره‌ی مه‌یل و بۆچوونه‌كان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ توندوتیژی دژ به ژنانیشدا بگونجێنن.
ج- فۆرمۆله‌كردنی پلانكاری یان نامیلكه‌كانی رێنوێنی له‌باره‌ی توندوتیژی دژی ژنان، بره‌و پێ بده‌ن و، ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا ئاماژه‌یان پێ كراوه، بگونجێنن.
چ- پرسی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، ئه‌گه‌ر ده‌گونجێ، ببه‌ستنه‌وه به جێبه‌جێكردنی به‌رپرسیاره‌تییه‌كانی خۆیان له به‌ڕێوه‌بردنی به‌ڵگه‌نامه‌كانی تایبه‌ت به مافه‌كانی مرۆڤدا.
مادده‌ی 6:
هیچ شتێك له‌م به‌یاننامه‌یه‌دا نابێ هیچ یه‌ك له مادده‌كانی قانوونی وڵاتێك یان هه‌ر رێككه‌وتن و په‌یماننامه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی یان هه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی دیكه كه له وڵاتێك جێبه‌جێ ده‌كرێ و بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ژنان روونتر و بهبڕشتترن، بخاته ژێر كاریگه‌ریی خۆی.
په‌راوێزه‌كان:
– بڕیارنامه‌ی (٢١٧ )
– بڕوانه بڕیارنامه‌ی AXXI2200 ، هاوپێچ
– بڕوانه بڕیارنامه‌ی ٣٤/١٨٠، هاوپێچ
– بڕیارنامه‌ی ٣٩/٤٦، هاوپێچ
– راپۆرتی كۆنفرانسی جیهانی بۆ لێكۆڵینه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌سكه‌وته‌كانی ده‌یه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ ژنان: یه‌كسانی، پێشكه‌وتن و ئاشتی، نایرووبی، ٢٦- ١٥ی ژوئیه‌ی ١٩٨٥ (له بڵاوكرداوهكانی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ژماره‌ی E. ٨٥. IV.١٠) فه‌سڵی I ، به‌شی A )
– به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ، مادده‌ی سێهه‌م، رێككه‌وتننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان، مادده‌ی ٦.
په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان، مادده‌ی 26.
– به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ، مادده‌ی 3 و، په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان، مادده‌ی 9.
– په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه ئابووری، كۆمه‌لایه‌تی و كولتوورییه‌كان، مادده‌ی 12.
– به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ، مادده‌ی ٢٣ و، په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كان، مادده‌كانی ٦ و ٧.
– به‌یاننامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ، مادده‌ی ٥، په‌یماننامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی مافه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان، مادده‌ی ٧ و، رێككه‌وتننامه‌ی دژی ئه‌شكه‌نجه، ره‌فتار یان سزای توند، نامرۆیی و پڕ سووكایه‌تی..
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی “ایران امروز”
لە ژماره ٦٩٣ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه