وهرگێڕان: کهماڵ حهسهنپوور
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئهمریکا سیاسەتی ئیمپراتوریەتیی گرتە بەر تا ئیستا، لە پەیوەندی لەگەڵ سیاسەتی دەرەوە بە گشتی و خۆرهەڵاتی ناوین بەتایبەتی، وێدەچێ دۆنالد ترامپ وەک سەرکۆماری تازەی ئەو وڵاتە، پێشبینی نەکراوترین پیاو بێ کە ئەو پلەی بەدەست هێناوە.
لە ماوەی پێشبڕکێی هەڵبژاردندا ترامپ جار لە دوای جار قسەی دژ بە یەکی کردوون و هەڵوێست و بۆچوونی لە بارەی چەندین بابتدا گۆڕیون. سەرەڕای ئەوە ئەگەر چەند بابەتێک بکەینە بنەما کە ئەو لە ساڵی رابردوودا لێبڕاوانە دووپاتی کردوونەوە، ئەوە ئەو شتانەن کە گریمانە دەکرێ لە ماوەی سەرکۆماریی ناوبراو کاریگەرییان لەسەر خۆرهەڵاتی ناوین هەبێ:
خەڵکی سوریه یەکەم قوربانیانی هەڵبژێرانی ناوبراون. دەرگای ویلایەتە یەکگرتووەکان بە رووی پەناخوازانی سوریهیی دادەخرێ، ئەوە رەنگبێ پەناخوازە کریستیانەکان نەگرێتەوە چونکە پڕۆپاگەندەکانی ترامپ لە دژی پەناخوازانی سوریهیی هەمیشە جەختی لەسەر ترس لە ئیسلام (ئیسلامۆفۆبیا) کردۆتەوە.
بۆ پێشگرتن لە هاتنە دەرەوەی پەناخوازانی سوریهیی، ترامپ پێشنیاری دروست کردنی “ناوچەیەکی پارێزراو” لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتەدا دەکا، تا ئاوارە سوریهییەکان لە جیاتی چوونە دەرەوە وەک پەناخواز لەوێ جێگیر بکرێن. ئەو خۆی هەڵناوەتەوە و وتوویەتی کە وڵاتەکانی خەلیجی عەڕەبی ناچار دەکا پارەی ئەو کارە دابین بکەن هەر وەک چۆن مەکزیک ناچار دەکا پارەی ئەو دیوارە دابین بکا کە قەرارە لە سنووری هەروو وڵاتدا دروست بکرێ.
دووهەم: ترامپ سیاسەتێکی تازەی دۆستایەتی و هاوکاری لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی روسیه لەگەڵ سەرکۆماری ئەو وڵاتە ڤلادیمیر پوتین دەست پێدەکا. ئەوە بە واتای قبووڵ کردنی دەوری روسیه لە سوریه وەک شتێکی ئەرێنی و پشتگیریی بەشار ئەلئەسەد وەک بژاردەیەکی کەمتر خراپ.
ئەوە شتێکی لۆژیکییانەیە کە داوا لە هاوپەیمانە نەریتییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا بکرێ کە دەست لە پشتیوانی کردنی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری سوریه هەڵبگرن. ئەوکات واشینگتۆن لەگەڵ مۆسکۆ پشتیوانی لە “دەوڵەتی هاوپەیمانی” بە بەشداریی ئەندامانی ئاشتیخوازی “ئۆپۆزیسیۆن” دەکەن. ئەوە رێخۆشکەر دەبێ بۆ هاوپەیمانییەتی ئهمریکا لەگەڵ رێژیمی ئەسەد بە ناوی “شەڕ دژی تێرۆر”.
وەک رەچاوکردنی سیاسەتی پشتیوانی کردنی “پیاوانی بەهێز” لە دەسەڵاتدا، کە ئەو لەو بارەوە لەگەڵ پوتین هاوڕایە، ترامپ دەیهەوەێ پەیوەندییەکانی واشینگتۆن لەگەڵ سەرکۆماری میسر عەبدولفەتاح ئەلسیسی و سەرکۆماری تورکیه رەجەب تەییب ئەردۆغان باشتر بکا.
ئەو لەوانەیە هەوڵ بدا پەیوەندیی نێوان ئەو دوو پیاوە بۆ رێکخستنی هەوڵەکانیان بە دژی “تێرۆریزم” باشتر بکا، بە شێوەیەک کە هەرکام لە سەرکۆمارەکان پێناسەی تێرۆریزم لە وڵاتی خۆیدا لە لایەن ئەویتر قبووڵ بکا.
بە لەبەر چاو گرتنی ویستی ترامپ بۆ بەرهەڵستکاریی ئێران لە رێگای هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی ناوکی کە بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما پەسەندی کردبوو، ئەو لەوانەیە عەڕەبستانی سعودی هان بدا بۆ پێکهێنانی سێکوچکهی سوننی پێکهاتوو لە ئانکارا، قاهیرە و ریاز بە پشتیوانیی واشینگتۆن.
ناتەبایی سەرەکی لە رۆیای ترامپ بۆ خۆرهەڵاتی ناوین لێرە دایە (هەروەک هەڵوێستی نەیارانەی بە دژی چین ناتەبایی سەرەکیی لە رۆیای جیهانیی ناوبراوە): گەیشتن بەو ئامانجە دەخوازێ کە هەم مۆسکۆ و هەم رێژیمی ئەسەد قەناعەتیان پێ بێندرێ کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران بپچڕێنن.
لە کۆتاییدا “پیاوێکی بەهێزی” تری ناوچە کە لە بەڕیوەبەرایەتیی ترامپدا پەیوەندییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ واشینگتۆن باشتر دەبێ بێنیامین ناتانیاهوویە. بۆیە، قوربانییەکی راستەوخۆیتری سەرکەوتنی ترامپ، خەڵکی فەلەستین دەبێ چونکە نەتانیاهوو پاش ئاریێل شارۆن بە دوای رووداوی ١١ی سیپتامبری ٢٠١١، دەستی لە گشت سەرۆک وەزیرەکانیتری ئیسرائیل بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەوان ئاواڵەتر دەبێ.
لە ژماره ٦٩٢ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه