پێشەکی:
ئیکۆفاشیزم بەشێکی سەرەکیی پرۆژەی ئاسیمیلاسیۆن و داگیرکاری زێهنیەتی خۆ بە خودازانی پان ئێرانیزمه لە کوردستاندا، ئەو پڕۆژەیە وەک میکڕۆتەرحێکی پڕۆژەی ئاسیمیلاسیۆنی گەورە، کە بە واتای تواندنەوەی نەتەوەیی دێ، لە سەرەتای بە پێکهاتەبوونی ئایدۆلۆژی ویلایەتی فەقیە لە کوردستان و جوغرافیای داگیرکراوی نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەی ئێراندا، بوو بە یەکێک لە خاڵە نیشانەگیریکراوەکانی سیستم و باڵی ئیدۆلۆژیکی و ئابووریبەدەست و نیزامیکاری کۆماری ئیسلامی، واتە سپای پاسداران.
ئەگەر دانی فتوای جیهاد لە دژی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەورەترین و بێبەزەییانەترین پلانی سیستمی تازە بە دەسەڵاتگەیشتو بوو بۆ قەتڵوعام و کوشتاری بێبەزەییانەی لە کوردستان، حاشاهەڵنەگرە کە نەیتوانی ئامانجەکانی رێژیم بپێکێ، چونکە رووبەڕووی تێکۆشان و بەربەرەکانی هێزی پێشمەرگە و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان بۆوە، ئەوە سەرەتای بیرکردنەوەیهکی رەشتر بوو لە دیو و ژوورە فکرییهکانی سپای پاسداران.
ئیکۆسیستم لە شوناسەوه بۆ بنکەی خەبات:
نەتەوەی بێ جوغڕافیا و خاک، نەتەوەیهکی بێ ناسنامەیە و لە بواری رەوانییەوە قەت ئەندامەکانی ئەو نەتەوەیە ناتوانن لەگەڵ خۆیان ساغ بنەوە و هەموو کات لە بۆشایی دان، بڵاو و بێ جێگە و مەکانن، جولەکەکان پێش دامەرزاندنی دەوڵەتی ئیسراییل لە تراژیدیترین حاڵەتی نەتەوە بووندا بوون، بۆ؟ چونکە جوغڕافیای نیشتەجێ بوون و حاوانەوەی تایبەت بە خۆیان نەبوو و له گۆی زەوی لە جیهاندا بڵاو ببونەوە.
کورد بێ جوغڕافیا نییە و کوردستان جوغڕافیایەتی، وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد، ئەوەیە کابووسی داگیرکەران؛ هەر بۆیە بۆ لێدان و سڕکردن و دەستەمۆکردنمان و بۆ داگیرکردنی زمان و فەرهەنگ و کلتوورمان و هەوڵدان بۆ کۆیلە کردنی ئەو پاڕادایمە جەوهەریانەی کە واتابەخشی ژیانی ئێمەی کوردن، بە تەواوی مانا هەوڵی کۆیلە کردنی ژینگە و نیشتمانمان دەدەن.
لێرەدایە پڕۆژەی ئێکۆفاشیزمی دهوڵهتانی زاڵ بهسهر کوردستاندا دەچێتە فازێکی بێبەزەیانەتری دژایەتیی خەڵکی کورد.
رێژیمی ئاسیمیلاسیۆن، واتە کۆماری ئیسلامی و دیوە فکریهکانی سپای پاسداران بە بەکارهینان و ئیسکلەبەندی کردنی ئەم پڕۆژەیە لە هەوڵی پێکانی دوو ئامانجی سەرەکی دان:
یەکەم: مەیلی ئەرتەشی داگیرکاری بۆ سڕینەوەی شوێنەوارە مێژووییهکانی وڵاتەکەمان لە رێگەی دزین و دەرهێنانی ئەو ئاسەوارانەی کە بەشی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ماد و ماناکان و بە تاڵان بردن و هەراج کردنیان لە بازارەکانی دزینی ناسنامەی گەلان!
دووهەم: هەوڵدانێکی دڕندانەیە بۆ لە نێو بردنی سروشت و دارستان و لێڕەواڕ و تێکدانی بەستێنی هاتوچۆی سروشتی ئاوەکان و پەرە پێدانی پیشەسازییەک کە ناکۆک و ناتەبایە لەگەڵ روحی نیزیکایەتی مرۆڤ و چیا و کوێستان، لە ژێر ناوی مۆدێڕنیزاسیۆنی ئابووری تاکوو دەگاتە پڕۆژەی کەلانی سەدسازی نەک بە مێتۆدی زانستی و بە ئاقاری خزمەت بە دابین کردنی پێداویستییهکانی حەیاتی کۆمەڵگه واتە ئاوی خواردنەوە ، بەڵکو بە نیەتی تێکدانی ژینگەی ئەو شوێنانەی کە حەیاتی نەتەوەیەک بە بوونی ئەوانەوە مانا دەگرێ، بۆ راستی سەلماندنی ئەو ئیدیعایەش دەتوانین ئاماژە بە سەرچاوەی “کانی بڵ” بکەین.
ئامانجی رێژیم لەو پیلانە روون و ئاشکرایە و ئەگەر لە تاڵی رووداوەکە خۆمان نەدزینەوە و دیزە بەدەرخۆنەی نەکەین چەند قۆناغێکی مەترسیداریشی بڕیوە.
ئامانجی سیستم، بێ ناسنامە کردن و شێواندنی ناسنامەیە، داخستنی رێگای پێشکەوتنی پێکھاتەیی و زەینی گەلی کوردە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، چیا و کوێستان هێمای سەرکەشین و تاکی کورد و روحی سەرکەشی میراتی ژیان کردنە لەگەڵ ئەو ژینگەیە، نەرم و نیان بونی زمانی هەڵبەست و پاراو بوونی زمانی کوردی، قەرزداری پێوەندی و ژیان کردنە لەگەڵ ئەو سروشت و ژینگەیە.
حەقیقەتی پلانەکە ئەمەیە، ژینگەی دەستەمۆ و خاپورکراو، کوردی دەستەمۆ و لە جەوهەردا رووخاو و، کوردی دەستەمۆکراو و کۆیلە، ژینگە و جوغرافیای وێران و مێژوی ڵیڵ و تاریک و پچڕپچڕ ئاکامێتی!
شاخ و لێڕەواڕی کوردستان شوێنی حاوانەوە و لە چاوی دوژمن دووربوونی پێشمەرگەیە، ژینگەی کوردستان ژینگەی بەربەرەکانی و بە گژداهاتنەوەی زۆرداریە، بە وێران کردنی ئەو ژینگەیە روحی بەرەنگاری و بەرخۆدان لە بەرابەر دەسەڵاتی تاران لاواز دەبێ و دەمارەکانی رێفلێکس و کاردانەوەی خەڵک سڕدەکرێن و لە راستیدا روحی نیشتمانپارێزی دەتەزێنرێ.
گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پێشەنگی جوڵانەوەی نەتەوەیی دێموکراتیکی گەل، حیزبی دێموکراتی کوردستان بە شرۆڤە و ئانالیزی حەقیقەتی رێژیمی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی پاکتاوی نەتەوەیی و ژینگەیی ئەو رێژیمەیە، کە پاراستنی ژینگە بە ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی و ویژدانی دەزانێ و پاڕادایمی ژینگەی وەک ئەسڵێکی پێرۆزی خۆی بۆ پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان پێناسە دەکا و لە ھەمان کاتدا ھەوڵی ئەوە دەدا بەشداریهکی ھەمەلایەنەی کۆمەڵایەتی و بارتەقای گرینگی ژینگە لە تێکۆشان و خەباتی نەتەوەیەکدا و ھەروەھا وەڵامدەری ئاستی ئەو خەسارە زۆرانەی کە وە ژینگەی کوردستان کەوتوه پێکبێنێ و یارمەتیدەر و ھاوکار و پشتێوانی ئەو بزووتنەوە بێ.
لە لایەکی دیکە هێڵی ململانێ لەگەڵ دژەئەخلاقیترین پڕۆژەی ئێکۆفاشیستی رێژیم لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژلەگەڵ رۆژ زیاتر خەتی پاراستنی ژینگە بە بنەمای تێکۆشانی خۆی دەگرێ و هەوڵی هەرچی زیاتر گشتگیر کردنەوەی و لە ئەساسی خۆیدا فەرهەنگسازی بۆ ئەم بابەتە دەکا.
دەوری ژینگەپارێزان لە بەربەرەکانی لەگەڵ ئێکۆفاشیزم:
ژینگە پارێزانی کوردستان و چالاکانی ئەو بوارە لە خەبات ئەگەر پوختترین و رازاوەترین و بەپێزترین پێناسەیان وەک خۆم بۆ بکەم دەتوانم بڵێم، لە بەرابەر ئەڕتەشی وێران کردنی سروشت و ژینگەی کوردستان کە کۆماری ئیسلامییە، ئەوان ئەرتەشی پارێزوانی سروشت و ژینگەی کوردستانن، بە تەعبیرێکی دیکە ئەڕتەشی پاراستنی ناسنامە و مێژو و فەرهەنگ و زمان و باوەڕ و ئیرادەی کۆمەڵگهی خۆیانن.
ئاگاھی و ئێشی لە ئاگاھییهوە سەرچاوە گرتوو ئەوڕۆ بۆتە ھەوێنی ھاتنە دەنگ و خۆ بە رێکخستنکردنی سەدان و ھەزاران رۆڵەی بە ئەمەگی ئەو کوردستانە و لە ئێستادا بازنەیەکی بەرفراوان لە تێکۆشانی ژینگەپارێزی شکڵی گرتوو و رۆژ لەگەڵ رۆژ بەرفراوانتردەبێتەوە.
یهکێک لە تایبەتمەندییە ھەرە باشەکانی بزاڤی ژینگەپارێزی ئەوڕۆی رۆژههڵاتی کوردستان ههوڵی جیدی ریکخراوهکانی تایبهت بهو بوارهیه بۆ نوخبهیی نههێشتنهوهی ئهو چالاکییانه و پێکهێنانی فهزایهک و ئاخێوێکی وهها که ههر له منداڵێکهوه ههتا دهگاته فهرمانبهرێکی خانهنشین کراو ههموویان خۆی تێدا دهبیننهوه، ژنان له زۆر شار پێشهنگی ههڵمهتهکانی ژینگه پارێزین که ئهوهش خاڵێکی وهرچهرخانی دیکهی کاری رێکخراوهییه له کوردستان، ئهویش له جۆری خهباتی مهیدانی و به جێهێشتنی سهقف و دیواری رێکخراوهکان.
پەرەپێدان و زیاتر بە زەینی کردن و فەرھەنگسازی کردن بۆ ئەو خەباتە و دەوڵەمەند کردنی زیاتری ویست و داواکانیان لە داھاتودا شیمانەی بە دەستھێنانی دەسکەوتی زیاتری لێ دەکرێ، ھەربۆیەش لە کۆتایی باسەکەمدا ئاواتەخوازم رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی کوردستان وھەموو دڵسۆزانی نیشتمان و ئەوانەی کە دڵیان بۆ ئازادی دایکی نیشتیمان لێدەدات دەریغی نەکەن لە کاراکردن و ئەکتیو کردنی زیاتری ئەو بەشە لە خەبات، لە بەردوو ھۆکارکە پێموایە هۆکاری سهرهکین:
یەکەم: دوژمن بۆ لێدان لە بزووتنەوەکەمان بەڕاستی کار لە سەر تێکدانی ژینگەمان دەکا وسەرمایەگوزاری کەلانی بۆ کردووه.
دووھەم: ژینگە با تەنیا بە شاخ و چیا و دارستان و دیتنێکی رووکەشی ئەوانە نەخوێنینەوه، ژینگە کەرامەتی کۆمەڵگهی کوردستانە، ئاوێنەی ترادسیۆن و نۆرم و بەشی زۆری بەھاکانی مێژوویی ئێمەیە وغافڵبوون لێی کوشتنی روحی مێژویی بوونی ناسنامە وکەوناربوونمانە!
لە ژماره ٦٩١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه