یەکێک لە ووشە مانادارەکانی ئەدەبیانی دەورانی مێر منداڵی وگەنجی مرۆڤەکان ،شوناسە(هویت)مانای ئەم ووشەیەهاوکات لەگەڵ گەورە بوون وباڵا گرتن ئاڵ وگۆری بەسەر دادێ و پاشان شکڵی واقعی بە خۆوەدەگرێ،ئەم دیاردەیە ئەگەر لە کاتی خۆیدا ئاوری لێ نەدرێتەوە ،لەهەرەتی گەنجی دا وەک قەیران لە شوناسی کلتوریدا خۆدەنوێنێ،بۆیە گرینگترین ساڵەکانی ژیان،دەورانی مێر منداڵی و گەنجێ، وەک گۆرەپانی شکڵ گرتن و لەبەریەک هەڵوەشاندنی شوناسەکان،شوناس هەستێکی گرێ دراوە بە کۆمەڵێک شعووری ماددی ومەعنەوی،کە ماکەی ژیان لەسەریان لەنگەری بەستۆ ،ئەگەر ئەورۆ هەریەک لە ئێمە پرسیاری لێ بکرێ تۆ کێی؟یا لە پرسیارێک دا بۆ مان بنووسن کە شوناسی کلتوری خۆت تاریف کە ؟بێ شک ئەو وڵامەمان دەبێ کە مانای رەسەنایەتی بە کلتورەکەمان دەبەخشێ کەلە زەین وبیرماندا کەڵەکە بوونە،لە فێرکردن و راهێنان ،تێک چرژانی ئەو کلتورانەی کە رۆژانە وەردیان دەدەینەوە،ئەمن کوردم ،ولاتێکی کوت کوت کراوم هەیە ،تازە لاوێکی ئەو نیشتمانەم توانای بیر کردنەوە وفێربوونم هەیە،توانای فیداکاری وبەرخودانم لەو پەری خۆیدایە بۆ بەرژەوەندی نەتەوە ونیشتمانەکەم ،مرۆڤم وەک هەموو مرۆڤەکانی تری گۆی زەوی مافی ژیانم هەیە. گرینگ ئەوەیە کە بە شانازیەوە لە شوناسی کلتوری خۆمان بروانین وپارێزگاریان لێ بکەین ،لە راست هەناردە کردنی هێندێک کلتوری دزێو کە قەت کورد فری بەسەریانەوە نەبوە!پارێزگاری کردن نە بەو مانایە کە پێداگری لەسەرهێندێک نەریت و کلتوری سواوی خۆمان بکەین! بەڵکو بتوانین لە رەوتی شارستانییەت دا یا هەڵیان پەسێرین یائەگەر گونجاو بون بژاریان کەین بە رۆژیان کەینەوەو تەریبی ژیانی سەردەمیان بدەین ،خاڵێکی کە پێویستە لەبەرچاوبگیرێ،چۆن رێز لە کلتور وداب ونەریتەکانی خۆمان دەنێین ئاواش لە کلتوری گەلانی هاوسێ و دەورو پشتمان بروانین . شوناسی کلتوری لەگەلێک رەهەندەوە رەگاژۆی کۆمەڵگایە، وەک سنووری جوغرافی.دین وئایین ،بیر وباوەر وداب و نەریتەکان ،زمان و جل وبەرگ،موزیک و گۆرانی و بەیت و باوەکان ،شایی و شین و لاواندنەوەکان،خواردەمەنی وجۆری ئاژەڵداری ،ژینگە پارێزی و رەچاوکردنی پاک وخاوێنی نیشتمان وەک ماڵێکی گشتی! هەر ئەو شوناسە کلتورێ پێمان دەڵێ لە کوێوە هاتوین،بەرەو کوێ دەرۆین ،لە کەنگێوە لەومەڵبەندە جێگیر بوینە و …/لە هەموو روانگەکانەوە وڵامی تاکەکانی کۆمەڵگا لەو وڵامە فرە چەشنیانە،لە ئاستی ووشیاری و زانیاریدا لە رادەیەک دانین،بۆیە کاتێک لەو گۆشە نیگایەوە بروانینە کۆمەڵگا بۆمان دەردەکەوێ کە مرۆڤەکان دوو بەشن،بەجۆرێک بەشێکیان راسپێردراون! ئەوانی دیکەش ئاسایین،ئەوانەی راسپێردراون و مەئموریەتیان هەیە،شوناسێکی سەربەخۆیان گەرەکە ولەسەر ئەوباوەرەن کە بۆ بەرێوە بردنی ئەرکەکانیان و دەستەبەر کردنی ئامانجەکانیان لە دایک بوونە! پێویستەلە ماوەی ژیانیاندا حەولی بۆ بدەن و بە ئاکامی بگەیەنن ،هەر بۆیەش دەستەو یەخەی نەهامەتی و کوێرەوەرێکان دەبن پەت وسێدارە و گۆشەی بەندیخانە وچۆڵ و چیا و بەردی رەق ونانی ویشک هەڵدەبژێرن ،چاوپۆشی لە ژیانی پڕ زرق وبرق دەکەن ،هەر بۆیەشە خاوەنی جەوهەری رێبەری وقارەمانێتی و کاریزمایەتی وئازایەتین ! لەولاشەوە کەسانی ئاسایی ئەوکەسانەن کە خۆیان بەقەدەر دەسپێرن ورەوتی کۆمەڵگا چارەنوسیان بۆ دیاری دەکا رێگا بە بیرۆکەی دوا رۆژێکی روون نادەن بێتە نێوژیانی ئاساییان بەلکو لە بێ لایەنی و بێ تەفاوەتیدا خەریکی شەو بەرۆژ کردنەوەن،کەوابووئاوڕ دانەوە لە رابردوو،روانین لە داهاتویەکی پرشنگدارو هاندانی گەنجان بەرەو ئەو گرێبەستانەی کە مرۆڤی ئەرکدارلەرێبازی بەختیاری کۆمەلگادا،بە سەخاوەتەوە لە گەل ویژدان بەستویەتی وسەری بۆ لە گرەو ناوە، بکەین بە وانە، هەتا کچان وکورانی نیشتمان بە گشتی بێنە سەرئەوباوەرە کە ئەگەر رابردوو و مێژوو و ئەدەبیات وزمان و کلتوری نەتەوەکەیان پشت گوێ خەن و لە بیری کەن ،چ دەسکەوت و میراتێکی بەهاداریان دەمێنێ کە شانازی پێوە بکەن خۆی پێ رابنێن!ئەگەرئێمە لەو بەستینەدا ماموەستای باش و بە وەج نەبین، لێرەدایە کە کۆمەڵگا دەچرژێ ! کەلێن بۆ کلتوری نامۆ و بێگانە دەرەخسێ وپرگ، دەخاتە نێو کۆمەڵگا وئەونەخۆشێ کۆمەڵایەتیانە دەگوورێن وشکل دەگرن کە دەبینین داوێن گیری کۆمەڵگاکەمان بوونە ! سەید خدر میرسەیدی.