له زۆربه‌ی شار‌و ناوچه‌کانی کوردستان، به تایبه‌ت شاره‌کانی مه‌هاباد، مه‌ریوان، پیرانشار و شنۆ به چالاکیی ته‌بلیغی له ساڵڕۆژی شه‌هیدکرانی مه‌نسوور ئاروهنددا، یادو بیره‌وه‌ریی ئه‌و شه‌هیده لاوه‌ی حیزبی دێموکرات به‌رز ڕاگیرا.
شه‌وی شه‌ممه له‌سه‌ر یه‌کشه‌ممه، ٢٣ی جۆزه‌ردان له شاری مه‌ریوان له نێو شار‌و گه‌ڕه‌که‌کانی ئه‌و شاره به تایبه‌ت گه‌ڕه‌کی تاڵه‌قانی چالاکیی ته‌بلیغی کراو دیواره‌کان به دروشمی شۆڕشگێڕی‌و بیرئانینی مه‌نسوور ئاروه‌ند ڕازانه‌وه.
“مه‌نسووری شه‌هید رێگات درێژه‌ی هه‌یه” و “شه‌هید مه‌نسوور نموونه‌ی خۆڕاگری‌و فیداکاری” چه‌ند نموونه له‌و دروشمانه بوون له سه‌ر دیواره‌کان نه‌خشێندران.
له پیرانشار، شاری ئهمهگو شاری نیشتمان خۆشه‌ویستانی کوردستانیش، ڕۆڵه‌کانی نیشتمان یادو بیره‌وه‌ریی شه‌هید مه‌نسوور ئاروهندیان به‌رز ڕاگرت.
له‌و شاره‌دا گهڕهکو کۆڵانه‌کانی کۆنه‌خان، شه‌قامی کاسه‌که‌ران، مزگه‌وتی مهلادۆنهخۆرو گه‌ڕه‌گی خه‌ییام چه‌ند شوێن له‌و شوێنانه بوون له بیره‌وه‌ریی شه‌هید مه‌نسوور ئاروهنددا چالاکیی ته‌بلیغییان تێدا کرا.
له شاری مه‌هاباد، زێدی شه‌هید مهنسوورو ئه‌و شاره‌ی کووچه‌و کۆڵانه‌کانی پڕن له شوێنپه‌نجه‌ی چالاکییه‌کانی مه‌نسوور ئاروه‌ند؛ مهنسوورهکانی هاوڕێبازی مه‌نسوور ئاروه‌ند که ناهێڵن به‌یداخی خهباتو خۆڕاگری ئاروهندهکان وه‌عه‌رزی که‌وێ، یادی ئه‌و شه‌هیده لاوه‌ی شاره‌که‌یان به‌رز ڕاگرت.
“گومرکی سه‌رێ”، ” کوی هه‌ژار”، ” زه‌مینه‌کانی شاره‌داری”، ” موکریان”، ” گومرکی خوارێ”، کۆڵانه‌کانی ده‌ورووبه‌ری فێرگه‌ی ماشێن لێخوڕینی حیکمه‌ت”، “شه‌هره‌کی کارمه‌ندان”، “پشتی هۆتێل کوێستان”، ” مه‌یدانچه‌ی حه‌سه‌نزاده”؛ به‌شێک له‌و شوێنانه بوون که به نووسینی دروشم‌و بڵاوکردنه‌وه‌ی تڕاکت یادو بیره‌وه‌ریی شه‌هید مه‌نسووریان تێدا به‌رز ڕاگیرا.
“له پێناو کاک مه‌نسوور گیانم له سه‌ر ده‌ستم بوو”، ” شه‌هید مه‌نسوور ڕێگات درێژه‌ی هه‌یه”، ” به ئێعدامی شه‌هید مه‌نسوور هه‌زاران مه‌نسوور له دایک بوون” و ” شه‌هید مه‌نسوور سه‌مبولی خهباتو خۆڕاگری” چه‌ند نموونه له‌و دروشمانه بوون که له سه‌ر دیواره‌کان نه‌خشێندرابوون.
چالاکیی بیرئانینی شه‌هید مه‌نسوور له شاری شنۆش بووه هۆی دلخۆشیی خهڵکو ڕێبوارانی رێگای ڕزگاری.
ڕۆڵه گیان له‌سه‌ر ده‌سته‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له “جاده‌ی ورمێ بۆ شنۆ”، “شه‌هره‌کی سه‌نعه‌تی”، شاوانه”، “نیروگای بڕق”، ” جاده‌ی شنۆ بۆ نه‌غه‌ده”، ” ئاڵیاوا” و ” ساردخانه‌ی سێوی سوور” به بڵاوکردنه‌وه‌ی تڕاکتو نووسینی دروشم یادو بیره‌وه‌ریی شه‌هید مه‌نسووریان به‌رز ڕاگرت.
به‌پێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی ته‌شکیلاتی حیزب له چه‌ند شوێنیش که گشته‌کانی ڕێژیم له چالاکان‌و هه‌لسوڕاوانی حیزب نیزیک ده‌بوونه‌وه، ده‌درانه به‌ر ده‌سترێژی شۆڕهلاوانو ڕاوده‌نران.
کۆمیسیۆنی ته‌شکیلاتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌و بۆنه‌یه ده‌سخۆشی له لاوان‌و ئه‌ندامانی هه‌ڵسووری حیزب له کوردستان ده‌کا که به‌بۆنه‌ی ساڵیادی شه‌هیدبوونی مه‌نسوور ئاروه‌ند، وێڕای نوێکردنه‌وه‌ی به‌ڵێن له‌گه‌ڵ مهنسوورهکان دڕیان به شه‌وه‌زه‌نگی بێدادیی ڕێژیمداو به گه‌رمی سڵاویان بۆ ده‌نێرێ.