ئەیووب ئەسەدی، بەندكراوی سیاسیی كورد که لە زیندانی كاشمەردا و بە هۆی دیسكی پشت لە بارودۆخێكی خراپی جەستەییدا دەژی، بە هۆی پێنەدانی مەرەخەسی مانی لە خواردن گرتوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماف نیوز، ئەیووب ئەسەدی بەندكراوی سیاسیی كورد بە تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤ ساڵ زیندانی لە زیندانە جیاجیاكان لە حاڵێكدا كە ئازاری پشت بڕستی لێ بڕیوە، لە مافی پێدانی مەرەخەسیو پێڕاگەیشتنی پزیشكی بێبەش كراوەو ڕێگری لە ناردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە دەكرێ.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە زیندانی كاشمەرەوە وێڕای پشتڕاستكردنەوەی هەواڵی مانگرتنی ئەو زیندانییە سیاسییە لە خواردن گوتی: ئەیووب ئەسەدی لە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٥ لەگەڵ دهسپێكی مان گرتنەكەی، ڕاپێچی سللوولی ئینفرادی كراوە.
پێشتر ئیدارەی زیندانی كاشمەر ڕایگەیاندبوو دەبێ ئەم دادگایەی كە لەوێ محاكمە كراوە، بڕیاری ناردنی ئەو بۆ نەخۆشخانە بداو، سەرەڕای ڕەزامەندیی دادگای شارەكانی كامیارانو سنە لەگەڵ داوای مەرەخەسیی ئەیووب ئەسەدیو دەستبەسەرداگرتنی سەنەد، بەڵام هەروا بەهۆی دژایەتیكردنی دادستانی كاشمەر، تا ئێستاش ئەویان بۆ نەخۆشخانە نەناردوە.
ناوبراو جگە لە تووشبوون بە دیسكی پشت، بە دەست نەخۆشیی “ئاسم”یشەوە دەناڵێنێو لەسەر خەرجی گیرفانی خۆی، ئێسپرێیی تایبەتی ئاسمی بۆ دەكڕن.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێكەوتی 25ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ وێڕای محەممەدحوسێن ڕەزایی لە لایەن هێزەكانی سپای پاسدارانەوە لە دەوروبەری ئاوایی “بۆڕیەر” سەر بە شاری سەوڵاوا دەستبەسەر كرا.
ناوبراو پاش چەند مانگ دەستبەسەركران لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعات لە دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆكایەتیی قازی بابایی بە تۆمەتی “هاوكاری كردنی یەكێك لە حیزبە كوردییەكان” حوكمی ٢٠ ساڵ زیندانو دوور خرانەوە بۆ زیندانی كاشمەری بەسەردا سەپێندرا.
ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ٢٨ی خاكەلێوەی ساڵی ١٣٩٢ لە لایەن ناوەندی جێبەجێ كرانی حوكمەكانی زیندانەوە بانگ كرا و ڕاستەزخۆ لە زیندانی ناوەندیی شاری سنەوە بۆ زیندانی كاشمەر دوور خرایەوە.