مامۆستایەکی تەمەن ٦٥ ساڵەی بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی ” کۆنکۆردیا مونتراڵ”ی کانادا کە بۆ سەفەرێکی توێژینەوەیی سەردانی ئێرانی کردبوو، لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا.
بنەماڵەی “هۆما هودفەر” دەڵێن سەرەتا ١٩ ی ڕەشەمەی زستانی ڕابردوو و کاتێک ناوبراو بەرنامەی گەڕانەوە بۆ کانادی هەبوو، هێزەکانی سپای پاسداران پەلاماری ماڵەکەی دەدەنو هەموو کەلومەپە شەخسییەکانی وەک لەبتاپ، موبایل، پێناس، پاسپۆڕتو هەندێ لە کتێبەکانی هەڵدەگرنو پێی دەڵێن کە ئیزنی چوونەدەرەوە لە ئێرانی نییە.
بەپێی قسەی بنەماڵەی خاتوو هودفەر، ئەو مامۆستایەی زانکۆ دوای ماوەیەک دەسبەسەرکران لە زیندان ئازاد بوو، بەڵام کۆبوونەوەکانی لێپێچینەوە لە ناوبراو درێژەی بووە تا ئەوەی ڕۆژی دووشەممە، ١٧ ی جۆزەردان دوای بانگکرانی بۆ دادسەرای ئەمنیەت، یەکجێ قۆڵبەستو زیندانی کراوە.
بنەماڵەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێن کە نە پارێزەرەکەیو نە ئەندامانی بنەماڵەکەی بۆیان نییە چاویان پێی بکەوێو هۆکاری گرتنەکەشی ئاشکرا نەکراوە.
بنەماڵەی هۆما هودفەر لە کۆتاییدا بە ئاماژە بەوەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ ڕەگەزنامەی ئێرانی، کاناداییو ئیرلەندی هەیە، لە هەر سێ ئەو دەوڵەتان ویستوە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی هودفەڕ بکەنو هەوڵی ئازادکردنی لە زیندان بدەن.