لە حاڵێكدا كە ڕۆژی یەكشەممە لە لایەن سەركۆماری ئێرانەوە بڕیاری جێبەجێ كرانی قانوونی “تاوانی سیاسی” دەركراوە، بەڵام جێگری فەرهەنگیی دەزگای قەزایی دەڵێ “من هیچ شتێك بە ناوی تاوانی سیاسی بە ڕەسمی ناناسم”و، پێویست ناكا هیچ تاوانێك پێناسەی لەم شێوەیهی بۆ بكرێ.
هادی سادقی لە لێدوانێكدا بۆ ژمارەی ڕۆژی ١٧ی جۆزەردانی ڕۆژنامەی “شرق” وێڕای ئاماژە بەم بابەتە كە لە ڕاستیدا هیچ شنێك بە ناوی تاوانی سیاسی بە ڕەسمی ناناسێ، پێداگری لهسهر ئهوه كردەوە ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانەی كە لەگەڵ چالاكانی سیاسی كراوە، هۆكاری ئەمنیەتییان لە پشت بووەو حیسابی چالاكی سیاسییان بۆ ناكرێ.
حەسەن ڕووحانی سەركۆماری ئێران، ڕۆژی ١٦ی جۆزەردان بۆ یەكەم جار پاش هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی، بڕیاری جێبەجێ كرانی قانوونی “تاوانی سیاسی” بە ٢ وەزارەتخانەی نێوخۆ و دادگوستەری ڕاگەیاند. شوورای نیگابان لە كۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕی خۆی پەسندكراوی مەجلیسی لە بابەت پێناسەی تاوانی سیاسی پشتڕاست كردبۆوە.
بەپێی پەسندكراوی مەجلیس، ئەم تاوانانەی كە ” بە ئەنگیزەی چاككردنی كاروباری ئێران بەدژی ئیدارهو بهڕێوهبهر و ڕێكخراوە سیاسییەكان یان سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەكییەكانی ئێران ڕوویان دابێ، به تاوانی سیاسی دادهنرێن.” بەم حاڵەش بەپێی ئەم قانوونە، “ورووژاندنی خەڵك بۆ جیاییخوازی، شەڕو پێکدادان” و “لە قاودانی سڕ و نهێنییەكان” به تاوانی سیاسی داناندرێن.
ئەم قانوونە هەروەها كۆمەڵێكیشی پوانی بۆ زیندانیانی سیاسی وەبەرچاو گرتووە كە لە نموونەی ئەوان ئاماژە بەم بابەتانە كراوە: “جیا كرانەوەی شوێنی ڕاگیرانی بەندكراوانی سیاسی لە زیندانیانی ئاسایی، لە ماوەی دەستبەسەر كرانو بەند كرانیاندا”، “قەدەغە بوونی دەستبەسەركران و بەند كران له سللولی ئینفڕادی له زیاتر لە ١٥ ڕۆژ”، “قەدەغە كرانی پۆشینی جلەوبەرگی تایبەت بە زیندان لە ماوەی دەستبەسەر كردندا” و “نەبوونی ئیمكانی ڕادەستكرانەوەی تاوانبارانی سیاسی.”