وەزیری نێوخۆی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاپۆرتێكدا كە بۆ مەجلیسی شوورای ئیسلامی ناردووە، ڕایگەیاندووە كە لە ئێران ساڵانە ٦٠٠ هەزار كەس ڕاپێچی زینداندەكرێن.
عەبدوڵڕەزا ڕەحمانی فەزڵی، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردان بە ئامادە بوون لە کۆبوونهوهی مەجلیس، ڕاپۆرتێكی پێشكێش كرد.
لەم ڕاپۆرتەدا باس لە خەسارە كۆمەڵایەتییەكان لە ئێرانو كۆبوونەوەی بهرپرسانی پلەبەرزی ڕێژیم لەگەڵ خامنەیی سەبارەت بەم بابهتانه کراوه.
وەزیری نێوخۆی دەوڵەتی ڕووحانی لە ڕاپۆرتەكەی خۆیدا چەند ئامارێكی جیاوازی لە بابەت خهساره كۆمەڵایەتییەكان لە ئێران ڕاگەیاند. ئهو گوتی ساڵانە ٦٠٠ هەزار كەس ڕاپێچی زیندانەكان دهکرێن که ٢٠٠ هەزار كەس لەوان لە زینداندا دهمێننهوه. ههروهها تەڵاق و لێكترازانی ژیانه هاوبهشهکان له سەدی ٣٦ی تێپهڕیوهو سەدی ٦٠ی زیندانیانی وڵات ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆله سۆنگهی ماددەی هۆشبەرهوه گیراوهو ئیعتیاد به مادده هۆشبهرهکان هۆكاری سەدی ٥٠ی تەڵاقەكان له ئێرانه.
وەزیری نێوخۆی ئێران لە ڕاپۆرتەكەی خۆیدا هەروەها نەبوونی متمانەی گشتی لە نێو كۆمەڵگادا بە نیسبەت حاكمییەتو دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی بە هۆكاری دابەزینی كاریگەریی بەرنامە گەورەكانی ئەم وڵاتە ناو برد.
ڕاپۆرتی وەزیری نێوخۆی ئێران لە بارەی خەسارە كۆمەڵایەتییەكان لە حاڵێك دایە كە زۆربەی كارناسان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بێكاریو بارودۆخی ئابوورییان بە هۆكاری زۆربەی ئەم خەسارانە بە تایبەت ئیعتیاد و تەڵاق ڕاگەیاندووە. بەدوای چڕ بوونەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەكانو سیاسەتە پووڵییهکانی دەوڵەتی ئەحمەدینژاد، ئابووریی ئێران لەگەڵ گەشەی پێچهوانهو شكستی قورس بەرەوڕوو بۆوەو بێكاری لە زۆربەی ناوچەكانی ئێران له سنووری سهدی ٣٠ تێپهڕی.