رۆژی یەکشەممە، ١٦ ی جۆزهردان کۆری پرسەو سەرەخۆشی تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک حەمەرەسووڵ حەسەنپوور کە لە لایەن کۆمیتەی حیزب رێک خرابوو، بە بەشداری ئەندامانی، لایەنگرانی و دۆستانی حیزبی دیموکڕات بەرێوەچوو.
لهو کۆرهدا پەیامی سەرەخۆشی حیزب لە لایەن بەرێز مەحبوب رەحیمی ئەندامی بەرێوەبەری کۆمیتەی نۆروێژ خوێندرایەوە، لە پەیامەکەدا وێرای سەرەخۆشی لە حیزبی دێموکرات، بنەماڵەو دۆستانی کۆچکردوو، بەڵێن نوێ کرایەوە کە تا وەدیهێنانی ئامانجی بەرزی شەهیدان درێژەدەری ڕیگایان بین.
دواتر ژیاننامەی کۆچکردوو کە لەلایەن کاک حەمەرەسووڵ کەریمی هاورێی رۆژە سەختەکانی بەرێز حەسەنپوورەوە نوسرابوو، لە لایەن بەرێز هاشم رۆستەمی پێشکەش بە بەشداربوان کرا و بەرێز سۆران شێرزاد بە شێعرێکی شۆرشگێری هەستی خۆی بۆ لەدەستدانی کۆچکردوو دەربری.
لە کۆتایی کۆرەکەدا سپاسنامەی بنەماڵەی کاک حەمەرەسووڵ حەسەنپوور لە لایەن ژیلوان حەسەنپوورەوە خوێندرایەوە.
جێگای ئاماژەپێکردنە کە لە کۆرەکەدا یادی نەمر مەلا خدر دۆڵەگەرمی ئەندامی رێبەری پێشووی حیزبی دێموکرات کرایەوە کە لە جۆزهردانی ساڵی ٨٧ بە هۆی نەخۆشی لە نۆروێژ کۆچی دوایی کردبوو.