بە كوژرانی ٩ ئەندامی دیكەی ئێرانیو ئەفغانی لە شەڕی سووریە، ژمارەی كوژراوانی نیزامیی كۆماری ئیسلامی لە ماوەی یەك مانگی ڕابردوودا لە ٥٠ كەس تێپەڕی.
هەواڵدەریی فارس، سەر بە سپای پاسداران باسی لە كوژرانی یەكێکی دیكە لە فەرماندەكانی سپا لە سووریە كردوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە جەهانگیر جەعفەرینیا فەرماندەی گوردانی تەكاوەرانی لەشكری عەمەلیاتی ١٦ی سپای قودس كە هەواڵدەرییە حكوومییەكان وەك “سەردار” ناویان هێناوە، وێڕای پاسدارێكی دی بەناوی محەممەد زلقی لە گوردانی عەمار لە تیپی پیادە ناسراو بە مێهدی لە سووریە كوژراون.
دەگوترێ پاسدار جەهانگیر جەعفەری نیا لە ڕەوتی شەڕو پێكدادنەكانی نەبلو ئەلزەهرا لە لایەن شەڕكەرەكانی سووریەوە بریندار ببوو و پاش تێپەڕاندنی دەورەی دەرمان و چارەسەری پزیشكی، بۆ جارێكی دیكەش بەڕێی سووریە كرا و ڕۆژی شەممە تێداچوو.
كاربەدەستانی سپای پاسداران دەڵێن لە سەرەتای دەستێوەردانی شەڕی نێوخۆیی سووریە تا ئێستا تەنیا ١٣٠٠ كەس لە هێزە چەكدارەكانی ئێران لە سپاو ئەرتەشەوە كوژراون، بەڵام ئۆپۆزیسیۆنی سووریە دەڵێ ڕێژەی كوژراوەكانی ئێران زۆر زیاتر لەم ئامارەیە كە ڕایانگەیاندووە.