سەرۆكی ڕێكخراوی زیندانەكان ئاماری گشتیی بەندكراوانی ئێرانی بە زیاتر لە ٢٢٠ هەزار كەس ڕاگەیاندوەو دەڵێ لە ئێستادا زیندانەكانی ئێران سێ هێندەی بارستایی خۆی خەڵکیان تێخزێندراوە.
ئەسغەر جیهانگیر ڕۆژی ڕابردوو بە هەواڵدەریی دەنگو ڕەنگی كۆماری ئیسلامیی ڕاگەیاند زەرفییەتی ئەسڵیی بەندیخانەكانی ئێران بۆ ٨٥ هەزار كەس دادنراوە، بەڵام ئێستا زیاتر لە ٢٢٠ هەزار كەس لە بەندیخانەكانی ئێراندا بەند كراون.
بە قسەی جیهانگیری، ئێران لە ساڵی ١٣٩٣ دا زیاتر لە ٦٠٠ هەزار بەندكراوی بووە كە لە ساڵی ٩٤ نزیك بە ١٥٠ هەزار كەسی لێ كەم بۆوە، یانی ئێران بەگشتی ئێستا ٤٥٠ هەزار بەندكراوی هەیە كە تەنیا ٢٢٠ هەزار بەندكراوی لە زیندانەكاندا دەمێننەوە.
سەرۆكی ڕێكخراوی زیندانەكان هیوای ئەوەی خواستوە بە پێداچوونەوە بە قانوونو بەكارهێنانی سزاكانی جێگرەوە ئاماری زیندانەكان لە ئێران بەرەو کەمی بڕوا.
كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەرنامەی جۆراوجۆریان بە مەبەستی دابەزینی حەشیمەتی بەندیخانەكان لە دەستوری كاری خۆیان داناوە بەڵام زۆربەی ئەم بەرنامانە سەركەوتوو نەبوون.












