داوای کۆمەڵێک لە چالاکانی نێوخۆی کوردستان داوایان لە خەڵکی کوردستان کردوە بۆ پشتگیری لە محەممەد سدیق کەبودوەند خۆپیشاندانی هێمنانە وەرێ بخەن.
لە بەشێکی ئەو داوانامەیەدا هاتوە کە محەممەد سدیق کەبوودوەند، سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕەوە بەنیشانەی دەربڕینی ناڕەزایی سەبارەت بە پەروەندەسازی نوێی دەزگای قەزایی ئێران لەمەڕ زیادکردنی ماوەی زیندانییەکەی، مانی لە خواردن گرتووە و ئێستا لە بارودۆخێکی مەترسیدار دایە و پێویستی بە پشتیوانیی هەموومانە.
لە درێژەی داوانامەکەدا هاتوە کە داوا لە هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەرو مافدۆستی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانەوە دەکەین وەکوو ئەرکێکی نەتەوەیی و ئینسانی، بە نیشانەی دەربڕینی پشتیوانی خۆیان لە کاک سدیق، بە وێنەی کەبودوەندەوە لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکانی کوردستاندا لە ئیلامی سەربەرزەوە هەتا سەڵماس ڕێپێوانێکی هێمنانە و ئاشتیانە بەڕێوە ببەن.
ئەو کۆمەڵە چالاکە سەعات ٦ ی ئێوارەی سبەی یەکشەممە، ١٦ ی جۆزەردانیان بۆ ئەو خۆپیشاندانە دیاری کردوەو شوێنی کۆبوونەوەو خۆپیشاندانەکانیش شەقامی سەرەکیی شارەکانی کوردستان ڕاگەیەندراوە.