گرووپی كاری دەستبەسەركرانە سەرەڕۆیانەكانی سهر به ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە كۆماری ئیسلامیی ئێران كردوە كە بەپەلە زێنەب جەلالیان ئازاد بكاو بەپێی ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەكانو بەبێ خۆگنخاندن، هەوڵی پێویست بۆ قەرەبوو كردنەوەی ئەم زیانانەی پێیان گەیاندووە بدرێ.
زێنەب جەلالیان چالاكی سیاسیی كورد، تاقە زیندانیی سیاسیی ژنی مەحكووم بە زیندانی ئهبهد لە ئێرانە.
لەم حوكمەدا كە لە لایەن كارگرووپی دەستبەسەرکردنه سەرەڕۆیانەكانی سهر به ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەركراوە، زەوتكرانی ئازادی لە زێنەب جەلالیان، هەوڵێكی تەواو سەرەڕۆیانەو بەپێچەوانەی ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەكانی مرۆڤو بەڵێننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی ـ سیاسییەكان ڕاگەیەندراوە.
لەم بڕیارهدا كۆماری ئیسلامی ئەركدار كراوە تا لە ڕێگەی قانوونەوە ڕووبەڕووی ئەم كەسانە بێتەوە كە مافەكانی ئەم چالاكە سیاسییە كوردەیان ژێر پێ ناوە.
ئەم حوكمە لە ڕەوتی پێڕاگەیشتن بە سكاڵانامەیەك هاتۆتە ئاراوە كە مانگی ڕەشەممەی ١٣٩٤ لە لایەن ڕێكخراوە عیداڵەت بۆ ئێران و ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی قەرەبوو كردنەوە، لە بابەت دەستبەسەر كرانو گرتنی ئەم چالاكە سیاسییە كوردە تۆمار كراوە.
زێنەب جەلایلیان لە ڕێكەوتی ٢٠ی ڕەشەممەی ١٣٨٦، لە تەمەنی ٢٥ساڵی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات لە كرماشان دەستبەسەر كراو لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨، لە لقی ١ی دادگای شۆڕش لە كرماشان بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا لە ڕێگەی ئەندامەتی لە پژاك، لە دادگایەكی چەند خولەكی و نائاشكرا، تەنانەت بەبێ ئامادە بوونی پارێزەر حوكمی ئێعدامی بەسەردا سەپا و ئەم حوكمە لە لایەن دیوانی بەرزی وڵات پشتڕاست كرایەوە و پێی ڕاگەیەندرا.