ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەكدا لە ژێر ناوی گیانی ڕۆژنامەنووسی بە هەڵە بەندكراوی كورد لە ئێران بە موو بەندە”، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە بارودۆخی محەممەدسەدیق كەبوودوەند ڕایگەیاندوه گیانی ئەم ڕۆژنامەنووسە كوردە لەبەردەستی كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دایە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە كە كەبوودوەند بە هۆی نزیك بە مانگێك مانگرتن لە خواردن بارودۆخی بە هۆی نەخۆشییەوە زۆر نالەبارەو مەترسی مردنی لەسەرە. لەم بەیاننامەیەدا جۆن لینچ، جێگری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستو باكووری ئافریقا لە ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادكرانی خێراو بێمەرجی محەممەد سەدیق كەبوودوەندی كردوە.
جۆن لینچ، جێگری بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستو باكووری ئافریقا لە ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی گوتی، محەممەد سەدیق كەبوودوەند بە هۆی چالاكی قانوونیی مافی مرۆڤو ڕۆژنامەنووسی نزیك بە ١٠ ساڵه زیندانی كراوە. ئەمە لە حاڵێك دایە كە كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی لە حاڵی دروستكردنی پەروەندەیەكی نوێ لە بەرەبەری ئازاد كرانی ناوبراودان. ئەمە بەم مانایەیە كە كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی لێی دەترسێنو هەر بۆیە لە هەوڵی ئەوەدان كە لە زینداندا ڕایبگرن.
لە درێژەی ئەم بەیاننامەیەدا وێڕای ئاماژە بە بارودۆخی خراپی جەستەیی، گیروگرفتی گورچیەلەكانیو دڵی ئەم بەندكراوە لە بەر مانگرتن لە خواردن هاتوه که فشارهێنان بۆ گەڕاندنەوەی بۆ نێو زیندان بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا كاربەدەستانی نەخۆشخانە لە هەمبەر داواكانیان خۆیان ڕاگرتوە.
لینچ هەروەها پێداگریی كردوە كە كاربەدەستان نابێ بە گیانی ڕۆژنامەنووسێ یاری نەكەن. ئهوان لهسهریانه که دهسبهجێ ناوبراو ئازاد بکهن.
ئەم كاربەدەستەی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە كۆتاییدا پشتڕاستی كردەوە كە بەرپرسانی ئێرانی پێش ئەوەی كە تراژیدیایەكی تاڵ بۆ محەممەد سەدیق كەبوودوەند، بنەماڵەی ناوبراوو گەورەتر لەوەش لە كۆمەڵگەی مافی مرۆڤ لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران ڕوو بدا، كۆتایی بە ئەم ناعەداڵەتیان بێنن. ناوبراو لە سەرەتاوە نەدەبا بەندكراباو كاربەدەستانی ئێران دەبێ دهسبهجێ ئازادی بكەن.











