ئەولەڤیەتی هەموو هەوڵەو تەقەللا پزیشكییەكان دوای تێکچوونی بارودۆخی محەممەد سەدیق كەبوودوەند لە بیست و پێنجەمین ڕۆژی مانگرتنیدا ڕێگری لە سەكتەی دڵی ناوبراوه که بەهۆی دابەزینی پۆتاسیۆمی خوێن مهترسیی له سهر دروست کردوه.
ئەو ههوڵهی پزیشکان له حاڵێک دایه که تا ئێستاش كاربەدەستانی دهزگای قهزایی هیچ وهڵامێکیان به داواكانی كەبوودوەند نەداوەتهوه.
بارودۆخی جەستەیی محەممەدسەدیق كەبوودوەند، ڕۆژنامەنووسی بەندكراوی کورد لە بەندی ٣٥٠ی زیندانی ئێڤین كە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین به بارودۆخی خۆیو كرانەوەی پەروەندەی نوێ لە دژی، لە ڕێكەوتی ١٩ی بانەمەڕەوە مانی لە خواردن گرتووە یەكجار شپرزیەیەو مەترسیی وەستانی دڵی لەسەرە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی كەبوودوەند وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە گوتی تا ئێستاش كاربەدەستانی پێوەندیدار هیچ وڵامێكیان بە داواكانی ئەو نەداوەتەوەو بنەماڵەكەشی زۆر نیگەرانی بارودۆخی سڵامەتیی ئەو و خەمساردی كاربەدەستانن.
محەممەدسەدیق كەبوودوەند لە ڕێكەوتی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٦ دەستبەسەرو زیندانی كراوە. ناوبراو لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە تۆمەتی هەوڵدان بەدژی ئەمنیەتی میللی لە ڕێگەی دامەزراندنو بەڕێوەبردنی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، حوكمی ١٠ ساڵ زیندانو لە بابەت پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی كۆماری ئیسلامی حوكمی ١ ساڵ زیندانو سەرجەم ١١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
محەممەدسەدیق كەبوودوەند لە بەندی ٣٥٠ی زیندانی ئێڤین بەند كراوەو ئێستا پاش25 ڕۆژ مانگرتن لە خواردن، بەهۆی خراپبوونی بارودۆخی جەستەیی لە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی تاران كەوتووە.











