شۆفیری سێ ئۆتۆمبێلی خەڵكی سەقزو بۆكان بەهۆی ڕووداوخوڵقێنیی هێزە ئینتزامییەكانی سەقز گیانیان له دهست دا.
شەوی شەممە ڕێكەوتی ٨ی جۆزەردان هێزە ئینتزامییەكانی سەقز لە كەمینێكدا كە لە نێوان جادەی سەقز ـ بۆكان و “كوچك خواروو” نابوویانەوە، سەری سەعات٩ی شەو ئۆتۆمبێلێكی سەمەندیان وەبەر ڕەگباری گوللەدا كە لە شاری سەقزەوە بەرەو بۆكان دەڕۆیشت.
ئهم ئۆتۆمبێلە لە ڕێگەی خۆی لایداو لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكی پێژۆ و تاكسی تەلەفوونییەك كە لە بەرامبەرییەوە بەرەو بۆكان وەڕێ كەوتبوون خۆیان بە یەكتر داداو لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا شۆفێری هەر سێ ماشێنەكان بە توندی بریندار بوون، بەڵام بارودۆخی ئەبووبەكر كەریمی شۆفیری تاكسی تەلەفوونییەكە لەوانی دیكە شپرزەتر بووە، بۆیه پاش ماوهیهک گیانی له دهست دا.
ئەبووبەكر كەریمی خەڵكی ئاوایی ئاڵبڵاغ سەر بە شاری بۆكان، خێزاندارو باوكی ٦ منداڵ بووەو لە ڕێگەی شۆفیری كردنی ئەم تاكسی تەلەفوونییەوە بژێوی ژیانی ماڵو منداڵەكانی دابین دەكرد. دوو كەسەكەی دیكەش خەڵكی سەقز و بۆكان بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی حەشیمەتی چالاكانی مافەكانی مرۆڤی كوردستان، پاش ئەم ڕووداوە هێزە ئینتزامییەكان به پهله ئەم شوێنەیان بەجێ هێشتووەو چونكی ئەم ئۆتۆمبێلانە لەكار كەوتبوونو لەم كاتەی شەویشدا هاتوچۆ كردنی ئۆتۆمبێلەكانی دیكە یەكجار كەم بووە، لە ئەنجامدا پاش چەندین كاتژمێر كە خەڵك بەم ڕووداوە دەزانن و لەو شوێنە كۆ دەبنەوە، پاش گواستنەوەی تەرمی ئەبووبەكر ڕەحمانی و گەیاندنی دوو شۆفیرەكەی دیكە بۆ نەخۆشخانەی سەقز، بەڵام ئەوانیش لهوێ گیان لە دەست دەدەن.
دوای ئهو ڕووداوه بنەماڵەی ئەم شۆفیرانە بۆ شكایەت له هێزە ئەمنیەتییەكان، سەردانی دەفتەری هێزە ئینتزامییەكان دەكەن، بهڵام ئهوان بە بیانووی ئەوەی كە ئەم كەمینەی ئەوان بە مەبەستی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ قاچاغچییهکان بووە وەك هەمیشە باری ئەم تاوانەش وە ئەستۆ ناگرن و تا ئێستا كاربەدەستانی ئەمنیەتی و ئینتزامی ئامادە نەبوون ناوی ئەم مەئموورە تاوانبارانە ئاشكرا بكەن.
شایانی باسە لە ڕابردووشدا یەكێكی دیكە لە مەشموورە ئینتزامییەكانی سەقز تەقەی لە ماشێنێكی جیپ كردبوو و بەهۆی لادانی ئەم جیپە لە ڕێگەی خۆی، لەگەڵ مینی بووسێك تووشی خۆپێكدادان دەبن كە ئەم مینی بووسەش لە ڕێگەی سەقز ـ بۆكان دابوو. ئەم ڕووداوەش بوو بە هۆی كوژرانی شۆفیری جیپەكە و ٨ مسافیری مینی بووسەكەش گیانیان لە دەستدا كە هەموویان خەڵكی شاری بۆكان بوون. بەڵام تا ئێستاش سەبارەت بەم كردەوە دزێو و نامرۆڤانەیەی مەئموورە ئینتزامییەكان هیچ پەروەندەیەك لە دادگا نەكراوەتەوە، ئەوە لە حاڵێك دایە كە +بنەماڵەی ئەم قوربانییانە چەندین جار لە لای دادگا بەدژی ئەم جینایەتە سكاڵایان بەرز كردۆتەوە.