لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دژ بە سەردانی جهواد زهریف، وهزیری دهرهوهی ئێران بۆ فینلاند ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ڕۆژی سێشەممە، ١١ ی جۆزهردان (٣١ی مای ٢٠١٦) محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانانو سەرۆکی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە، گەیشتە وڵاتی فینلاند. له دژی ئهو سەردانو بانگهێشت کردنەش، کوردانی نیشتەجێی وڵاتی فینلاند ئاکسیۆنو خۆپێشاندانیان وەڕێخست.
خۆپێشاندانهکه پێش نیوهڕۆ لە شاری هێلسینکی، لە بەردەم بینای مارینا کۆنگرێس سەنتەر و سکاندیک هۆتێل، شوێنی دانوستانی نێوان وەفدەکانی دوو وڵات، بهڕێوهچوو. خۆپێشاندەران بە هەڵگرتنی پلاکاردو وێنەوی زیندانیانی سیاسیو دروشمی مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی، مەرگ بۆ تیرۆریست، ئازادی بۆ کوردستان، ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسیو مەدەنی، نا بۆ ئیعدامو ئازادی بۆ محەممەد سەدیقی کەبوودوەند؛ ناڕەزایەتی خۆیان دژ بە بانگهێشتی دەوڵەتی فینلاند لە شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی.
لەم ئاکسیۆنەدا عەزیز شێخانی بابەتێکی بە زمانی فینلاندی لەم بارەوە پێشکەش کردو دواتر بڕیارنامەی خۆپێشاندەران بە زمانی کوردی لە لایەن شوانە ڕزگەیی خوێندرایەوە. پاشان هەمان بڕیارنامە بە زمانەکانی فینلاندی لە لایەن شنە رەزابیو بە زمانی فارسی لە لایەن بورهان دیوارگەر خوێندرانەوە.
خۆپێشاندەران لە درێژەی ناڕەزایەتییو خۆپێشاندانی خۆیان بە دەم گوتنەوەی دروشمی دژ بە کۆماری ئیسلامیو ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسیو مەدەنی، بەرەو بینای وەزارەتی دەرەوەی فینلاند رێگایان پێوا تا بە کۆبوونەوە لە بەردەم بینای وەزارەتی دەرەوە، پشتیوانی خۆیان بۆ پەیامی لێژنەی لایەنەکانی رۆژهەڵات دەرببڕن کە رۆژی ڕابردوو بە مەبەستی گەیاندنی نارەزایەتی لە حاند بانگهێشتی دەوڵەتی فینلاند لە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیو دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستانو ئێران روونکردنەوەیان بە لایەنی فینلاندی دابوو.
لە بەردەم وەزارەتی دەرەوە شنە رەزابی راپۆرتی دیداری رۆژی رابردووی لێژنەی لایەنەکانی رۆژهەڵات لە گەڵ نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی فینلاندی بە ئاگاداریی بەشداران گەیاندو دواتر رێکخەرانی نارەزایەتی کە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کومونیستی ئێران و حیزبی حیکمەتیست پێکهاتبوون، سپاسی بەشداریی بەشدارانی خۆپێشاندانیان کرد کە سەرەڕای رۆژ و سەعاتی کاری لە وڵاتی فینلاند، توانیبوویان بەشداری ئەم ئاکسیۆن و ناڕەزایەتیە بن.
لە پەڕاوێزی ئەم ئاکسیۆنەدا دەیان وێنە لە نامەی خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لهبارهی دۆخی نالەباری محەممەد سەدیقی کەبوودوەند، سەرۆکی بەندکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، بۆ کۆڕو کۆمهڵه جیهانییهکانی داکۆکی له مافی مرۆڤی ناردوە، لە لایەن ئەندامانی حیزب کە لەو رێپێوانەدا بەشدار بوون، بە نێو ڕێبوارانی فینلاندیدا بڵاو کرایەوە.