نوێنەرانی چوار لایەنی رۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فینلاندیان کرد تا ئەم وڵاتە بەر لە هاتنی وەزیری دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان وشیار بکەنەوە.
نوێنەرانی لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن خاتوو “کیرسیکا لێهتۆ ئاسیکاینێن”، بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باکووری ئەفریقای وەزارەتی دەرەوەی فینلاندەوە پێشوازیان لێ کرا.
سارا ئیبراهیمی، بەرپرسی بەشی پێوەندیەکانی کۆمیتەی فینلاندی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە یەک لە ئەندامانی لێژنەکە بوو، لەبارەی ناوەرۆکی دیدارەکە ئاشکرای کرد کە لایەنەکانی رۆژهەڵات نامەیەکی ناڕەزایەتییان دا بە لایەنی خانەخوێو سەبارەت بە دۆخی خراپی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان روونکردنەوەیان دا. لەوانە سەپاندنی دۆخی ئەمنیەتی لە سەر کوردستان بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی، بڵاوکردنەوەو پەرەپێدانی مادە هۆشبەرەکان لە لایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانی ئەو رێژیمە بە نێو لاوانی کوردستاندا، گرتن، ئەشکەنجە و ئیعدامی چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد و دۆخی نالەباری ژنان. لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی باسیان لە وەزعی سەرۆکی بەندکراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی دا کرد کە دوای ٩ ساڵ بەندکران، لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری مەئمورانی رێژیم و دۆخی خراپی زیندان لە گەڵ کۆمەڵێک نەخۆشی بەرەوڕوو بۆتەوە. بەو حاڵەش دەزگا ئەمنیەتی و قەزاییەکانی کۆماری ئیسلامی هەروا خەریکی پیلان داڕشتن و کردنەوەی دۆسیەی تر دژی محەممەد سەدیقی کەبوودوەندن بە مەبەستی هەرچی زیاتر درێژ کردنەوەی ماوەی بەندکرانی.
بەرپرسی کەیسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە وەزارەتی دەرەوەی فینلاند بەڵێنی دا کە بابەتی مافی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت کەیسی کەبودوەند، سەرۆکی بەندکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان یەک لە باسەکانی دیداری نێوان وەزارەتی دەرەوەی فینلاند لە گەڵ محەممەد جەوادی زەریف دەبێ.
محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە، ١١ی جۆزەردان گەیشتە وڵاتی فینلاندو بڕیارە لە گەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆ بێتەوە. هاوکات هەر ئەمڕۆ لایەنە سیاسیەکانی کوردستانو ئێران خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتیان سەبارەت بە پێشێلکاریە سیستماتیکەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەر خەڵکی کوردستان و سەرانسەری ئێران وەڕێخستوەو لەم خۆپێشاندانەدا هاوکات داکۆکی لە خواستەکانی محەممەد سەدیقی کەبوودوەند، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دەکەن کە ماوەی ٢٣ رۆژە مانی لە خواردن گرتوە.
شیاوی ئاماژەیە کە وێنەیەک لە نامەی سەرئاوەڵای رێزدار خالیدی عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە دۆخی نالەبارو مەترسیی گیانی لە سەر محەممەد سەدیقی کەبوودوەند، لە لایەن بەشی پێوەندیەکانی کۆمیتەی فینلاندی حیزبی دێموکراتی کوردستان رادەستی وەزارەتی دەرەوەی فینلاند کرا.