قوتابیانی شیناوێ داوایان کردبوو تەنیا ١٠ دەقە چاویان بە سەرکۆمار بکەوێ، بەڵام رێیان لێگیرا.
باوكی سیما مرادی، یەكێك لە قوتابییە سوتاوەکانی شیناوێ بە هۆی هاوكارینەكردنی فەرمانداری پیرانشارو پارێزگاری ورمێ بۆ دیاریكردنی ١٠ دەقە چاوپێكەوتن لەگەڵ سەركۆمار، حەسەن ڕۆحانی كە سەردانی ئەم پارێزگایەی کردبوو، ڕەخنەی توندی لە کاربەدەستان گرت.
جەلال مرادی، باوكی سیما گوتی بەداخەوە وادەو بەڵێنییەكانی وەزیری بێهداشتو سەرۆكی ڕێكخراوی بەڕێوەبەرییو پلاندانانی ئێران، بۆ پێدانی مووچەی یەك میلیۆنو ٢٠٠ هەزار تمەن بە قوربانیانی ئەو ڕووداوەو پەلەکردن لە ڕەوتی چارەسەریان نەهاتەدی. هەروەها لەبارەی دەرمانكردنیشیان كە قەراربوو ئەو كچانەی لە ئێران چارەسەر ناكرێن بۆ دەرەوەی وڵات بنێردرێن، بەڵام هیچ كام لەم وادەو بەڵێنیانە جێبەجێ نەكران.
باوكی ئەم قوتابییەی شیناوێ لە درێژەدا دەڵێ، بەداخەوە بوودجەی ٨ میلیارد تمەنی كە لە لایەن ڕێكخراوی مودیرییەتو پلاندانان بۆ سنددوقی بیمەی كۆمەڵایەتیی جووتیاران، گوندنشینانو عەشایر تەرخان كرا تا لەم ڕێگەوە بەرنامەی دەوڵەت بۆ پشتیوانی كردن لەم قوتابییانە جێبەجێ بكرێ، بە باشی بە قوتابیان و بنەماڵەكانیان نادرێ.
مرادی لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بە دیداری ئەم دواییانەی وەزیری بێهداشت لەگەڵ قوتابیانی شیناوێ كردوە و گوتوویەتی: وەزیری بێهداشت لە سەردانی خۆی بە بۆنەی جێژنەوە بەڵێنی پێ داین كە باشترین ئیمكانات بۆ ئەم منداڵانە دابین بكا، بەڵام پاش ئەم دیدارە كە سەردانی نەخۆشخانەی “مۆحیبیی كەوسەر”مان كرد گوتیان زانكۆی زانستە پزیشكییەكان بە ئێمە قەرزدارەو، هەر بۆیە ڕەوتی دەرمانو چارەسەری ئەم قوتابییانە زۆر بە خاوی دەچێتە پێشێ.
جێی بیرهێنانەوەیە کە مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩١ لە ڕووداوی ئاگركەوتنەوە لە قوتابخانەی كچانەی ئاوایی شیناوێ، 29 قوتابیی کچ لەم ئاگرە بێ ئامانەدا سووتانو دوو كەس لەوان بە ناوەكانی ساریا ڕەسووڵزادە و سەیران یەگانە بەهۆی قووڵی برینەكانیان گیانیان لە دەست دا.