هێزی ئینتزامی ورمێ لە بەرەبەری سەفەری حەسەن ڕووحانی بۆ ئەم شارە، دووكانی كۆمەڵێك لەم هاووڵاتییە بەهاییانەی پلۆمپ كردوە كە بە بۆنەی جێژنە ئایینییەكانی خۆیان دووكانەكانیان داخستبوو.
حەسەن ڕووحانی بەر لە هەڵبژاردنەكان لە کاتی سەفەر بۆ ورمێ باسی لە یەكسانیی مافەكانی خهڵک ورمێ به ههموو پێکهاتهکانی لە نەتەوەو ئایینە جۆراوجۆرەكانی كردبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی كوردستانو كورد، فەرەیدوون ئەغسانی ٨١ ساڵەو كوڕەكەی فەردین ئەغسانی ٢ كەس لە خهڵکی بەهایی شاری ورمێن كە دووكانەكانیان پلۆمپ كراوە. پێشتریش ئیدارەی ئەماكینی كۆماری ئیسلامی لە بابۆلسەر ڕایگەیاندبوو بەهاییەكان مافی ئەوەیان نییە كە لە ماوەی ڕۆژانی جێژنی ئایینیی خۆیاندا دووكانەكانیان دابخەن.
كۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی “ئازادیی ئایینی” لە ئامریكا، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی بانەمەڕ ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لە بابەت بارودۆخی ئازادیی ئایینی لە وڵاتە جۆربەجۆرەكان بڵاو كردەوە. لەم ڕاپۆرتەدا، ناوی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرووی پێشێلكارانی ئازادییە ئاییەنییەكاندا هاتبوو. لەم ڕاپۆرتهدا پێداگری لەسەر ئەوە كراوە كە لە ساڵی ٢٠١٥شدا ئەزیەتو ئازارو بەرتەسك كرانەوەی لەڕادەبەدەر بەدژی موسوڵمانانی سووننی مەزهەب، مسیحی و بەهاییەكان لە ئارادا بووە.