کومیتەی بەڕێوەبەریی یادی سی ساڵەی شەهیدانی میکۆنۆس بانگەوازێکی ڕوو لە خەڵکی کوردستان، ئازادیخوازان، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران، ڕووناکبیران، کەسایەتییەکان، هونەرمەندان، ڕۆژنامەوانان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بڵاو کردەوە.
دەقی بانگەوازەکە بەم چەشنەیە:
بانگەواز:
کۆمەڵانی تێکۆشەری کوردستان!
ئازادیخوازان، حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران!
ڕووناکبیران، کەسایەتییە تێکۆشەرەکان، هونەرمەندان، ڕۆژنامەوانان!
ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
لە ١٧ی سێپتامبری ساڵی ٢٠٢٢دا، سی ساڵ بەسەر کردەوە جینایەتکارانەکەی کۆماری تیرۆریستیی ئیسلامیی ئێران لە میکۆنۆس تێدەپەڕێ. لەو ڕۆژەدا هەیئەتی ڕێبەریی حیزبەکەمان، کە بەمەبەستی پتەوکردنی هەرچی زیاتری پێوەندیی نێوان ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و جووڵانەوەی ڕەوای گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانیشتنێکی دۆستانە لە دیالۆگدا بوون، لەلایەن تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرانە ئامانج و شەهید کران.
لە ٢٦ی خەرماناندا، کاک دوکتور سادق شەرەفکەندی، جێینشینی بەرحەقی شەهید دوکتور قاسملوو، کەسایەتیی بەرزی سیاسی و ئاکادێمێک و سکرتێری گشتیی حیزبەمان و هاوڕێکانی شەهید کران و گیانی بەنرخیان فیدای ڕێبازی حیزبەکەیان کە ئازادیی کورد و کوردستان بوو، کرد.
ئامانج و رێبازێک کە کۆمەڵانی ستەمدیدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت لاوان و گەنجانی ئەو نەتەوەیە سات بە سات بە فیداکردنی گیانی خۆیان بۆ مسۆگەرکردنی گیانبازانەتر دێنە مەیدانی خەبات و بە دووپاتکردنی بەڵێنی ”نەسرەوتن تا سەرکەوتن” بە گرتنەبەری خەباتێکی فرەڕەهەند رێبازی شەهیدانی سەربەرزیان پڕڕیبۆارتر دەکەن.
ڕێبواران و قوتابییانی بەئەمەگی ڕێبەرانی شەهید و سەرجەم شەهیدانی سوورخەڵاتی ڕیگەی ئازادی و سەرفەرازی کورد، لە کاتژمێر ١٠:٣٠ی پێشنیوەڕۆی ٢٦ی خەرمانانی ئەمساڵ (١٧ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زایینی)دا، لە سی ساڵەی شەهیدکرانی شەهیدان کاک د. سەعید شەرەفکەندی “سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران”، کاک فەتاح عەبدولی “ئەندامی کومیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات”، کاک هومایون ئەردەڵان “نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئاڵمان” و کاک نووری دێهکوردی “کەسایەتیی سیاسیی ئێرانی و دۆستی حیزبی دێموکرات” لە بێرلین”ی پێتەختی وڵاتی ئاڵمان” لە گۆڕەپانی ADENAUERPLATZ کۆدەبینەوە و بە ڕێپێوانی جەماوەری بەرەو مۆنۆمێنتی شەهیدان بەڕێ دەکەوین.
بەمەبەستی بەشداری لەو ڕێوڕەسمە تایبەتەدا و بەرەنگاربوونەوەی هەرچی لێبڕاوانەتر دژی تیرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبەرانی شەهیدمان و بەتایبەتیش شەهیدانی میکۆنۆس، تەشکیلاتی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، بانگ لە هەموو ئازادیخوازان، حیزب و ڕێکخراوە دێموکراتیک و ئاشتیخوازەکانی کوردستان و ئێران، کەسایەتییەکان، ڕووناکبیران، میدیاکار و هونەرمەند و چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەکات، بەشداری بکەن و لە سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەدژی تیرۆریزمی حکوومەتی و رێژیمی دیکتاتۆر و تۆتالیتری کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانی بکەن.
کومیتەی بەڕێوەبەریی یادی سی ساڵەی شەهیدانی میکۆنۆس