ئەندامانی تەشكیلاتی نهێنیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە شاری مەهاباد لە پەیامێکدا وێڕای پیرۆزباییکردنی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات پاڵپشتی و ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێكردنی هەر ئەركێكی تەشكیلاتی لە نێوخۆ دەربڕیوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
سڵاوێکی گەرم
بەپێی ئەزموونی ١٦ ساڵەی كار و چالاكییەكانی هەر دوو باڵی دێموكرات، بوێریی بڕیاردان بۆ یەكگرتنەوە، هەر لە كادر و ئەندامانی خاوەن ئیرادەی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەو حیزبە دەوەشێتەوە.
ئێمە ناڵێین هەردوو باڵی دێموكرات یەكیان گرتەوە بەڵكوو بڕوامان وایە لەم هەلومەرجەدا هەر دوو لایەنی دێموكرات بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی خەباتی نەتەوایەتیی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە خەسارەكانی ڕابردوودا ڕۆچوونەوە و لە بڕیارێكی بوێرانەدا وێڕای پێكەوەگرێدانی سەلیقە جیاوازەكان، خۆیان نۆژەن كردەوە.
ئێمە وەک ئەندامانی تەشكیلاتی نهێنیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لە شاری مەهاباد؛ وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ ئەو بڕیارە مێژووییەی یەكگرتنەوە و نوێكردنەوەی حیزبی دێموكرات، خۆمان بە پاڵپشتی تەواوی پرۆسەی یەكگرتنەوە دەزانین و ئامادەیی خۆمان بۆ جێبەجێكردنی هەر ئەركێكی تەشكیلاتی لە نێوخۆدا دەردەبڕین .
بەم بۆنەوە پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی سەرجەم بنەماڵەی پێشمەرگە و زیندانییانی سیاسی و بنەماڵەی شەهیدان دەكەین.
سەركەوێ خەباتی نەتەوایەتیی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە ڕێبەریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
بڕووخێ كۆماری داگیركەری ئیسلامی
۴ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی كوردی