لەگەڵ یەکلابوونەوەی سەفەری ڕوحانی بۆ پارێزگای ورمێ، ڕەخنە لە کارنامەی لاوازی ئابووریی سەرۆک کۆمار زیادی کردوە. هەروەها ڕەخنەکان لەسەر بێبەڵێنیی ناوبراو بە وادەکانی پێش هەڵبژاردنی زیاتر لە جاران دێنە گۆڕێ.
کاربەدەستانی پارێزگایش لەو قافڵەیە وەدوا نەکەوتوونو پێشنوێژی نوێژی هەینیی ورمێ لە خوتبەکانی ڕۆژی هەینیدا گوتی، پارێزگای ورمێ لە هەموو پێوەرەكانی گەشە وەدوا کەوتوە.
سەیدمێهدی قوڕەیشی لە قسەکانیدا گوتی ڕوحانی سەردانی ورمێ دەکاو خەڵك دەبێ گلەییو گازەندەی خۆیان بە هاتنی حەسەن ڕۆحانی دەرببڕنو لە هۆکارەکانی گەشەنەكردنو پشتگوێخستنی ئەم پارێزگایە بپرسن.
ناوبراو گوتی لە بواری فێركردنو پەروەردە ئەم پارێزگایە لە چاو پارێزگاكانی دیكەی ئێران هیچ گەشەیەكی بەخۆیەوە نەبینیوەو ئەم دواكەوتووییە شایانی خەڵکی ئەم پارێزگایە نییە.
هاوکات کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسیو مەدەنیی کوردیش لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا وادەو بەڵێنییەکانی ڕوحانی پێش هەڵبژاردنیان بیر هێناوەتەوەو داوایان لێکردوە دەروەستی بەڵێنەکانی بێ.