پێشمەرگەکانی شار لە مەهاباد بەبۆنەی جێژنی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی پیرۆزباییان ڕوو لە خەڵکی کوردستان و خەباتکارانی ڕێگای ڕزگاری بڵاو کردەوە.
لە پەیامی ئەواندا هاتووە:
دوو هەڵۆی ئاسمانی شینی ڕۆژهەڵات
دوو چرای ڕوون و گەشاوەی خۆرهەڵات
یەکگرتنتان مزگێنییە بۆ وڵات
یەکگرتنتان موژدەیەکە بۆ نەجات
تەرمی خوێنینی شەهیدانی خەبات
دایکی دڵخوێنی شەهیدانی وڵات
چاوەڕێی سەرکەوتن و یەکگرتنن
چاوەڕێی ڕزگاریی و ماف وەرگرتنن
ئێمە پێشمەرگەکانی نێوشاری مەهاباد بەبۆنەی ئەم جێژنە گەورەیە کە بە ڕاستی خەڵکی ڕۆژهەڵات تامەزرۆی ئەم هەواڵە دڵخۆشکەرە بوون، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، بنەماڵەی زیندانییانی خۆڕاگری سیاسی و هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین.
هیوادارین ئەم یەکگرتوویی و یەکڕیزییەی نێو ماڵی کورد و دێموکرات، ببێتە هەوێنی بەهێزی و بەتوانایی کە بەگژ داگیرکەرانی کوردستان و چڵکاوخۆران و جاشەکاندا بچینەوە. هەروەها ئامادەیی خۆمان بۆ بەڕێوەبردنی هەر جۆرە چالاکییەک نیشان دەدەین.