کۆمیته‌ی سوئیسی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له خۆپیشاندانێکدا که بۆ مه‌حکومکردنی په‌یماننامه‌ی سایکس_پیکۆ ڕێکخرابوو، به‌شداری کرد.
له‌و خۆپیشاندانه‌دا که ڕۆژی چوارشه‌ممه، ٥ ی جۆزه‌ردان‌و به ده‌ستپێشخه‌ریی یه‌کیه‌تیی دێمۆکراتی کوردی سووریه به‌ڕێوه‌چوو، داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌یمانی سایکس_پیکۆ کراو دروشمی سهربهخۆییو مافی دیاریکردنی چاره‌نووس بۆ کورده‌کان درا.
له‌و خۆپیشاندانه‌دا په‌یامی یه‌کیه‌تیی دێمۆکراتی کوردی سووریه له‌لایه‌ن هه‌واڵ شێخ مووس، به‌رپرسی ئه‌و ڕێکخراوه‌یه خوێندرایه‌وه‌و له بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی ئه‌و ئاکسیۆنه‌دا هه‌واڵ مامۆ وتارێکی له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی ڕێککه‌وتنی سایکس_ پیکۆ و دابه‌شکرانی ١٠٠ ساڵه کوردستان به‌سه‌ر چوار پارچه‌دا پێشکێش کرد.
له درێژه‌ی چالاکییه‌کانی ئه‌و ئاکسیۆنه‌دا په‌یامی کۆمیته‌ی سوئیسی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌لایه‌ن خاتوو مه‌ریه‌م ئه‌حمه‌دزاده‌وه خویندرایه‌وه.
له په‌یامی کۆمیته‌ی حیزب‌دا باس له خوێندنه‌وه‌ی حیزبی دێموکڕات بۆ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان‌و ، خه‌باتی بێوچانی حیزبی دێموکڕات بۆ دیاریکردنی مافی چاره‌نووسی کورد له ئێران کرابوو. له‌و په‌یامه‌دا تیشک خرابووه سه‌ر قوربانیدانی زۆری حیزبی دێموکڕات، وه‌ک پێشکێش‌کردنی زیاتر له ٥ هه‌زار شه‌هیدی سه‌نگه‌رو شه‌هیدکرانی سێ سکرتێری ئه‌و حیزبهوک هاوکات بهردهوامیو مانه‌وه‌ی له گۆڕه‌پانی خهباتو تێکۆشان‌دا.
شایانی باسه له نێوئاخنی به‌رنامه‌کانی ئه‌و خۆپیشاندانه‌دا کۆمه‌ڵێک شێعر‌و سروودی حه‌ماسی پێشکێش کران.