بەهۆی کێشەی نێوان خاوەنی ئەسڵیی پارکی فەرهەنگی پیرانشارو شارەوانیی ئەو شارە، پارکەکە لەلایەن خاوەنەکەیەوە تێکدرا.
برایانی مەلازادە، خاوەنانی زەوییەکانی ئەو پارکە لە کاتێکدا دەستیان بە ڕووخانو تێکدانی پارکەکە کردوە، کە رەئی دادگا بە قازانجی ئەوان بووەو، هەروەها لە سەرەتای زستانەوە بەڵگەی وەرگرتنەوەی زەوییەکانی بە شوڕای شارو شارەداریی پیرانشار دابوو، بەڵام لەلایەن ئەوانەوە هیچ هەوڵێک بۆ سازانو پێکهاتن لەگەڵ خاوەنانی ئەو زەوییە نەدراوە.
بەپێی زانیارییەکان شارەداری نرخی زەوییەکانی پارکی فەرهەنگی بە ٣ میلیاردو ١٠٠ میلیۆن تمەن قەبڵاندوەو قەرار بووە لە شوێنێکی دیکە بە پێدانی زەوی بەوەندە بایەخە کێشەکە کۆتایی پێبێ، بەڵام لایەنی دیکەی کێشەکە بەوەندە قەرەبووە ڕازی نییەو دەڵێ بایەخی زەوییەکانی ئەوان لەوەندە زیاترە.
شایانی باسە تێکدرانی پارکی فەرهەنگ لە پیرانشار لە حالێک دایە کە ئەو شارە بە پێی ستاندارد کەمترین فەزای سەوزی هەیەو ئەوەش زیاتر باری بەرپرسایەتیی ئەو کارە لە سەر شانی شارەداریو شوڕای شاری پیرانشار قورستر دەکا.