کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نامەیەکدا بۆ ئەلکساندر واندێبێلن، سەرکۆماری نوێی وڵاتی ئوتریش، پیرۆزبایی ئەو هەڵبژێرانەی لە بەڕێزیان کردوەو لە پێوەندی لەگەڵ تێرۆری دوکتور قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا چەند داوایەکی لێ کردوە.
ئەوەی خوارەوە دەقی نامەی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ ئەلکساندر واندێبێلن، سەرکۆماری تازە هەڵبژێردراوی وڵاتی ئوتریشە:
بەڕێز: ئەلكساندر واندێبێلن!
وێڕای سڵاو و ڕێز!
بە بۆنەی هەڵبژێرانت بە سەركۆماری ئۆتریش پیرۆزباییت لێدەكەم، بەڕێزتان لە وڵاتێك متمانەی زۆربەی كۆمەڵانی خەڵكت پێدراوە كە نزیك بە ٢٧ ساڵ پێش ئێستا لە ڕێكەوتی ١٣/٧/١٩٨٩ د. قاسملوو ڕێبەری حیزبی دێموكراتی كوردستان لە ڤییەن بە دەستی تیرۆریستەكانی كۆماری ئیسلامی تیرۆر كرا.
بەڕێز واندێبێلن؛ د. قاسملوو بۆ چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كوردی ئێران لە ڕێگای وتووێژ، وڵاتەكەی جەنابتی بۆ ئەو مەبەستە دیاری كرد. بەڵام بەداخەوە پەیامی ئاشتیی دوكتور قاسملوو بە گوللەی تیرۆریستانی كۆماری ئیسلامی وڵامی درایەوەو كاربەدەستانی ئەو كاتی ئۆتریش نەتەنیا تیرۆریستەكانی كۆماری ئیسلامییان ڕەوانەی ئێران كردەوە، بگرە هەرگیز نەیانهێشت كە دەزگای دادوەریی ئۆتریش بەدواداچوون بۆ ئەو پەروەندەیە بكا.
ئەگەر لە كاتی خۆیدا لێپرسینەوەو بەدواداچوون بۆ ڕووداوەكەی ڤییەن كرابا، بێ گومان كۆماری ئیسلامی وابە ئاسانی نەیدەتوانی تیرۆری میكۆنووس لە بێرلینو دەیان تیرۆری دیكە لە ئورووپاو وڵاتانی دیکەدا بکا.
بەڕێز ئەلكساندر واندێبێلن، بۆ ئێمەی كوردی ئێران و حیزبی دێموكرات ئەم كەیسە دانەخراوەو هەرگیز تەواو نەبووە، بۆیە ئەو چاوەڕوانییە لە جەنابەت هەیە كە بەدواداچوونو لێپرسینەوە لەو ڕووداوە دڵتەزێنە بكەی.
بە حورمەتەوە
خالید عەزیزی
سكرتێی گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستان
٢٥/ ٥/ ٢٠١٦